ناونیشان: ناکۆکییە ناوخۆییەکان پشتیووانییە دەرەکییەکان کەم دەکەنەوە
نووسەر: #ڕوەیدە مستەفا#
ڕۆژی دەرچوون: #29-07-2023#
کورد بۆ ماوەیەکی درێژ هەرێمی کوردستانی زیرەکانە وەک نموونەی گەشی ئێراقەکەی دیکە پیشاندا؛ ئێراقەکەی دیکە کە تێیدا ئازادی ڕادەربڕین گەشەی کرد، بەرژەوەندیی گشتی کاری لەپێشینە بوو و ناکۆکییە نێوخۆییەکان زیرەکانە چارەسەر دەکران یان دەشاردرانەوە. هۆکاری ئەو سەرکەوتنە دەگەڕایەوە بۆ ئەزموونی کەسیی خوالێخۆشبوو #جەلال تاڵەبانی#، سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و کاک #مەسعود بارزانی#، سەرۆکی #پارتی دیموکراتی کوردستان#. ئەوان بە چاوی خۆیان ئەو تراژیدی و سەرکەوتنانەیان بینیبوون لە خەباتی کوردستان بۆ گەیشتنە ئارامی و هەبوونی سەروەری. ئەوان لە ڕێگەی ئەو خەباتەوە لە بەهای ئەو دەستکەوتانە تێدەگەیشتن کە بەزەحمەت بەدەستهێندرابوون؛ بەڵام ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، وێنەیەکی جیاواز پیشان دەدات، چونکە هەرێمی کوردستان مانگ دوای مانگ، زیاتر پاشەکشە دەکات.
وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ڕکابەریی تووندی یەکتردان بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بکەن و پێشکەوتن لە هەموو بوارەکاندا بەدەستبهێنن، کەچی کورد لە قۆناخێکی سەرەتاییدا ماوەتەوە. ئەرکە سەرەتاییەکانی وەک ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا لە هەرێمی کوردستان، وەک ئاستەنگێک دەبینرێت کە نەهێشتنی ئاسان نییە. جێگەی نیگەرانییە تاوەکوو ئێستاش نەتوانراوە سیاسەتێکی بەهێزی کۆمەڵایەتی و چوارچێوەیەکی ئابووریی گشتگیر لە بوارە جیاوازەکاندا هەبێت.
نیگەرانی و تەنانەت توڕەییش لەنێو دۆستان و هاوپەیمانانی کورد لەزیادبووندایە و ئەو دەنگانەش بەرزتر دەبن کە نیگەرانی خۆیان لە قوربانی و زیانی کەڵەکەبوو دەردەبڕن، بەهۆی خراپیی پەیوەندی نێوان پارتە دەسەڵاتدارەکان. ئەم نیگەرانییانە بە هۆشیارییەوە دەربڕاون و گەیێندراون، بەڵام وادیارە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گوێیان پێنەداون. تارمایی هەڕەشەی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ئاسۆدا دەبینرێت و وادیارە بەریتانیا و ئەمریکاش، کە سەردەمانێک پاڵەوانی نموونەیی بەهێزکردنی دیموکراسی و ئازادی بوون لە هەرێمی کوردستان، چیدیکە مەیلی ئەوەیان نییە زیاتر لەوە بچنە نێو ئەو ململانێیانەوە و هەوڵی زیاتر بۆ کۆتایی پێهێنانیان بدەن.
پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی پارتە دەسەڵاتدارەکان گوێنادەنە ئەو نیگەرانییانە؟ تەواوی ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە نووسینگەیان لە ئێراق هەیە، داوای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەکەن، سەرەڕای داننان بەو ڕاستییەی دیموکراسیی کوردستان تەواو گەشەکردوو نییە. زۆر گرنگە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بە دامەزراوەیی بکرێت، چونکە هەڵبژاردن کلیلی داهاتووی ئەم هەرێمەیە.
جێگەی نیگەرانییە، ساردوسڕی لەنێوان هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکاندا درووستبووە و ئەو نوێنەرایەتییانەش ئارامگرییان لە نەگەیشتنە چارەسەرێک بۆ کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەدەستداوە. تاوەکوو ئێستا ژمارەیەکی زۆر کۆبوونەوە و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەبوون، بەڵام گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ ڕووینەداوە و ئەوەش ئەو گومانەی لای زۆر کەس درووست کردووە، کە بەرپرسانی کورد ئامادەنین بەپێی ئەو نیگەرانییانەی هەن مامەڵە بکەن.
پەیامەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ کوردستان بەردەوامن، کە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن، یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری حکومەت، بەهێزکردنی دامەزراوەکان و هەنگاونان بەرەو یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان دەکەن؛ کوردستانێک باوەش بۆ هەموو چین و توێژێک بکاتەوە.
بەڵام زۆرجار وتاری بەرپرسان بۆ پاڵپشتیکردن لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و خاوێن، هەروەها یەکخستنەوەی هێزە سەربازییەکان، ڕاست و دڵنیاکەر دەرناکەوێت و، تەنانەت هەوڵی کەم دراون بۆ ئەوەی بەڵێنەکان بکرێنە ڕاستی. هەروەها بەهۆی هەندێک ڕووداو، ئازادی ڕاگەیاندن لە کەشێکی ئازاددا نابینرێت لەلایەن ئەو ڕێکخراوە جیهانیانەی چاودێری دۆخی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەوەش دژبەیەکییەکە کە زیان بە هەوڵە دیموکراسییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت.
دەکرێت کاریگەریی هەرێمی کوردستان لەسەر سەکۆی جیهانی، گەورە و کاریگەر نەبێت، بەڵام ئەوە واتای ئەوە ناگەیێنێت کە ئاساییە کار بۆ نەهێشتنی نیگەرانییە دەرەکییەکان نەکرێت، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە جیۆسیاسییەی هەرێمی کوردستان هەیەتی. پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەرێمی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە دەبێت بە هۆشیارییەوە ئاگاداری دۆست و دراوسێیەکان بین لە داڕشتنی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوەدا، بە جۆرێک کە ئەو سیاسەتانە لە خزمەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دا بن. تەنیا لە ڕێگەی هەوڵی هاوبەشەوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ڕێچکەیەی هەرێمی کوردستان لەسەری دەڕوات و پێکەوەبوون و باوەشکردنەوە بۆ هەموو چین و توێژەکان دەتوانرێت وابکرێت کوردستان پێگەی خۆی وەک جێگەی ئومێد و پێشکەوتن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی شڵەژاودا بەدەستبێنێتەوە.
هەوڵەکانی پێشووی هەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەی دیموکراسی، مافی پێکهاتەکان و ئەو ئاراستانەی لە ڕۆژاواوە نزیکن، کە نەبوونە هۆکار بۆ ئەوەی پشتگیری بۆ گشتپرسیی سەربەخۆیی ساڵی 2017 بەدەستبهێنرێت، نابێ هەرێمی کوردستان لەو ئاڕاستەیەی دووربخەنەوە، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا نابێت. بایەخدان بە هێزی ڕەق و زیاتر سەرنجدان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هێشتنەوەی سەقامگیریی هەرێمایەتی، ناکرێت ڕێگەی جێگرەوەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکاندا.
هێشتا درەنگ نییە بۆ گۆڕین و ڕاستکردنەوەی ئاڕاستەکان و بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی سیاسی و جەماوەریی هەرێمی کوردستان. ئەگەر چەند ساڵێک پێش ئێستا شەڕمان بۆ سەربەخۆیی کردبێت، ئەوا ئێستا شەڕێکی دیکەمان هەیە کە هێشتنەوەی ئەو مافە خۆبەڕێوەبەرییانەیە کە بەزەحمەت بەدەست هاتوون. [1]