ناونیشان: تیرۆریزمی #داعش#؛ بۆمبێک لە چاوەڕوانیی تەقینەوەدا
نووسەر: #عادل باخەوان#
ڕۆژی دەرچوون: #15-08-2023#
تیرۆریزمی داعش لە هەموو فۆرم و دەرکەوتنەکانیدا، هەڕەشەیەکی بەهێز و ڕاستەوخۆیە بەسەر ئێراق و هەرێمی کوردستانەوە. ڕاستە مێژووی ئەو بزووتنەوانەی تیرۆریزمیان وەک چەکی ململانێ هەڵبژارد، کۆنترە لە داگیرکردنی ئێراق لەلایەن ئەمریکاوە، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە جیاوازییەکی یەکجار گەورە لەنێوان ئامادەیی و کارایی و بەهێزیی ئەم بزووتنەوانە لەپێش و پاش داگیرکردنی ئێراقدا، هەیە.
لەنێوان ساڵانی 2003 بۆ 2006، بەتایبەتیی لەژێر فەرماندەیی ئەبو مەسعەب زەرقاویدا، ئەو ئێراقە نوێیەی بڕیاربوو ببێت بە سەرزەمینێکی ئارام، سەقامگیر و دیموکرات بۆ کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێت بە دۆزەخێکی تاودراو بۆ هەمووان. لەنێوان ئەو دوو بەروارەدا، ژمارەی کوژراوان لە ئێراقی نوێدا دەگاتە 69 هەزار و 996 کەس. ئەمریکا و ئێراق ناچارن بەوەی سەتان ملیار دۆلار خەرج بکەن، سەتان ستراتیژیی ململانێ تاقیبکەنەوە و تەواوی تۆڕەکانیان سازبدەن، تاوەکوو بتوانن لە 8ی حوزەیرانی 2006 ئەبو مەسعەب زەرقاوی بکوژن.
کوشتنی زەرقاوی، درووستکردنی سەحەوات، بەڵێنەکانی ئەمریکا بە جڤاتی سوننە و لەپاڵ کۆمەڵێک هۆکاری دیکەدا، وایانکرد، بۆ ماوەیەکی کاتی بزووتنەوە تیرۆریستییەکان هێورببنەوە، بەڵام چوار هۆکاری سەرەکی بەخێرایی دێن و ڕۆحێکی تازە دەکەنەوە بە جەستە ماندووەکەیدا.
هۆکاری یەکەم بریتییە لە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی، کە کۆی هاوکێشەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەگۆڕێت. چرکەساتی بەهاری عەرەبی کۆتایی بە دەسەڵاتی: بن عەلی لە تونس، حوسنی موبارەک لە میسر، قەزافی لە لیبیا و عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە یەمەن دەهێنێت و ئاگر لە سووریا بەردەدات، بەحرەین دەخاتە بەردەم بوومەلەرزەیەکی سیاسیی گەورەوە. ئەم هەلومەرجە نوێیە، وادەکات بزووتنەوە ڕادیکاڵەکان بەگشتی و داعش بەتایبەتی، سەرزەمینێکی فراوان بۆ جووڵانەوە و کشان و دەرگایەکی گەورە بۆ دەستگیرکردن لە سەرچاوە ئابووری و سەربازی و مرۆییەکان بکرێتەوە.
هۆکاری دووەم، بریتییە لە کشانەوەی ئەمریکا لە ئێراق، بەبێ ئامادەکردنی هەلومەرجی لەبار بۆ کشانەوە. لە 15ی دیسەمبەری 2011دا سەرۆک ئۆباما باس لەوە دەکات، ئێراق بووە بە سەرکەوتنێکی ناوازە لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئیتر کاتی ئەوە هاتووە 'سەربازەکانمان بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە'. لەڕاستیدا ئێراق نەک هەر سەرکەوتنێکی ناوازە نەبوو، بەڵکوو دوو ساڵ و نیو پاش کشانەوەی سوپای ئەمریکا، وەحشیگەرترین هێزی تیرۆریستیی مێژوو، داعش، خیلافەتەکەی خۆی لەسەر خاکی ئەم (سەرکەوتنە ناوازەیە) درووستدەکات.
هۆکاری سێیەم، بریتییە لە سەرهەڵدانی دەسەڵاتێکی توندڕەو و ڕادیکاڵ و داپڵۆسێنەر، لە خولی دووەمی دەسەڵاتداریی نووری مالیکیدا. ڤێرژنی دووی مالیکی 180 پلە جیاوازە لە ڤێرژنی یەکەمی. مالیکی یەکەم جەنگی لەگەڵ تیرۆریزمدا دەکرد، بەڵام مالیکی دووەم جەنگی لەگەڵ جڤاتی سوونەدا دەکرد و لە بەرانبەر خۆپیشاندانە مەدەنییەکاندا، بە بەرمیلی بارووت وەڵامی دەدانەوە. ئەمەش وایکرد بنکەی جەماوەریی سوونە، هیچ ئومێدی بە ئێراقی نوێ نەمێنێت و بەدوای فریادڕەسێکدا بگەڕێت.
هۆکاری چوارەمیش بریتییە لە کرانەوەی تورکیا و وڵاتانی کەنداو بەسەر تیرۆریزمی داعشدا و، هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی داعش لە بەرانبەر ئێران و ئەسەد و ئێراقی نوێیی شیعەدا. ئەم کرانەوەیە لەیەککاتدا سیاسی، ڕاگەیاندنکاری، ئەمنی، سەربازی و بەتایبەتییش ئابووری بوو. لێرەوە داعش دەبێتە بەشێک لە ئیدارەکردنی پەیوەندییەکانی هێز لەنێوان هەر سێ پایتەختە گەورەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا: ئەنقەرە، تاران و ڕیاز.
هەر یەکێک لەم چوار ڕووداوە، بەشداری زیندوو دەکەن لە هەستانەوەی داعش و کشانی سەربازی و جەماوەریی بەنێو ئێراق و سووریادا و دواتریش لەسەر شانۆیی جیهانی، کە ببێت بە هێزی یەکەمی بزووتنەوە تیرۆریستییەکان و گورزی تووند لە پایتەختە جیهانییەکان بدات. لە 6ی ئاداری 2013دا، داعش یەکێک لە سەرکەوتنە گەورەکانی تۆماردەکات و پارێزگای ڕەقە لە سووریا دەخاتە ژێردەستی خۆیەوە. مانگێک دواتر، ئەبوبەکر بەغدای ڕایدەگەیەنێت چیدیکە داعش بەتەنیا دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق نییە، بەڵکوو لە ئێراق و شامدایە و ئەم وتارەش ئەلقاعیدە لە سووریادا بێزار دەکات و دەبێتە سەرەتای جەنگێکی براکوژی لەنێوانیاندا.
هەروەها مانگی کانوونی دووەمی 2014، داعش دەستدەگرێت بەسەر هەردوو شارە گەورەکەی پارێزگای ئەنباردا: فەلووجە و ڕەمادی. ئەم دوو شارە تەواو نزیکن لە بەغدای پایتەختەوە، فەلووجە تەنیا 70 کیلۆمەتر و ڕەمادیش تەنیا 110 کیلۆمەتر لە زۆنی سەوزەوە دوورن. پاش کەوتنی ئەم دوو شارە، سوپای ئێراق تووشی شکستێکی مەعنەوی خراپ دەبێت، لە بەرانبەر چەند سەد جیهادیێکی داعشدا، شاربەشار دەشکێت و لە 10ی حوزەیرانی 2014شدا کارەساتە گەورەکە ڕوودەدات، کە بریتییە لە کەوتنی موسڵ و لە 29 حوزەیرانی 2014شدا، ئەبوبەکر بەغدای، لە موسڵەوە، ڕۆژی هەینی، لەدایکبوونی خیلافەتە ڕەشەکەی داعش ڕادەگەیەنێت.
لە ماوەی سێ ساڵی درێژ و قوورس و تووندوتیژدا، کۆی جیهان جەنگی ئەم خیلافەتە ڕەشە دەکەن و جگە لە چەکی ئەتۆمی، زۆر بەدەگمەن چەکێک دەمێنێت لەم جەنگەدا بەکاری نەهێنن. سێ ساڵ دواتر، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیران، سەرکەوتن و کۆتایی داعش ڕادەگەیەنێت! هەمان ڕۆژ من لەسەر کەناڵێکی فەرەنسی وتم: ئەم ڕاگەیاندنە زیاتر پڕوپاگەندەیە تا گوزارشت لە واقیعێکی کۆنکرێتی.
شەش ساڵ دواتر، واتە لە 2023دا، بۆمان دەردەکەوێت، داعش نەک هەر کۆتایی پێنەهاتووە، بەڵکوو مەترسییەکی زۆر گەورەشە بەسەر ئاساییش و سەقامگیریی ئێراق، هەرێمی کوردستان و تەنانەت ناوچەکەشەوە، چونکە بەشێکی زۆری ئەو هۆکارە بابەتییانەی هەلومەرجی لەدایکبوون و بەهێزبوون و مانەوە و کشانی داعش بوون، تا ئێستاش هەر لێرەن و مامەڵەیان لەگەڵدا نەکراوە.
پێگەی جڤاتی سوننە لە ئێراق، شکستی پرۆسێسی بیناکردنەوەی شار و شارۆچکە وێرانکراوەکان، گشتاندنی دیاردەی هەژاری بە ڕێژەیەکی تەواو ترسناک، فراوانبوونی ڕووبەری بێکاری، بەمیلیشیاکردنی دەوڵەت و کۆمەڵگە، بەسیستەمکردنی دیاردەی گەندەڵی، ئامادەیی بازاڕێکی فراوان بۆ نمایشکردنی ئایدۆلۆژیای تووندڕەوی و زەبروزەنگاوی، جەنگی ناوخۆی سووریا لەو دیوی سنوورەوە، هەموو ئەمانە وادەکەن تا ئەم ساتەوەختەش داعش هەموو شانسێکی گەڕانەوە، کشان، پەلاماردن، تیرۆر و تۆقاندنی لەبەردەستدا بێت.
بەبێ ئەوەی لەبیرمان بچێت، کە لەنێوان ئێراق و سووریادا، 30 هەزار ئەندامی داعش لە زینداندان، 20 هەزار لە ئێراق و 10 هەزاریش لە سووریا. هەروەها 60 هەزار لایەنگری داعش لە هەردوو وڵاتەکەدا لە زینداندان. هەرئەمەشە وا لە ژەنەراڵ مایکل کوڕیلا دەکات لە 16 ئاداری 2023دا بڵێت: داعش سوپایەکی گەورەی لە زیندانەکاندا هەیە و چاوەڕوانی ساتەوەختی تەقینەوە دەکەن.
لەڕاستیدا گرفتە گەورەکە تەنیا ئەم سوپایە نییە، بەڵکوو توانای داعش سەبارەت بە ڕاکێشانی بنکەی جەماوەریی سوننە لە ئێراق و سووریادایە، بنکەیەکی جەماوەریی کە لە سووریا بەکۆمەڵ دەکوژرێن و لە ئێراقی نوێشدا، هیچ ئاسۆیەکیان لە بەردەمدا نییە. هەروەها توانای داعشە لە گوزارشتکردن و نوێنەرایەتیکردنی توڕەیی ئەم بنکە جەماوەریە و، پێشنیارکردنی ئەڵتەرناتیڤی بەرەنگاری، ڕاپەڕین و ڕووبەڕووبوونەوە.
بەبێ بنکە جەماوەرییە سووننیە فراوان و گەورەکە، داعش هیچ نییە تەنیا مایکرۆ گرووپێکی تیرۆریستی نەبێت، بەڵام بەم بنکە جەماوەرییە فروان و گەورەیە وە، داعش دەبێتە هێزێک کە دەتوانێت ئاڕاستەی ڕووداوەکان بکات. لە دۆخێکی ئاوادا، زۆر هەڵەن ئەوانەی پێیانوایە سبەینێ ڕۆژێکی نوێی بێ داعشە، سبەینێ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی داعش کۆتایی پێدێت، تەواو بەپێچەوانەوە، ئەگەر بڕیاربێت سبەینێ گۆرانییەک بڵێت، بەدڵنیاییەوە ئەو گۆرانییە، سروودە خوێناوییەکەی داعش دەبێت. [1]