ناونیشانی بابەت: کۆمەڵەیەک بەرگێکی نوێ دەپۆشێت
ئەمڕۆ #24-08-2023# لە شاری #سلێمانی#، تەلاری پەیمانگای زانست، کۆمەڵەی بەخێوکەرانی باڵندە بە ئامادەبوونی ئەندامانی بەشی کۆمەڵەکانی پارێزگای سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی دیموکراسیانەدا هەڵبژاردنی ئەنجامدا.
سەرۆکی کۆمەڵەی بەخێوکەرانی باڵندە لە #کوردستان# تایبەت بە باسنیوز، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانەدا کۆنگرەی کۆمەڵەی بەخێوکەران بەڕێوەچوو تیایدا هەڵبژاردن بۆ سەرۆک و جێگری سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی بەڕێوەچوو.
هێمن لەتیف، وتیشی ئەوەی دەمەوێت پێتانی ڕابگەیەنم لە کۆمەڵەی بەخێوکەراندا ئەوەیە کە کۆمەڵە موڵکی سەرجەم بەخێوکەرانە و پێویستە لەسەر شانی هەموتان بە دڵسۆزانە کار بۆ بەرەو پێشەوە بردنی بکەن، هەموویشتان باش دەزانن، ئەوەی بەخێوکەری ڕاستەقینە بێت، کەسانی هۆشیارو خاوەن کەسایاتی و دڵ و دەروونێکی ئارامن.
ناوبراو بە پێویستی دەزانێت، بۆ بەرەو پێشبردنی تاک بەتاکی بە خێوکەران لە هەرێمی کوردستاندا بە شێوازێکی زانستیانەوە سەردەم هەنگاوی جدی بنرێت، تا بتوانین وەک بەخێوکەرانی وڵاتانی دراوسێ و جیهان لە بری ئەوەی هاوردە بکەن هەناردەی باڵندەو پێداویستییەکانی بکەن، ئەوەیش دەبێتە مایەی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ئابووری تاکی بەخێوکەر.
سەرۆکی کۆمەڵەکە باس لەوەیش دەکات، مەبەستیانە سەرجەم بەخێوکەران لەژێر چەتری ئەم کۆمەڵەیەدا بێجیاوازی کۆبکەنەوە، تا کەڵک لە ئەزموون و بیرۆکەکانیان وەربگرن و بتوانن هەنگاوبەهەنگاو سەرجەم ئەو کێشە و گرفتانەی لەم ڕۆژگارەدا ئێخەی بەخێوکارانی گرتووە و پێوەی دەناڵێنن چارەسەریان بۆ بکەن.[1]