ناونیشان: کرێکار: دڵێکی ڕەمیدە و سەرکەش یان عەقڵێکی ترسنۆک و دەستەمۆ!
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #28-07-2023#
ئەم بەیانییە گوێم لەم شیعرەی مەلا کرێکار بوو، سەرنجێکم بۆ درووستبوو پێم خۆشبوو لەگەڵ ئێوە شێری بکەم. (بڕواننە فایلی پەیوەندیدار)
من لە دوور و نزیکەوە مەلا کرێکار ناناسم وەک کەسایەتی، بەڵام زۆرینەی شیعرەکانیم خوێندۆتەوە و گوێم بۆ هەندێ لە وتارە کۆن و فەتوا و وەعزە نوێیەکانیشی گرتووە، لە وەعزی بەیعەتدانی بە ئەبوبەکر بەغدادی وەک خەلیفەی دەولەی موسوڵمانان تەواو ئەو بڕوایەی لا بەتینتر کردم کە ئەم پیاوە بێ سەنتەر و نا هاوسەنگ و بێ جەنبەیە لەڕووی عەقڵییەوە. ئەوەی بتوانم بە کەمترین وشە لەسەر ئەم پیاوە بیڵێم ئەوەیە ئەم پیاوە قوربانی ناهاوسەنگییە، نا هاوسەنگی نێوان دڵ و عەقڵ، شەریعەت و شیعر یان حیکمەت و هەستەکانێتی. لە کوورتترین ڕستەدا گەر بمەوێت وەسفی مە*لاکر*ێکار بکەم بەئاسانی دەتوانم بڵێم خاوەن دڵێکی سەرکەش و جەربەزە و عەقڵێکی موحافیزکار و ترسنۆکە.
نەبوونی خاڵێک یان تیۆریایەک مرۆڤ هەمیشە بتوانێت وەک مەرجەع بۆ بگەڕێتەوە گەورەترین ئافەتی سەرمەدییە بۆی، مەرجەعی فیکری و لۆژیکی تێیدا گرنگترین خاڵی پاراستنی هاوسەنگی هەر مرۆڤێکە. گەر بشێت مەلا کرێکار بە یەک وشە وەسف بکەین دەتوانین بڵێین مرۆڤێکی ناهاوسەنگە لە تەمامترین جۆر و عەیّاری خۆیدا و لەوەش زیاتر ئارکیتایپی ناهاوسەنگییە. بەڵێ کەسێکی زیرەکە، بەلیغە، زمانزانە، تاڕادەیەک کەلەپوورناسە، شاعیرە، لە فیقﮪ و ئوسوڵەکەیدا زۆر شارەزایە، بەڵام ئەمانە هیچیان بە هاوسەنگی ناخاتە وەبەرهێنانەوە و هەمیشە بە لێدوان و بیرکردنەوە دژەوانەکانی شۆکمان دەکات، وەک پەرگالێک وایە بەبێ ئەوەی قاچێکی لەزەوی چەقاندبێت دەیەوێت بازنەی ژیان و سیاسەت و دینداری و ئیمانمان بۆ بکێشێت . ئەم ناهاوسەنگییە تا دۆخێی بیمارییەکی وا ئەو پەلکێش دەکەن کە بڵێت داعش زیندووکردنەوەی ئەو خیلافەتەیە کە جیهادمان لەپێناودا کرد، لەو دوورەوە و لە داروکوفرەکەی نەرویجەوە بەیعەتیان پێدەدات.
من گەر مرۆڤێکیش بم مەلا کرێکار نەناسم ئەوا تەنیا ئەم شیعرە بەسە بۆ ئەوەی لە ڕێگایەوە لە بیرکردنەوەی ئەم پیاوە تێبگەم، بزانم سەر بە چ دونیابینییەکی تێکهەڵژراو و دەرهەم بەرهەمی ئاڵۆز و هەنووێ جاریش بیمارە. دەنا کۆکردنەوە و مەیسەرکردنی وشەکانی: جائیزبوون، ڕۆح، دڵی تامەزرۆ، بێ خەوی، نای، ، عیشق، جیهاد، بێ سێبەری، پیاوچاکێ دێ دستیدەگرێت، ئینتیما لە شیعرێکی وادا چۆن لێکبدەینەوە؟ ، ئەم شیعرە ناسکە دەستکەلایەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە بیرکردنەوەی مەلاکرێکار.
لەم شیعرەدا بە ئاشکرا میتۆدی بیرکردنەوە و سلوکی دیندارانەی مەلاکرێکار بەرجەستە دەبێت. کە دەڵێت:
دڵی تامەزرۆ وەک خەیاڵی سپی پۆش//دێت و دەڕوا بێ سرەوت خەوی نایا
نابینی ڕۆح ڕاماوە دەسەوسان، //پەی بەچی با لە ڕاڤەی سۆزی نایا
بەگەردەلولی بێ با هەڵزنا دڵ، //وەکو لوتفی میعراجێ بێ بەلایا
لەم دوودێڕەدا مەلاکرێکارێک دەبینین هەستە شاعیرانەکان پەڕ و باڵی بۆدرووستدەکەن و فێری فڕینی دەکەن، بەرزی دەکەنەوە و عروجی شاعیرانەی پێدەکەن، کەمێک پێ پەروا و بێ سنوور دەردەکەوێت. بەڵام کە بیری فقﮪ و شەریعەتەکەی نێو مێشکی دەکەوێتەوە خێرا وەک بڵێی وەهۆش خۆی دێتەوە و لە فڕین دەکەوێت، هەموو هەستەکانی پێشووی بە قولاپ و گوریسێک بۆزەوی ڕادەکێشێتەوە و دەیانبەستێتەوە. ئەمە لەسەرەتای شیعرەکەوە بەڕوونی دەردەکەوێت. شاعیر هیچ وەختێک بۆ هیچ هەست و بۆ هیچ هۆنینەوەیەک ئیزن و مۆڵەت لە کەس وەرناگرێ، شیعر وەک کانیاوێکە بێ پرس فیچقەدەکات و دێت، بەڵام هەر لەسەرەتای شیعرەکەوە کرێکار دەزاێت ئەم کانیاوە کەمێک جیاوازترە لە شیعرە حەماسی و شیعرە هەجووەکان بۆیە مۆڵەت دەخوازێت تا هەستەکانی خۆی بەیان بکات و دەڵێت:
گەر جائیز با دەموت خۆزگە بمایە
وشەی جائیز بوون یان نەبوون وشەیەکی تەواو فیقهییە، شاعیران کەمتر بیری لێدەکەنەوە، جائیزبوون یان جائیز نەبوون لە بەرانبەر ئەو شتانەدایە کە خۆویستانە و بە ئیختیارەوە ئێمە دەیانکەین یان دەیانڵێین، ئەو دۆخەی شاعیری تێدەکەوێت دۆخێکی تەواو نالەخۆ و نا ئیختیارییە، شاعیر خۆنەویستانە دەکەوێتە نێوی، جائیز بوون یان نەبوون لەم دونیا سەرکەشە بێ سنوورەدا هیچ مانایەک نادات ەڵام مەلاکرێکار وەک قەیدێک هەرلەسەرەتاوە لە باڵەکانی خۆی دەئاڵێنێت بۆ ئەوەی نەتوانێت بفڕێت.
پێودانگ و سنوورە فیقهی و شەرعییەکان لەم شیعرەشدا زووزوو پەڕ و باڵی کرێکار دەکەن وەک شاعیر، لە هەندێ شوێندا دەفڕێت و بەرز دەبێتەوە بەڵام لەپڕ کە بیری سنوورە شەرعییەکانی دەکەوێتەوە پاشەکشەدەکاتەوە ئەو یاسا و کۆت و بەندانە لەزەوی دەدەنەو و تووشی پێکانی دەکەن، ناهێڵن ئەوەی بە دڵیدا گوزەردەکات بێتەسەر زمانی. ئەمە ئەو شوێنەیە کە فیقە تێیدا دەبێتە خوا و مرۆڤ دەیپەرەستێ. ئەم بەخواکردنی فیقهەو قەڵەوکردنەی کارێکی کردووە مەلا کرێکار نەتوانێت لێیان دەرچێت و ڕێکخراوێکی تیرۆرستی وەک داعش وەک دەوڵەتی ئیسلامی تەماشا نەکات و بەیعەتیان پێ نەکات. د_ا*عش لە سادەترین پێناسەیدا هەڵقوڵاوی هەندێ یاسای فیقهی ناهاوسەنگ و کاتیی دۆخێکی دیاریکراو بوون کە تێیدا هیچ حیسابێک بۆ مەقاسیدی شەریعەت نەکراوە.
لە دێڕێکی دیکەدا دەیەوێت هەستێکی زۆر گڕگرتوو و گەرمی خۆی بەیان بکات و دەڵێت:
نەدڵم ما نەجەستە و هۆش و ڕۆحم
جەستەش هەستی نەما ئازاری نایا
لێرەدا تەواو خۆی لەبیر دەکات و یەکپارچە دەبێتە ئەوی دیکە، بەڵام زۆر ناخایەنێت دیسانەوە یاسا فیقهییەکان خۆیان نیشان دەدەنەوە، ناوێرێت و حەزەر دەکات، دێت لەسەر زمانی مەحوی و بێخود زۆر بە حەزەرەوە پاساو بۆ هەستەکەی خۆی دێنێتەوە و دەڵێت:
تومەز ئەمیش وەکوو دڵەکەی بێخود
بەسەر سەد کۆسپ و کەندی پڕ جەفایا
یان
ئای بۆ جێ هەڵتروشکانەکەی مەحوی
شاعیر دەیەوێت هەستەکانی خۆی لەنێو هەستەکانی بێخود و مەحویدا بشارێتەوە، دەیەوێت پێمان بڵێ ئەوانیش وەک ئەم مەلا بوون، لە یاسا مەئلوفەکانی شەریعەت لایانداوە، عاشق بوون و گڕیان گرتووە و وکەسیش لۆمەی نەکردوون، بەڵام من کەمێک حەزەر دەکەم و ناتوانم وەک ئەوان بێ پەروایانە هەستەکانم دەربڕم. پێم وایە لێرەدا شاعیر لە لۆمەی ناتێگەیشتوانی شیعر دەترسێت:یخاف لومة لائم.
شاعیران بەدەگەمەن لە شیعرەکانیاندا باس لە شاعیرانی دیکە دەکەن، چونک شیعر هەستێکی تەواو خودییە و پێویستی بە هاکاری و ئیقتباسی شاعیرانی دیکە نییە، بەڵام هێنانی دوو ئایکۆنی قەبوڵکراوی وەک بێخود و مەحوی لەلایەن شاعیرەوە نەک هەر شاردنەوەی هەست بەڵکوو وەک تەکەلوفێکی شیعریش دەردەکەوێت و قافیە و وەزنی شیعرەکەش تێکدەدەن، ئەمە هیچ نییە جگە لە پاساوێک بۆ ئەو لادانە زاهیرایانە شاعیر پێی وایە لە فیقﮪ و شەریعەت لایداوە.
لە کۆتایی شیعرەکەدا هەموو ئەم باسە ناسکانە لینک دەکاتەوە بە باسێکی ناپێویست و ڕەقی وەک جیهادەوە کە هیچ زەرورەتێکی شیعری و ناشیعریی نییە لە شیعرێکی وادا هەبێت. باسی جیهاد لە شیعرێکی وا ناسکدا زیادەیەکە شاعیر وەک پەت و قولاپێک خۆی بە فیقﮪ و شەریعەتەوە پێدەگرێتەوە: پێمان دەڵێت هێشتا لەسەر عەهدە قەدیمەکەی کوشتن و بڕین و قیتال بەردەوامم، دڵ هەرچەند سەرکەش بێت ناتوانێت لابدات و دەیگرمەوە.
دیارە بە بۆچوونی بەندە ئەو سۆز و عیشقە بەرزەی نێو ئەم شیعرە بە کەڵکی ئەو جیهادە ڕەق و ڕەکیکە نایە مەلاکرێکار بیری لێدەکاتەوە.
من پێم وایە لە ڕوانگەی ئەم شیعرەوە زۆر بە هاوسەنگی دەتوانین لە عەقڵە ترسنۆک و دڵە سەرکەش و ئازاکەی مەلا کرێکار تێبگەین و تێبگەین لەوەی ئەم پیاوە بۆچی ناتوانێت خۆی وەک ئەوەی کە پێویستە بسەلمێنێت.
باسەکە ئاوکێشە، چەند جارێکم کوورت کردەوە هێستا هەر زۆرە، ببورن. [1]