ناونیشان: ئایا زمانی قورئان زمانی عەرەبە؟
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #30-07-2023#
زمان بە مانا قوڵەکەی واتە سیستم و کلتوری بیرکرنەوە، بەبلێ بوونی زمان ئێمە ناتوانین بیریش بکەینەوە، ئەوەی زمان نەتوانێت بیڵێت نەکردەیە سیستمی بیرکردنەوە بتوانێت پەی پێ ببات.
زمانی قورئان و زمانی عەرەب دوو زمانی تەواو لێکجیاوازن. قورئان لەدەیان ئایەتدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە زمانەکەی زمانێکی عەرەبییە نەوەک زمانی عەرەب بێت. زمانی عەرەبی و زمانی عەرەب لەڕووی کلتوور و کۆنەستەوە بیرکردنەوە وە دوو زمانی تەواو لێکجیاوازن. زمانی عەرەب زمانێکە توانای هەڵگرتنی مانای قوڵ و گەردوونی نییە، باوەڕی بە مەجاز نییە، تەئویل ڕەتدەکاتەوە، قوڵییەکەی تا ئەندازەی پێداویستییەکانی ژیانێکی ساکاری ڕۆژانەیە، هەرچی زمانی عەرەبی هەیە زمانێکە پێغەمبەر د.خ بیری پێکردۆتەوە و لە ڕێگایەوە تێڕاماوە، کەشفی پەردەکانی کردووە و بە قەولی سوهرەوەردی دەرکی نووری یەکەمی پێکردووە، بەقەولی ئیبن عەرەبی توانیوێتی لە ڕێگایەوە بگاتە ئەعیانی سابیتە و تەعەیونات و ناوەکانی خودا. لە دوای خوێندنەوەی نەهجولبەلاغە بە بڕوای خاکەڕاییانەی بەندە عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب لە پاش پێغەمبەر باشترین کەسێک بووە لەم زمانەی قورئان تێگەیشتووە، گەر بهاتایە ڕیزبەندی خیلافەتەکەی ئەو لە چوارەمدا نەبوایە ئەوا پێم وایە سەرلەبەری دەرک و فەهم و توراسی ئیسلامی جۆرێکی دیکە دادەڕێژرایەوە. لەبری حەرەکی بوون و هەژمونخوازی و سیاسەت، قوڵایی فیکری و ئیمانی زیاترمان لەو توراسەدا دەبینییەوە.
زمانی عەرەب زمانێکی بێ مێتافۆر و بێ مەجازە، بە حوکمی نەبوونی پاشخانی دەوڵەت و ئیمپڕاتۆرییەت لە ڕۆژی خۆیدا بارەکەیزۆر ڕوکەشانە و تەنک کەوتووە، سیستیمی بیرکدنەوە و پێکەوەبەستن تێیدا لاوازە. هەرچی زمانی قورئانە زمانێکی تەواو لێکئاڵاوی داڕێژراوی پێکەوە بەستراوە. کیتاب لە زمانی عەرەبیدا لە فرمانی کَتَبَ ەوە وەرگیراوە، بەمانای بەستنەوەی شتێک بە شتێکی دیکەوە دێت، کیتابەکەی قورئانیش هەروایە، ماناو ئایەتەکانی پێکەوت شەتەکدراون. دواتر هەر ئەم کولتووری پێکەوە بەستنە زمانەوانییەیە وا دەکات عەرەبەکان یەکبگرن و ببنە یەک.
سەلەفیزم لە تەمام عەیارترین تێگەیشتنی خۆیدا دێت زمانی عەرەب بەسەر زمانە عەرەبییەکەی قورئاندا زاڵ دەکات و پێی وایە قورئان جگە لە تێگەیشتنێکی کرچ و کاڵی مووجەسیمەیی عەرەبیانە هیچی دیکە لە تەئویل و مەجاز هەڵناگرێت. پێی وایە دەستی دز دەبێت لە مەچکیدا بە واقیعی ببڕدرێت و ئەم مرۆڤە بکرێت خاوەن پێداویستی تایبەت و هادیکەپ بکرێت، زمانی عەرەب پێی وایە خودا لەسەر کورسی دادەنیشێت و دەست قاچ و چاوی هەیە، خودا وەک ئێمە قسە دەکات و بیردەکاتەوە ...هتد.
گرنگترین شتێک لە بەرژەوەندی قورئان و دژ بە پەتای زاهیربینانەی سەلەفیزم بکرێت گەڕاندنەوەی قورئانە بۆ زمانە عەرەبییە موبینەکەی و ڕزگارکردنێتی لە زمانی عەرەب. [1]