ناونیشان: ئێمە لەکوێی دونیای نوێداین؟
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #07-08-2023#
سەددام ئەو ڕۆژەی پەلاماری کوەیتی دا لە هیچ شتێکدا کوورتی نەهێنابوو. لەڕووی تاکتیکییەوە ڕۆژەکەی سەرکەوتوانە هەڵبژاردبوو چونکە ئەوروپا لە پشووی کۆتایی هەفتەدابوو، ئێرانیش لە پشووی سەرتاسەری یادی عاشورادابوو. سەددام توانیبووی دڕ بە خومەیینی دابدات و مەجبوور بە خواردنەوەی پیاڵە ژەهرەکەی بکات و ئێران بە مەجبووری کۆتایی بە شەڕ هێنابوو. هەموو عەرەب وەک دەرگای ئەمان بەرانبەر ئێران لە سەددامیان دەڕوانی و پشتگیرییان دەکرد. گلابسی سەفیری ئامریکا لە بەغدا گڵۆپ سەوزی بۆ داگیرکارییەکە هەڵکردبوو بەوەی بە تاریق عەزیزی گوتبوو ئەوە کێشەیەکی نێوخۆیی خۆتانە و ئامریکا دەستوەردان ناکات. بەڵام دوای پەلاماردانی کوێت چی ڕوویدا؟ ئێراق سەدساڵ گەڕێندرایەوە دواوە، قەرەبووی کوێت، ئەمبارگۆی ئابووری، لێدان لە ئێراق، برسیکردنی خەڵکەکەی، قاتوقڕی و لە هەمووی خراپتر پارەی وڵاتەکەشی کردە زبڵ. سەرباری هەموو ئەو تاکتیکە سەرکەوتوانەی کە سەددام ئامادەی کردبوو بۆ ئەو شەڕە بەڵام دیمان چی ڕوویدا؟
سەدام دەرکی سیاسی نەبوو بۆ سیاسەتی دونیای نوێ، هەرچەندە تاکتیکەکانی سەرکەوتوانە جێبەجێکرد بەڵام ئەوە ڕویدا کە ڕویدا.
شەش ساڵ پێش ئێستا هەرێمی کوردستان ڕیفڕاندۆمێکی بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدا، محەمەدی حاجی مەحمود لە چاوپێکەوتنێکدا وتی کاک مەسعود لە هەموو شتێک دڵنیایە، لە ڕوکەشدا تورکیا و ئێران وەک ڕابردوو زۆر توند نەبوون، سەرکردایەتی سیاسی کورد و بەرەی کوردایەتی زۆر خاترجەم بوون لە درووستکردنی دەوڵەت. ئێراق لە ئەمری واقیعدا بووبوو بە سێ لەتەوە، لەڕووی ئابوورییەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی ئەوکات وتی قاسەی بەغدا بەتاڵە و بەغدا موفلسە. دا؛ عش بووبوو بە دەوڵەتێکی تۆکمە کە هەموو هاوپەیمانان دەرەقەتی نەدەهاتن . سەرۆکی هەرێمی ئەو دەمە بە دڵنیاییەکی واوە باسی لەوە دەکرد گەر بێتو ڕیفڕاندۆم ئامانجەکەی نەپێکا ئەوا ئەم دیارە هیچ لە سیاسەت نەگەیشتووە بە یەک وشە وتی بڵێن سوار سەری خۆی بووە. ئەم قسەیە بۆ مرۆڤێک کە پێی وایە تەمەنی بۆ دۆزێک داناوە زۆر قوورسە. وەزیر دەرەوەی ئامریکا ڕیکس تیلیرسن نامەیەکی پاڕانەوەی بۆ دواخستنی پڕۆسەکە نارد، حەیدەر عەبادی نیوەی ئێراقی لەدەستدابوو لەچاوەڕوانی لەدەستدانی نیوەکەی دیکەیدا لە بارزانییەکان دەپاڕایەوە بێن لەگەڵی ڕێککەون و ئەوەندەی دیکە خوێ نەکەنە برینەکەیەوە. بەڵام ئەسپی سەرکەشی ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم و سەرکردایەتی سیاسی ئەو ڕۆژەی کورد سووربوو لەسەر بڕیارەکەی خۆی. ڕیفڕاندۆم هەروەک دڵنیاییەکەی سەدام بۆ پەلاماردانی کوێت لەڕووی تاکتیکییەوە گارانتی کرابوو، پایتەختە ئەوروپاییەکان ڤیتۆیان نەبوو بۆی، #هەولێر# بووبوو بە تەرمیناڵی دابەزینی وەزیر و سێناتە ئەوروپی و ئامریکیاییە دەوڵەمەادەکانی پترۆ دۆلاری لۆبیکردن، ڕاوێژکارە بلیمەتەکانی سەرکردایەتی کورد دەیانوت با مەکگۆرک هەر شەکربشکێنێت ئێمە تازە ئێراقمان تەڵاقداوە. بەڵام پاش ڕیفڕاندۆم دیمان چی ڕوویدا، یەکەمین وتاری سەرکردایەتی کورد بە پاڕانەوە لە بەغدا خۆی بەیان کرد و داوایکرد بەغدا دەرگای حیوار دانەخات، تا ئێستاش کوردی ئێراق لەڕووی ژیان و دەروونیشەوە باجی ئەو جوڵەیە دەدات کە بێ ئیدراکانە کرا. گەر لە ڕووی ئابووری و تاکتیکی و هێزیشەوە سەرکردایەتی کورد دڵنیا بووبن لە جوڵەکە، چونکە دەرک و ئیدراکی سیاسی درووستیان نەبوو دیمان ئەو جوڵەیە بە کوێی گەیاندین.
دەرککردن و ئیدراکی ڕاست بۆ سیاسەت گرنگترین شتێکن لە ئێستادا دونیای سیاسەت و بەڕێوەبردن بە ڕێگای درووستدا ئاڕاستە دەکەن. نە نەوت، نە یۆرانیۆم، نە بۆمبی ئەتۆمی و هایدرۆجینی، نە تاکتیک و پارەی زۆر هیچ یەکێک لەوانە هێندەی
دەرککردنی درووست بۆ ئەو دونیایەی تێیدا دەژین ناتوانن خزمەتی ژیان و بەڕێوەبردنەکەی بکەن. گرنگترین شتێک حکومەت و دەوڵەت و سیاسییەکان دەبێت هەیانبێت دەرکی درووستی سیاسییە بۆ جوڵەکانیان. ئیدراک لە سادەترین واتایدا بە مانای تێگەیشتن لەو ئەگەر و هەلومەرجانە دێت دێت کە ئەمڕۆ لە جیهاندا هەن و ژمارەیان بێ حەد و حیسابە. تۆ چۆن لەنێوان ئەم ئەگەرە زۆرانەدا دەتوانیت کۆمەڵێک ئەگەر Probabilitiesپێکەوە بگونجێنیت کە ئەنجامت بۆ بدەن بە دەستەوە و بە کەڵکت بێن.دەرکی سیاسی Political instinct لەسادەترین مانایدا بەمانای ڕاست و هەڵە، دۆست و دوژمن، ڕەش و سپی و جاش و باش نایەت، ئیدراک بە واتای هەڵبژاردن و پێکەوە گونجاندنی چەند ئەگەرێکی درووست دێت لەناو هەزاران ئەگەردا کە خۆیان لەخۆیاندا ناتوانن ئەنجام بدەن بە دەستەوە، بەڵام کاتێک تۆ دوان یان زیاتریان پێکەوە مەیسەر دەکەیت ئەنجامت بۆ دەدەن بە دەستەوە . ئێمە لە پۆست دونیای پیرۆزی و ناپیرۆزیدا دەژین، هیچ دەرکێکی سیاسی نە پیرۆزە نە کوفرە، هیچ سیاسەتێکش نە فریشتەییە نە شەیتانی، ئەوە تۆی دیاری دەکەیت کامەیان بەکەڵکی تۆ دێت، کامەیان بۆ تۆ شەیتانییە و کامەیان فریشتەیی.
ئەوەی پێی دەگوترێت جیهانی سێ، یان باشووری جیهان ئەمڕۆ بەدەر لەو بۆچونە ترسنۆک و تەوەزەلانەیەی کە پێی وایە ڕۆژاوا ناهێڵێت ئێمە پێشکەوین، گیرۆدی نەبوونی دەرکی درووستە بە واقیعی سیاسی. بیرکردنەوە و سنووری بیرکردنەوەی جیهانەکەی ئێمە ئەمڕۆ فاسیلە و مەودایەکی زۆر گەورەی لەگەڵ واقیعی سیاسی جیهانیدا هەیە، نە جیهان توانای خوێندنەوەی ئێمەی هەیە نە ئێمە دەتوانین لە جیهان تێبگەین. لە باشترین حاڵەتدا ئێمە ناتوانین بۆ تراژیدیاکانیشمان بگرین.
ئەمڕۆ ئێمە شاهیدی ئێراقێکی دەوڵەمەند و پڕ لە نەوت و سەنگافوورەیەکی بێ سامانی سرووشتین، پاکستانێکی خاوەن بۆمبی ئەتۆمی و سویسرایەکی بێ چەکین، بەڵام بەراوردی شێوازی گوزەران و بوون و هێزی ئەو چوار دەوڵەتە بکە! ئێراق بەهۆی ئەوەی دەرکی درووستی بۆ جیهان نییە نەوتەکەی زیاتر ئیفلیجی دەکات و پاکستانیش بۆمبەکانی هۆکاری لاوازی و پاسیڤی دەوڵەتەکەن.
ئیدی دونیا ورد وردە هەنگاو بۆ ئەوە دەنێت کە خۆی لە بڵۆکبەندی جەمسەرەکان ڕزگاربکات، کۆتایی بە شەڕە بێماناکانی بهێنێت بۆ دەستکەوتنی هێز، دونیای توێ لەوە گەیشتووە پیرۆزی و ناپیرۆزی چیدی کار ناکات و سەر بە چاخەکانی ناوەڕاستە، سیاسەتی نوێ بە باوەڕێک گەیشتووە بە تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەیی دوور لە ئایدۆلۆژیا و دین و نەتەوە پارچەکانی خۆی پێکەوە ببەستێتەوە بەڵام ئێمە لەم ماڵە لێکترازاوەی ڕۆژهەڵات و کوردیش لەم جەستە بیمارەی ئێراقدا تازە بەتازە دێین دەمانەوێت مانا سیاسییەکان لە جەمسەرگیریدا و بە سەرفکردنی ملیۆنان دۆلار لە لۆبیکردن و کڕینی وەلائی پیر و پەککەوتە ئەوروپایی و ئامریکاییەکان بەدەستبهێنین، دەریشکەوت ئەو خەڵەفاوە لە مێژوو بەجێماوانە لە ڕیفڕاندۆمدا چ دەرکێکیان هەبووە بۆ سیاسەتی نوێی جیهان و سەرکردەکانی ئێمەیان چۆن لە نیوەی ڕێگاکە بەجێهێشت. ئەمڕۆ لەبری دەرکی درووست ئێمە تازە دێین مانا بە شەڕی لۆکاڵی و ئیتنی و ئایدۆلۆژی و قەومی دەدەین، لەسەر بنەمای ڕەش و سپی، باش و جاش، کۆنەقین و ئەو کێشانەی کە زیاتر ڕیشەی خێڵەکییان هەیە خۆمان ئەوەندەی دیکە وەک گولی دوورئاوایی لە دونیای نوێ و ئەگەرەکانی تێوی دوور دەخەینەوە. [1]