ناونیشان: هەرگیز هیچ شتێک چاک نابێت!
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #12-08-2023#
خراپترین بیدعە و جۆری بت پەرەستی پیرۆزکردنی دەسەڵات و دەسەڵات پەرەستییە، پیرۆزکردنی دەسەڵات و سەرۆکپەرەستی منداڵی شەرعی ترس و تیرۆر و تۆقاندنە.
کارڵ پۆپەر.
لای مەزهەبی شیعە و بەشێکی زۆر لە فیرقەکانی ئەهلی تەسەوف وێژەیەکی بڵاو هەیە بەوەی مەناقیبی عیرفانی ئیشارەتین نەوەک عیبارەتی بن، بەو مانایەی کەسی سالیک زیاتر دەبێت بەشوێن مەڕجەع و ئیشاراتی شێخ و ئوستازەکەیەوە بێت وەک لە عیبارەتەکانی. جا پێهەڵخلیسکانی زۆربەیان لەوێدا دەبێت کە هەر لەو ئیشارەتەدا دەمێننەوە و چاویان ئەو ئامانجە نابینێت کە کەسی موشیر کەسێک ئیشارەت دەکات هێمای بۆ دەکات و دەکەونە پەرستنی پەنجە و ئیشارەتەکە نەک ئەو ئامانجەی ئیشارەتی بۆ کراوە، لە ئیشارەتدا دەمێننەو و ناگوازنەوە بۆ عیبارەت، مەنسووری حەللاج زۆر دەقیق ئەم باسە لە چوارینەیەکدا وێنا دەکات:
وَأَيُّ الأَرضِ تَخلو مِنکَ حَتّى//تَعالَوا يَطلُبونَکَ في السَماءِ
تَرىاهُم يُنظُرونَ إِلَيکَ جَهراً//وَهُم لا يُبصِرونَ مِنَ العَماءِ
کام زوییە هەیە کە تۆی تیا نەبی//وا لەئاسمانا بەدووتا وێڵن
هەربەئاشکرا سەیری تۆ ئەکەن//بەڵام ناتبینن هەموویان کوێرن
وەک ئەوەی کەسێک بە پەنجەی شایەتومانی دەیەوێت مانگ بە ئێمە نیشان بدات ئێمە لەبری تەماشکردنی مانگ و تێفکریین لێی لە پەنجەیدا دەمێنینەوەو ڕوومان بۆ مانگ وەرناچەرخێنین، ئیدی لەبری مانگ دەکەوینە هۆنینەوەی شیعر و شانامە بەسەر ئەو پەنجەیەدا. یەکەمین هەنگاوێک کە شێخ و مورشیدی تەریقەت پێویستە بە سالیکەکەی بدات وەرچەرخاندنی ڕوویە لە پەنجەی خۆیەوە بۆ ئامانجەکە کە مانگە، لە ئیشارەتەوە دەیگوازێتەوە بۆ عیبارەت. لە دینیشدا هەروایە ئەحکام و یاساکان و ئەوەی ناودەنرێت بەناوی حوکمی خوا خۆیان لە خۆیاندا وەک ئەو پەنجەیە وان کە ئیشارەت دەکات بۆ مەقاسیدێک، دەنا خودی خۆیان هیچ جوانی و پیرۆزییەکیان تێدا نییە، ئەو ئامانجە پیرۆزە کە مرۆڤ و ژیانەکەی کردۆتە سەنتەر.
تەواوی ئەو ژیانەی کە ئەمڕۆ بە ئێمە گەیشتووە و ئێمەی بەتەواوی شەکەتکردووە ژیانێکی ئیشارەتیی دوور لە عیبارەت و بێ ئامانج و بێ ناوەرۆکە. لە دیندارییمان بۆ سیاسەت، لە دۆخی کۆمەڵایەتیمان بۆ دۆخە شڵەژاو و ناسەقامگیرییەکەی ئابووریی، لە حیزبایەتیی بۆ خێزانداری هەمووی تێکەڵەیەکە لە ئیشارەتێکی ناتەندرووستی کە نەک هەر حەزی لێیە لە پەنجەکەدا بمێنێتەوە، بەڵکوو وەک دۆشاومژەیەکی پیرۆز دەشیلێسێتەوە، لەکاتێکدا ژیانی ڕۆژانەو پێودانگەکانی لە شوناسی دینداری و سیاسەت و ئابووریی ودۆخی کۆمەڵایەتیی زیاتر کۆمەڵێک واژەی عیبارەتین نەوەک ئیشارەتی بن.
تەماشای ئەو شانۆگەرییە هەزیل و ڕەزیلە بکە کە بیست ساڵە سیاسی و مەرجەعەکانی ئەم وڵاتە دەستیان دەوەتی و قومێک ژیانیان کردۆتە ئاوی گەواراو دەستی کەس ناکەوێت، لەژێر موغاڵەتە عیبارەتییەکاندا موقەدەراتی چل ملیۆن کەس بە شەرعیەتی کەمینەیەکی تەزویر و دراو و درۆوە پایەماڵ دەکەن. خەڵکێکی بێ دەرەتان و بێ مووچە و خزمەتگوزاریی کۆمەمەڵێک کەسی لەخۆیان هەژارتر هەڵیبژاردوون بۆ ئەوەی شەڕی مافەکانیان بکەن، ئاو و کارەبا و ئەمنییەتی بێمەرجیان بەیاسا بۆ دابین بکەن، بەڵام ئەمان لەبری خۆ ئامادەکردن بۆ عیباراتی بەهێز و لۆجیکیی هەریەکە و بە جۆرێک لەئیشارەتی مەلاشێخەکەیاندا بەجێماوە کڕنووشی بۆ دەبات و پەیمانی بەندایەتی بۆ نوێ دەکاتەوە و بەتەنیا ئیشارەتێکی ئەو هەموو ئەو ئیعتبارەی خەڵک پێیدابوون توڕی هەڵدەدەن. جا ئیشارەتەکان جیاوازن، هەندێکیان قەومی و هەندێکی دیکەیان دینین، گەر دەتەوێ بزانی بوۆچی ئەم دۆخە بەردەوام وەک سوڕێکی سەرەتانی دووبارە دەبێتەوە پێویستە بزانیت لەم وڵاتەدا لەبری عیبارەت ئیشارەت کاردەکات، ئیشاراتی کێش؟ سەرکەشترین و بێ پەرواترین و کەم عەقڵترین جۆری سەرکردە و مەلاشێخ و مەرجەع و سەرکردەکان.
سی ساڵەی سیاسەت لە کوردستان درێژکراوەی هەمان ئەو ئەزموونەی تەریقەتی نەقشبەنەندیی و قادرییە، سەرەتاییترین موقەویماتی حوکمداریی و دەوڵەتداریی نابیندرێت، دەزانن بۆ؟ چونکە هێشتا لە ئیشارەتەوە بۆ عیبارەت نەمانگواستوەتەوە. ئەو ئیشارەتەشی هەیە بۆ هیچ شتێکی گەورە و بەقیمەت نییە کە نیشانمانی بدات، بەڵکوو هەموو ئامانجەکە ئەو پەنجەیە کە سەرۆک و شێخ و سەرکردە بەرزی کردۆتەوە و بەردەوام ئاڕاستەی هیچی دەکات و ئێمەش لە هیچەوە بۆ هیچێکی قەبەتر دەداتەبەر و دوات لەژێر ناونیشانی ئیشارات و حیکمەت و فیراسەتی بەهێزی سەرۆکدا دەمانخاتە هەلەکەسەما و دۆخێکی پانیکی وەها کە نەتوانین ڕادەست نەبین، گەر وانییە بە چ میتۆدێکی دیکە دەبێت بتوانین لە گەندەڵیی سی ساڵی ڕابردوو، خیانەت، شەڕی براکوژیی، ئابووریی سەربەخۆ، شکستی ڕیفڕاندۆم، ڕادەست بوونەوە بە #داعش#، ڕادەست کردنی ئێزدییەکان و دواتریش بەسەرکزی و لارەملییەوە گەڕانەوە بۆ بەغدای تەڵاقدراو، بێ ئاویی و بێ کارەبایی و هەزاران شکستی دیکە تێبگەین؟
بەگشتی سیاسەت و بەڕێوەبردن زانست و هونەرن، سەر بە دونیابینی عیبارەتن نەوەک ئیشارەت، لۆژیک تێیاندا سەنتەرە نەوەک وەلاء و بەڕاء و خۆشەویستی، ئەم باسە ژیارییانە گەر هاتوو کرانە دەستکەلای دەستی دونیابینی ئیشارەت، ئەوسا نابێت چاوەڕێ بین لەم قۆڕە تۆزێک هەستێت. [1]