ناونیشانی بابەت: کوورتەیەک لە ژیاننامە و کارنامەی هونەری هونەرمەند شکور خەیات
- هونەرمەند و مەقامبێژ شوکر محەمەد قادر، ناسراو بە #شوکر خەیات#، کە بە مامۆستای مەقامات ناسراوە و یەکێکە لە هونەرمەندە دەنگخۆش و دەنگەڕەسەنەکانی ناوچەی گەرمیان.
-لە ساڵی 1940 لە گوندی قەڵغانلووی سەربە شارۆچکەی #خورماتوو# لەدایک بووە.
-هەر لە منداڵییەوە دەنگێکی تایبەت و خۆشی هەبووە، کاتێک منداڵ بوو گۆرانیی (گیان ئەزیزەکەم) دەرچووبوو، ئەو گۆرانییەی چڕیوە، عەلی مەردانیش گوێی لێ دەبێت و لەبارەی دەنگییەوە گوتبووی (ئەم منداڵە دەنگی زۆر خۆش دەردەچێت). ئیتر لەوکاتە بەدواوە خولیای وتنی مەقامی دەبێت. هاوڕێیەتی لەگەڵ عەلی مەرداندا هەبووە و لە مەقاماتدا هاوکاری بووە.
-لە ساڵی 1953 چووەتە دونیای هونەری کوردییەوە و دەستی بە وتنی بەستە و مەقامات کردووە.
-شوکر خەیات لەپاڵ هونەرەکەیدا، لە ساڵی 1957وە کاری بەرگدروویی (خەیاتی) کردووە و ناسناوەکەی لەوەوە هاتووە.
-چەندین شار و شارۆچکەی کوردستان گەڕاوە و چەند ساڵێکیشی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی #کوردستان# بەسەر بردووە.
-ئەم هونەرمەندە کوردە براوەی چەندین خەڵاتی ناوخۆیی هونەرییە و مەقام و کارە هونەرییەکانی لای زۆربەی خەڵک ناسراون.
-شوکر خەیات، دوای ئەوەی چووە نێو دنیای مەقام و گۆرانییەوە، شارەزاییەکی زۆری لەسەر جۆرەکانی مەقامات پەیدا کرد، بەتایبەت خاوکەر، قەتار، ئەڵاوەیسی و سێ گا، بە یەکێک لە پارێزەرانی مەقام و گۆرانیی ڕەسەنی ناوچەی گەرمیان و کوردستان دادەنرا و بووەتە هەوێنی پێگەیاندنی چەندان هونەرمەند.
-شوکر خەیات لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوه، لە کەرکووکەوە هاتووەتە #هەولێر# و لە بنەسڵاوە نیشتەجێ بووە.
-ئەم هونەرمەندە ماوەی چوار مانگ بوو نەخۆش کەوتبوو، بەڵام نزیکەی دوو هەفتە ، بەهۆی تێکچوونی باری تەندرووستی، لە بەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانە خەوێندرا و دوای 11 ڕۆژ، بەهۆی دژواریی نەخۆشییەکەی، لە شەوی 19/ #18-8-2023# کۆچی دوایی کرد و ڕۆژی #19-8-2023# تەرمەکەی بە مەراسیم بەرەو کەرکووک بەڕێ کرا و لەوێ بە خاک سپێردرا.[1]