توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە ئەو کەسانەی باڵایان بەرزە مەترسی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ کەمترە، بەڵام ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە زیاترە.
توێژینەوەیەک کە لە زانکۆی دوسلدۆرف ئەنجامدراوە، تاقیکردنەوە لەسەر 660 هەزار نەخۆش کراوە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی باڵایان بچووکە لە خانمان و پیاوان، مەترسی تووشبوونیان بە بەرزی پەستانی خوێن و جەڵتەی مێشک زیاترە بە بەراورد لەو کەسانەی باڵایان بەرزترە.
نۆربیت ستیفن کە پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شەکرەیە، باسی لەوە کردووە، ئەو کەسانەی باڵایان بەرزە، بەهۆی ئەوەی چەوری کەمتر لە جەستە و جگەریان کۆدەبێتەوە، مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی شەکرە کەمترە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، بۆ هەر 10 سانتیممەترێک کەمتر لە باڵا، پیاوان بە ڕێژەی %10 و خانمان بە ڕێژەی %15 مەترسی تووشبوونیان هەیە بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم.
هەروەها داتاکان ئەوەشیان ئاشکراکردووە، کەسانی باڵابەرز مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی شێرپەنجە زیاترە لە پیاوان بە ڕێژەی %6 و خانمان بە ڕێژەی %11 بۆ هەر 10 سانتیممەترێک بەرزتر لە باڵا. [1]