ڕانانێک بۆ ئۆتۆبۆسێکی کەسک حەلەب بەجێ دەهێڵێ
سەرنج دەدەم هەواڵی شەڕ و داگیرکاری و کووشت و کووشتار، لە تەلەڤزیۆن و ڕادیۆکانەوە دەیبیستی، جیاوازی زۆرە لەگەڵ خوێندنەوەی پەرتووک. گێڕانەوە هونەرێکی بەرزی ڕۆمان نووسە، ڕاستییەکەی ڕەگەزی سەرەکی نووسینی ڕۆمان، جوان گێڕانەوەیە، ئەوەی جان دۆست لە ڕۆمانەکانیدا بەرجەستەی کردووە یان باشتر بڵێین خوێنەر هاندەدا بەردەوام بێ گێڕانەوەکەیەتی، ئێمە لە ڕاگەیاندنەکاندا بوونی داعش و نییەت و کار و کردەوەکانیمان بیست و ئەو سەربڕین و کووشت و کووشتارەی لە گۆڕەپانی جەنگ لە باشووریش تارمایەکی ڕەشی پۆشی بوو، دەستەڵاتی داعش و شەریعەتەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە باشووری کوردستان، نەیتوانی بەردەوامی پێ بدا، ناکرێ ئازایەتی و دڵسۆزی گەریلا و پێشمەرگە نکۆڵی لێ بکرێ، بێگومان لە هەموو لایەکەوە داعش تێکشکا، ئەو ترس و دڵەڕاوکێ و کووشت و کووشتارەی لە ڕۆژاوا، لە حەڵەب بەگشتی لە سووریا کرا، جان دۆست پنت و درز و کەلەبەری بوونی داعشی جوان وێنا کردووە، لەخوێندنەوەی ئەو پەرتووکەدا هەستم دەکرد جنۆکە هاتۆتە ناو گیانم، هەستم دەکرد خەریکە هەڵدەوەرم، خەریکە ژیان دەگۆڕمەوە بە مردن، خەریکە دەسووتێم و هەموو ڕۆژێ دۆزەخێکی دیکە گڕدەدەن و منداڵەکانم لەبەرچاوم دەخەنە ناو ئاگرەوە، خوێندنەوەی پەرتووکەکە جگە لەوەی وێنەکان و ئازارەکانی گێڕانەوە لە یادگای تۆدا دەمێننەوە، ئەو ڕێگەیەشت نیشان دەدا چۆن بنووسی و چی بخوێنییەوە.
درێژەی نادەمێ خۆت بەدوای پەرتووکەکانی جان دۆست دا بگەڕێ، گەڕ هەموو پەرتووکەکە لێرە بنووسمەوە، دەبێتە ساردبوونەوەی خوێنەر، تەنیا پێویست دەکا ڕانانێک و بۆچوونی خۆت بۆ ماونەوە لە یادەوەریتا چەند سەرەقەڵەمێک بنووسی، هیوادارم خوێنەری بین و دانەبڕێین. [1]