ناساندنی پەرتووکی #وانەی ئەم سەدەیە#
کارڵ پۆپەر، یەکێک لەو فەیلەسووفە ناسراو و دیارانەیە کە بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانی سەبارەت بە بابەتە فەلسەفی، زانستی و ئەخلاقییەکان جێی سەرنج و تێڕامانن.
پۆپەر پتر بە تیۆری پرێنسیپەکانی فالیفیکەیشن The Falsification Principle ناسراوە. مەبەست لە تیۆری فاڵیفیکەیشن ئەوەیە کە تیۆری و بابەتێک بەردەوام بکەوێتە بەر تاقیکاری و پرسیار تا دواجار زانستیبوون یان نەزانستیبوونی بابەتەکە بسەلمێندرێ.
شتێکی دیکە کە پۆپەری پێ ناسراوە، ئەوەیە کە سەری هەودای ئایدیا و بیرۆکەکان بگرێتە دەست و بە دوای هەوداکەدا بچێ تا بنج و بناوانی بابەتەکە دەدۆزێتەوە. ئەم کارەی پۆپەر وایکردووە کە لە ڕەوتی ژیانی فەلسەفی خۆیدا ئاوڕ لە کۆمەڵێک بابەتی وەک هێرمێنۆتیک، هزرمەندبوون، ڕەوشت و گەلێک بابەتی فەلسەفی، فیکری و سیاسیش بداتەوە.
پۆپەر یەکێک لە دژبەرە بە هێز و گەورەکانی مارکس و کۆمۆنیزم و دژی هەموو جۆرە بانگەشەیەک بوو کە تۆژینەوەیەکی سیاسی لەسەر بنەمای مەعریفی سەبارەت بە یاساکانی مێژوو دامەزرا بێت. ئەو لە پلەی تیۆریسێن (تیۆری داڕێژەر) ێکی کۆمەڵگەی کراوەدا، ڕووداوەکانی ساڵانی 1989 و 1991ی وەک تەئیدی ڕەخنەی بنەڕەتی و گرنگەکانی خۆی لە مارکسیزم دادەنا.
لە پەرتووکی وانەی ئەم سەدەیەدا، ڕۆژنامەنووس جیانکارا لۆبۆزووتی وتووێژێکی تێروتەسەلی لەگەڵ کارڵ پۆپەر سەبارەت بەئازادی، دێمۆکڕاسی، عەقڵانییەت و بەرهەمهێنانی بیرۆکەی زانستی یان نازانستی و هەروەها گەلێک پرسی پەیوەندیدار بە ژیانی ئێستای مرۆڤ ڕێک خستووە. لەم وتووێژەدا و لەجێیەک لۆبۆزووتی، میوانەکەی دەبزێوێ و سەبارەت بە ڕاگەیاندن و بابەتی تەلەڤزیۆن وەها دەیدوێنێ:
تەلەڤزیۆن مرۆڤ گەندەڵ بار دێنێ! ”ئەم دۆخە پتر لە دۆخی شەڕ دەچێ”.
پرسیار: لە جێیەک باسی ڕووخان و داڕمانی ئەخلاقت کردووە، دەکرێ بە ڕوونی بێژی مەبەستت چییە؟
وڵام: کوورتوپۆخت بیلێم، مەبەستم لە هەڵکشانی ڕێژەی تاوان، تووندوتیژی و لەدەسچوونی هەستی ژیانە لە جیهانێکی پڕ ئاوەدان و پڕ ساماندا. هەتا تەلەڤزیۆن نەبوو، ژمارەی ئەو تاوانەی لە کۆمەڵگەکەماندا ڕوویان-دەدا بە هاسانی لە ژماردن دەهاتن و تاوانەکانیش هێندە ئاڵۆز و زۆر نەبوون.
پرسیار: باشە ئەوە جۆرێک بەپیرۆزکردنی ڕابردوو نییە؟
وڵام: با ئەوەش بڵێم کە لاریم لەوە نییە کە جیهان خاوەنی نەزم و یاسایەکی تایبەت بەخۆیەتی. ئەوکات، جیهان هەم گچکە، هەم ناشیرین و وەک هێندێک کەس دەڵێن، تەنانەت بۆڕژوایی بوو. بەڵام جیهانێک بوو کە دەکرا لەودا گریمانەی ئەوەی تێدا بکرێ-بەو شێوە کە من وەها لە تۆ دەڕوانم-ئەو کەسەی لە بەرانبەرتدا دانیشتووە، دەمانچەی و چەکی لە باخەڵدا نەبوو. ئەو سەردەمە بەسەرچوو و تازە ناگەڕێتەوە.
پرسیار: بەڵام پڕۆفیسۆر پۆپەر، تۆ هەمیشە فەیلەسووفێکی گەشبین بووی. بەردەوام ئەوەت دەوت کە جیهانی خۆتان، وەک لایێبنتیسیش دەیگوت، بە جیهانی باشی بزانن. چما چیر وا بیر نایەکەوە؟
وڵام: لێت ناشارمەوە کە من کەسێکی گەشبینم، بەڵام نەک بەو شێوەی تۆ پێت وایە و باست کرد. من هەرگیز نەمگوتووە جیهانی ئێمە باشترین جیهانە. من وتوومە، جیهانی ئێمە، سەرەڕای ئەو هەموو شەڕە ترسناکانەی تێیدا ڕوویانداوە، هەمیسان باشترین جیهانێکە کە تا ئێستا هەیە. هەڵبەت هەمووانیش ئەوەی دەزانن کە ئەزموونی تووندوتیژی لە شەڕدا باندۆر و کاریگەریی قووڵ و نالەبەری بەرهەم هێناوە. [1]