لەبۆت دەمرم هەولێرە ماست!
#کەژاڵ ئەحمەد#
غەریبیت دەکەم گوڵەباخ
دەڵێی سەرابی؛
دەست ڕادەکێشم و ناتگرم!
هەنگاو دەنێم و ناتگەمێ.
غەریبیت دەکەم، سەعات نۆ
بلیتێکی پاسی شەستیم بۆ وەرگرە
یادت بەخێر پاسی شەستی؛
چەند بەتام بوو خولانەوەی درێژخایانی ڕێگا
کە هەر دەتوت
سەفەرە بەرەو هەسارەی کاکێشان
چەند خۆش بوون تامی نیسکافێ و
تەعلیقی پیاوە کەنەفت و خەڵەفاوەکانی قەڵا
یادت بەخێر...
سێبەری پرچی درەختە عەیارەکانی گڵکەند و
هەتاوی وێستگە پیسەکەی بەرامبەر پەرلەمان
لۆت دەمرم گوڵەباخ!
دڵم هەروەکو زەمبیلەی بن هەنگڵی
ژنەکانی شێخەڵڵا کونکونە و،
ئازارم وەک عەرەبانەی
کەرەستەی دۆڵمە دەگەڕێ
من لەعەشقی تەنزەوە بوو
پێم دەوتی (هەولێرە ماست)
کەچی تۆ وەک بۆینباخەکەی هادی چاوشلی
بەردەوام هەر بەویقار بووی،
بۆیە سەری پەشیمانیم
وەختە دوو شاخی لێ بڕوێ.
تازە ئیدی ...
گوڵەکانی سلێمانی و تاران و ئەنقەرە بەمن چی
کە هیچیان بۆنی پەناگوێی
گوڵەکەی خۆمیان لێ نایە...
یار و دیارم چەند دوورن
وەرزی دڵم چەند تەنیایە.
(سێو پێگەیی نەهاتم، کە لیمۆ زەرد بوو
هەر نایەم
نەخۆش کەوتی نەهاتم! وادەی ڕۆحکێشان قەت نایەم)
غەریبیت دەکەم ئێوارەی
ڕۆژێکی دیکەش دەچین بۆ عەنکاوە
غەریبیت دەکەم تۆ بڵێی
مەغریبی ساتێکی دیکەیش
بۆ سەیری بەهەشتە سەیرە
هەڵواسراوەکانم بەری و
لەلای (هەدلە) دوو قاوە بگرینەوە؟!
قەلەندەر خۆمان گوڵەباخ
هێڵی سەعاتەکان باڵن
بڕوانە زەمەن چۆنچۆنی پێیان دەفڕێ
ئاوڕێک ناداتەوە،
نامەیەک نانێرێ!
ژیانی ئێمە بێباکە
وەک بێئاویی گەڕەکی عارەبان
ناموڕادە وەک شەقامی کۆتر سەلام
ئاﮪ... خودایە!
یار و دیارمان چەند دوورن
وەرزی دڵمان چەند تەنیایە.
#کرماشان# - 1996
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم هۆنراوەیە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=[1]