ناونیشانی بابەت: شەڕی گۆگامێلا یەکێک لە جەنگە گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتی لەسەر خاکی کوردستان
ئامادەکردنی:#محەمەد هەسنانی#
شەڕی (گۆگامێلا) لەنێوان سوپای یۆنانی بە سەرکردایەتیی (ئەسکەندەری مەکەدۆنی) و سوپای هەخامەنشی (ئەخمینی) بە یسەرکردایەتی (داریووشی سێیەم) لە ساڵی 331ی پێش زایین، واتە لە 1691 ساڵ بەر لە ئێستا(2023) ڕوویدا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری #سۆران#، سوپای ئەسکەندەر بە 40 هەزار سەربازی پیادە و 7 هەزار شەڕکەری سوارچاکەوە، ڕووبەڕووی 250 هەزار سەربازی داریووشی سێیەمی پاشای ئەخمینی بووەتەوە. هۆکاری درووستبوونی ئەو جەنگەش، جگە لەوەی جەنگی فراوانخوازی بووە، تۆڵەکردنەوەش بووە لەیەکتری، کە پێشتر ئیمپراتۆری ئەخمینی چەندین ناوچەی دیکەی لەژێردەستدا بووە، بۆیە سوپای ئەسکەندەر گەورەترین نەیاری خۆی لە ناوچەکە شکاندووە و فرانخوازیی دەسەڵاتی خۆی زیاتر بەرەو خۆرهەڵات کشاندووە.
شوێنی گۆڕەپانی جەنگی گۆگامێلا، دەکەوێتە دەشتاییەکانی بەردەڕەشی ئێستا (2023)، لە ڕووی کاگێڕییەوە سەر بە #دهۆک#ە و دەکەوێتە نێوان سێ پارێزگا، شوێنی شەڕەکە بەدووریی 90 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری #هەولێر#ەوە دیاری کراوە، کە ئەوکات ئەربێلا سنوورە جوگرافییەکەی فراوانتر بووە.
ڕای جیاواز هەیە لەسەر ژمارەی کوژراوانی جەنگی گۆگامێلا، یان ئەربێلا، هەندێ سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن، کە هەزار تا هەزار و 500 سەربازی ئەسکەندەر کوژراون، لە بەرانبەردا 10 بۆ 20 هەزار سەربازی داریووش کوژراو، کە دووای جەنگێکی خوێناوی، سوپای ئەسکەندەر بە چەندین هۆکار، بەسەر سوپای داریووشدا سەردەکەوێت، لەوانە بەکارهێنانی تاکتیکی نوێی سەربازی و ڕمی درێژی دژە گالیسکە و پشووی تەواوی سەربازانی.
لەبارەی پانتایی و درێژیی گۆڕەپانی جەنگەکە، تا ئێستا(2023) بەپێی دوایین گەڕان و دیکۆمێنتەکان، ڕای جیاواز لەسەر شوێنەکە هەیە، بەڵام هەندێکیان ئەم دەشتاییەیان دیاری کردووە، کە ئەمە هێڵی پانی و درێژی، یاخود هێڵی خۆرهەڵات و باکوورە، بەپێی زۆربەی سەرچاوەکانیش ڕووبەری گۆڕەپانەکە 10 کیلۆمەتر دووجا بووە، بەمەش 100 ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە دەکات.
لێکۆڵەران، هەر لە ئەمریکییەکانەوە تا یۆنانی و ئیتاڵییەکان، چەندین هەوڵیان داوە، بۆ ئەوەی شوێنی شەڕەکە بسەلمێنن و بپشکنن، چونکە ئەو جەنگە لەنێوان خۆراواییەکان و خۆرهەڵاتییەکاندا ڕووی دا و خۆراواییەکانیش بەسەر خۆرهەڵاتدا سەرکەوتن، بە بۆچوونی خۆیان، بۆیە تامەزرۆن و زۆر گرنگیی پێ دەدەن و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن.
هەروەها دەگوترێت شەڕی گۆگامێلا بە یەکێک لە جەنگە گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت، کە لەسەر خاکی کوردستان ڕوویداوە. ماوەی چەند ساڵێکیشە تیمێکی یۆنانی سەرقاڵی دۆزینەوەی مەیدانی جەنگەکەن و تا ئێستا(2023) چەندین سەرەداویان دۆزیوەتەوە. دەگوترێ کوردە مادەکان وەک تۆڵەکردنەوە لە فارسەکان، کە دەوڵەتی مادیان ڕووخاند، پشتگیریی ئەسکەندەریان کردووە.
دەربارەی ئەوەی بۆچی بەو جەنگە دەگوترێت گۆگامێلا، ڕای جیاواز هەیە، هەندێ شیکەرەوە دەڵێن ناوی شەڕگەکە لە (جۆگۆمل) ەوە، لە زاری گریکیدا بۆ (گۆ گۆمل) و (گۆ گەمێل) گۆڕاوە و هەرواش تۆمار کراوە. پاشگری (ئا) ی گریکیش چووەتە سەر هەردوو ناوەکە، بەمجۆرە هەردوو ناوەکان لە تۆمارە مێژووییەکاندا بوونەتە (ئەربێلا) و (گۆگامێلا) .[1]