ناونیشانی پەرتووک: بوونناسی بنەڕەتی؛ تەجرەبەی کوردی بەرەو کرانەوەیەک
ناوی نووسەر: #دارا مستەوفی#
شوێنی چاپ: سوید
دەزگای پەخش: 49 کتێب
ساڵی چاپ: 2022
ژمارەی چاپ: چاپی یەکەم
پوختە: بوونناسیی بنەڕەتی؛ تەجربەی کوردی بەرەو کرانەوەیەک سەردێڕی زنجیرە سیمینارێک بوو کە لە ڕێکەوتی 1ی ئاب تا 9ی ئابی 2021 لە سێ بەشدا لەلایەن ڕادیۆ کوردستان بەڕێوەچوو. لە ئێستادا دەقی ڕاستکراوی سێمینارەکە لە قەوارەی پەرتووکێک ئامادە کراوە. ئەم وتارە لە چوار بەشی سەرەکی پێکەوەبەستراو ساز بووە.
یەکەم، دیاردەناسی و تایبەتمەندییەکانی کە پێشەکییەکی ڕوونکەرەوەیە سەبارەت بە میتۆدی دیاردەناسی.
دووەم، ئانالیزی ئێگزێستنشیاڵی دازاین، ئەم بەشە کە پێناسە و ڕاڤەیەکی سەرەتاییە، بریتییە لە ئاماژەیەکی بەرایی لەسەر چەمکی بوون، جیاوازی مانای بوون لەلای کانت و هایدگێر بە پێی خوێندنەوەی پرسە بنچینەییەکانی دیاردەناسی، پرسیار لە بوون، دازاین وەک بوونی-ئائێرە، جیاوازی فامی سابجێکتیڤ لە جیهان و بوون لەنێو جیهان وەک چۆنێتی بنەمایی دازاین، دەرکەوتوویی بوونەوەر و حەقیقەت بە مانای دانەپۆشراوەیی، پرسیار لە کێیەتی دازاین.
سێیەم، ڕاڤەیەک لەسەر بنیاتی بوونناسانەی تەجربەی کوردی، ئەم بەشە لە دەرخستنی سەرەتایی ترین نیشانەکانی وتەی گشتی بوون لەنێو جیهانی کورد هەنگاو هەڵدێنێت بەرەو ڕاڤەیەکی دیاردەناسانە لەسەر بنیاتی بوونناسانەی تەجربەی کوردی بە پێی میتۆدی دیاریکراو.
چوارەم، ڕاڤەی دیاردەناسانەی دیاردەی مەرگ و دڵەڕاوکێ، ئەم بەشە بریتییە لە پێداگری لەسەر پرسیار لە کێیەتی دازاین، ڕۆڵی دڵەراوکێ لە تێگەیشتن لە بوون و ئاگایی لە نەبوویی. [1]