ناونیشانی بابەت: گەشتوگوزاری تاریکی چییە؟
ئامادەکردن و نووسین: #کارێز ڕەسوڵ نەبی#
=KTML_Bold=سەرەتا:=KTML_End=
گەشتوگوزاری تاریکی چییە؟
گەشتوگوزاری تاریکی (بە عەرەبی: سياحة الظلام، بە ئینگلیزی: Dark Tourism)
گەشتوگوزاری تاریکی بریتییە لە گەشتکردنی گەشتیاران بۆ ئەو ناوچە و شوێنانەی کە لە ڕابردوودا دووچاری کارەساتێکی سرووشتی وەک: (بوومەلەزە، تەقینەوەی گڕکانەکان، تسۆنامی، با، لافا و تۆفان) یان کارەساتێکی مرۆیی وەک: (ئەو شوێن و ناوچانەی کە مافەکانی مرۆڤی تیادا پێشێلکراوە وەکوو ئازار و ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان، زیندانیکردن، جینۆساید و کۆمەڵکوژی و زیندە بەچاڵکردن) .
گەشتوگوزاری تاڕیکی لقێکی گرینگە لە لقەکانی گەشتوگوزار، ھەرچەندە دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵام بەکارھێنانی ئەم چەمک و زاراوەیە (ناونانی) نوێیە.
=KTML_Bold=ناوەرۆک:=KTML_End=
● سەرەتا
● چەمک و زاراوەی گەشتوگوزاری تاریکی و چۆنییەتی گەشەپێدانی
● پلە بەندی گەشتوگوزاری تاریکی
● بنەما سرووشتی و مرۆییەکانی گەشەپێدانی گەشتوگوزاری تاریکی
● گەشەپێدانی گەشتوگوزاری تاریکی لە ھەرێمی کوردستان
● لیستی سەرچاوەکان
چەمک و زاراوەی گەشتوگوزاری تاریکی و چۆنییەتی گەشەپێدانی:
● گەشتوگوزاری تاریکی (Dark Tourism) :
لە چەمک و دەستەواژە نوێیەکان دادەنرێت کە لە توێژینەوە ئەکادیمییەکانی گەشتوگوزار بەکاردێت، ئەم چەمکە بۆ یەکەم جار لە ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن ھەریەک لە (جون لینون John Lennon) و (مالکولم فولی Malcolm Foley) بەکارھێنراوە.
(سیتۆن Seaton) لە توێژینەوەیەکیدا بەناوی (Guided by dark: From thanatopsis to than tourism) دەستەواژە و چەمکی (Than Tourism) ی داڕشت، وشەی (Thanatourism) وەرگیراوە لە وشەیەکی یۆنانی کۆن (تاناتوس Tanatos) کە بە واتای بەرجەستەکردنی مردن دێت، (کریس ڕۆجێک Chris Rojek) یش دەستەواژە و چەمکی (خاڵی ڕەش Blak Spots) ی بەکارھێناوە لە جیاتی چەمکی گەشتوگوزاری تاریکی.
کەواتە، گەشتوگوزاری تاریکی: بریتییە لە گەشتکردن بۆ ئەو ناوچە و شوێنانەی کە لە ڕابردوودا دووچاری کارەساتێکی سرووشتی یان مرۆیی بوونەتەوە یان بریتییە لە دیاردەی (پیشاندان و بەکارھێنان) لەلایەن سەردانیکەرانەوە بۆ ئەو شوێن و ناوچانەی کە لە ڕابردوودا دووچاری کارەساتێکی ڕاستەقینە و دوژمنکارانە بوونەتەوە.
● پلە بەندی گەشتوگوزاری تاریکی:
گەشتوگوزاری تاریکی جیاوازییەک لە خۆ دەگرێت کە ناسراوە بە (سێبەر یان ناڕوونی، توندیەتی تاریکایی Shades of intensity of darkness) یان (پلەکانی تووندی تاریکایی Degress of intensity of darkness) کە خۆی دەبینێتەوە لەنێوان (زۆر تاریک Darkest) و (کەم تاریک Lightest) بەم جۆرەش گەشتوگوزاری تاریکی پلە بەندی ھەیە لەنێوان (ھەرە زۆر) و (ھەرە کەم) ی دەربڕینەکانی مردن، جۆری یەکەم بەوە جیادەکرێتەوە کە (زۆر تاریکە) بەو مانایەی کە ئەو ناوچەیە زۆر بە تووندی ئازاری چەشتووە وەک: شوێنی جینۆسایدکردن و گۆڕە بە کۆمەڵەکان، گرینگترینیان کوشتنی بەکۆمەڵ (Mass - Murde) یان کارەسات (Disasters) . جۆری دووەمیان (سوکتر و کزترە) بە بەراورد لەگەڵ جۆری یەکەم، جۆری دووەم پەیوەستە بە شوێن و ناوچەکانی ڕابواردنی ڕۆشنبیری وەک: (مۆزەخانەی Dracula Museums) کە ئەو ماڵانە و دانیشتووانەکانیان و گۆڕەکانیان، گۆڕی کەسە بەناوبانگەکانی تیایە.
● بنەما سرووشتی و مرۆییەکانی گەشەپێدانی گەشتوگوزاری تاریکی:
1- بنەما سرووشتییەکان: بریتین لەو بنەمایانەی کە لە ڕابردوودا ناوچەیەک یان شوێنێک دووچاری کارەساتێکی سرووشتی بوونەتەوە وەک: (بوومەلەزەر، تسۆنامی، تەقینەوەی گرکانەکان، با، باران و تۆفان) نموونە وەکوو (پۆمپی Pompeii) شارێکی ڕۆمانی کۆنە دەکەوێتە نزیک شاری ناپۆڵی لە ئیتاڵیا لە ساڵی 1979 تەقینەوەیەکی گڕکانی لە چیای فیزۆف ڕوویدا و بە تەواوی شاری پۆمپی وێرانکرد، تەقینەوەی ئەم گڕکانە بووە ھۆکاری لەناوچوون و مردنی ھەموو دانیشتووانی شارەکە یان دیاردەی ڕوودانی تسۆنامی لە وڵاتی ژاپۆن.
2- بنەما مرۆییەکان: بریتین لەو بنەمایانەی کە لە ڕابردوودا ناوچەیەک یان شوێنێک دووچاری کارەساتێکی مرۆیی بووەتەوە، وەکوو ئەو ناوچانەی مافەکانی مرۆڤی تیادا پێشێلکراوە کە خۆی دەبینێتەوە لە (گرتووخانە نھێنیەکان و ئازاردان و ئەشکەنجەدانی گیراوانی گرتووخانەکان، ئەو شوێن و ناوچانەی کە شەڕ (جەنگ) ی تیادا ڕوویداوە و بووەتە مایەی لەناوچوونی سەدان ھەزار سەرباز، گۆڕی بەکۆمەڵ (زیندە بە چاڵ) ، (جینۆساید) گرینگترینیشیان کێڵگەکانی کوشتن لە کەمبۆدیا (Killing Fields) ، سەربازگەکانی دەستگیردن و لەناوبردن (جینۆساید) لە ئۆشفیتز لە پۆڵەندا، مۆزەخانەی قوربانیانی جینۆسایدی بە کۆمەڵ لە (ڤیلینیۆس Vilnius) لە لیتوانیا.
● گەشەپێدانی گەشتوگوزاری تاریکی لە ھەرێمی کوردستان:
ھەرێمی کوردستان بێ بەش نەبووە لەو شوێن و ناوچانەی کە لە ڕابردوودا دووچاری کارەساتێکی مرۆیی بوونەتەوە و بووەتە مایەی زیندانی کردن و ئەشکەنجەدان و جینۆسایدکردن و کۆمەڵکوژی و ئەنفالکردنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە گرینگترینیان بریتین لە:
1- مۆنۆمێنتی #ھەڵەبجە# کە دەکەوێتە بەشی ڕۆژاوای پارێزگاکە، لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی ئێراق ئەم پارێزگایە لە 16ی ئازاری 1988 کیماباران کرا، دەرەئەنجام بووە ھۆی مردنی دەیان ھەزار کەس و جگە لەوەی بەشی زۆری خەڵکی ئەم شارە دووچاری نەخۆشی وەک: تەنگەنەفەسی (ھەناسە تووندی) ، کوێر بوون بوونەتەوە، بۆیە ساڵانە لە کاتی یادکردنەوەی ئەم کارەساتە زیاتر لە (80000) گەشتیار سەردانی مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە دەکەن کە زۆربەیان گەشتیاری بیانین.
2- گرتووخانەی زیندانیان و سزادانی شۆڕشگێڕانی کورد لە سەردەمی ڕژێمی #بەعس# کە بە سەدان کەسی تیدا لە سێدارە دراوە و کوژراوە و ئازار و ئەشکەنجەدراوە، ئەو گرتووخانەیە ناسراوە بە (ئەمنە سوورەکە) لە پارێزگای #سلێمانی#.
3- ئەنفال کردن و زیندە بەچاڵکردنی بارزانیەکان.
4- گۆڕی بە کۆمەڵی قوربانیانی (#داعش#) کوردانی ئێزدی لە #شەنگال#.
5- ئەو ناوچە و شوێنانەی کە ھێزی چەکدارانی بزووتنەوەی ئیسلامی داعش کردەوەی تیرۆرستیان تیادا ئەنجام داوە، بە تایبەتیی سنووری پارێزگای #کەرکووک# و موسڵ و حەویجە و گوندە دوورە دەستەکان.
=KTML_Bold=لیستی سەرچاوەکان:=KTML_End=
1- توانستەکانی گەشتوگوزاری تاریکی و چۆنییەتی گەشەپێدانی لە پارێزگای ھەڵەبجە (لێکۆڵینەوەیەک لە جوگرافیا گەشتوگوزار)
ئامادەکردن: عەلی ڕەسوڵ بایەزید، محەمەد بورھان ساڵح
بە سەرپەرشتی: پ.ی.د. ئامانج ئەحمەد حەمەدمین، 2022.
2-
https://www.nationalgeographic.co.uk/travel/2018/02/dark-tourism-when-tragedy-meets-tourism
[1]