ناونیشانی بابەت: گۆرانییەک، دەستی نازدار حەیرانی کەشف کرد!
نووسینی: #ڕزگار خۆشناو#
پاشی ئەوەی چوومە شەقراوێ و نازدار حەیرانم دیت و پێی گۆتم، لۆ ئەمنی پاش نۆ ساری عیلاقە و عاشقاتی، بەجێ هێشت! شیعرەکم لەسەر دانا و کردمە گۆرانی. برادەرەکی خۆم، ڕەحمەتی کاک نەشئەت حەمید ڕەئووف، لۆ مۆسیقا لێدانێ، دەعوەتی لای برادەرەکی خۆی کردم، کە عیدمیلادی هەبوو، ئەو بە نای و ئەمنیش بە عوودی! کاک نەشئەت هاتە دووم بە سەیارێ خۆی، چونکە ئەمن مارەکەم پێنازانی! وابزانم مارەکەیان لە محەلەی ئازادی بوو.
کە چووینە ژۆرێ، تەقریبەن 10تا 12 کەسی لێ بوون، کوڕەکەی عیدمیلادی هەبوو ئەوەی لەوێش بوون، هەر لە عومری مە بوو، کوڕەکە زۆر سپۆرت و ڕێکوپێک دیار بوو، حەفلە گەرم بوو، مۆسیقا لێ درا، خەرک گەرم بوون و هەتا گەیشتینە گۆرانیی (هەپی بێرسدەی توو یوو)، دیار بوو ئەوانەی لەوێ بوون شتەکەیان زۆر بەدر بوو، هەر گۆرانیەک خەلاس دەبوو، دەیانگۆت یەکی دیکەش! سەبر سەبر خەرکەکە خواحافیزییان دەکرد و دەچوونۆ مارێ، تەقریبەن نیوەیان زیاتر ڕۆیشتن، هەر چار پێنج کەس ماین.
ئەمن لە ئێوارێ ڕا، حسمەکرد ئەو کوڕەی عیدمیلادی هەبوو لەجیاتی کەیفخۆش بی و پێبکەنی، زۆر زەوقی نەبوو، ئەمنیش لەو شتانە زۆر حەساسم، ئەو وەختی و هەتا هەنکەش کەیفم بە مەشڕووبی ناهات و نایێ، لۆیێ بەشی زۆری خەرکی لەبەر خواردنەوەی ئاگایان لە هیچ ناما و، ئەمنیش تەماشێ هەموانمەکرد، کو قسانەکەن و ئەخۆن و ئەخۆنۆ، نوکتانەگێڕنۆ پێکەنن و، هەتا وەختی مۆسیقان لێ دا، تەماشێ خەرکیمەکرد، کێ حەزی لە مۆسیقایە؟ کێ گێداتێ و کێ هەر قسانەکاو گێناداتە مۆسیقای! ئەو وەختی و هەنکەش کە ببینم خەرک گێناداتە موسیقای، زۆر لە قالبم گرانە مۆسیقای لێدەم! لە کنەمن خۆشتر و باشترە لۆ سێ چار کەسی لێدەی، کە گێت لێ گرن لەجیاتی لۆ 200 یا 300 کەسی لێدەن بەران گێت لێ ڕاناگرن!
لۆیێ کە حەفلەکە بڕەک چۆل بوو حەزمەکرد لۆ ئەو چەند کەسەی، کە لەوێ مابوون عوودی لێ بدەم، لەبەرەوەی خەرک تێر مەشڕووبیان خواردبۆوە، تێر قسە ببوون، لۆیێ کڕ ببوون! ئێک لە کۆڕەکان لە منی پرسی: کاک ڕزگار حەزەکەین بزانین ئاخر گۆرانیت ناوی چیە؟ ئەگەر زەحمەت نەبی لۆن برێی! ئەمنیش گۆتم: سەرچاو.
دەستم بە گۆرانیی (بێ وەفا بۆچی بۆ بەجێت هێشتم؟) و چونکە هێشتا بریندار بووم، زۆر بە حەماسەت و پڕ بەدرێ خۆم گۆت و عوودەکەم وەقسە هینابوو! دنیا زۆر کڕ بوو، هەموو کڕ ببوون و زۆر بەزەوق گێیان لێ ڕاگرتبووم! هەندەم زانی، دەبینم ئەو کوڕەی عیدمیلادی هەبوو، فرمێسکی لە چاوان دەهاتنە خوارێ، کە زانی هەموو حسیان کرد، هوڕ هوڕ دەستی بە گریانەکی کرد کە مەجبووری کردم چیتکە نەرێم و ڕاوەستام! بە منی گۆت: لۆ ڕاوەستای کاک ڕزگار؟ لۆ تەواوت نەکرد؟ گۆرانیەکی هەتا برێی خۆش و پڕ مەعنایە! پێم گۆت: باشە پێم برێ لۆ چ بەو گۆرانیەی، دەستت بە گریانێ کرد؟ جوابی دامۆ و گۆتی: چونکە ئەتوو بەحسی دەردی دری منت کرد و هەر لەتوابی ئەو گۆرانیەت لەسەرە من دانایە، هەرچەندە برینت کولانمەوە، بەران دەست و دەوت هەر خۆش و هەر بمینێی!
دیسان جەرەسی حاسسەی شەشەم لێی دا و لە کوڕەکەم پرسی: ئەو کیژە خەرکی شەقراوێیە؟ گۆتی: ئا
گۆتم: یەکەمین حەڕفی ناوی (ش)ینە؟
گۆتی: ئا
گۆتم: ناوی (شەونم)ە؟
گۆتی: ئا
دەرچوو هەمان کچ بوو!
پێی گۆتم: کاک ڕزگار ئەتوو کوو دەیناسی؟
گۆتم: ئەمن کو نیناسم! بریا هەر نەمناسیبا!
ئەو چەند کەسەی لەوێ مابوون، زۆر تەکلیفیان لێ کردم کە مەوزوعەکەیان بە تێروتەسەلی لە بیدایەتی ڕا لۆبگێڕمۆ، ئەمنیش لەخوام دەویست بگێڕمۆ و ئەو خەمەی لە درێ خۆ بینمە دەرێ، هەموو حەکایەتەکم بە درێژی لۆ بەحس کردن و هەتا گەیشتمە دانانی ئەو گۆرانیەی! لە لایەکی ئەوەندە لەو کچەی تووڕە ببووم کە کوو خیانەت و درۆی لەگەرەمن کرد، لە لایەکی دیکە لە حەقیقەتی ئەو کیژە کەتم و زانیم چ مارەکە و لە دری خۆم دەمگۆت، خوا دەزانی حەزی لە چەند کەسیتکە کردیە و کاغەزی لۆ چەند کوڕیتکە نووسیە! چا نەبوو تووشم نەبوو![1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!