ناونیشانی بابەت: نوکتە و تراژیدیا
ئامادەکردن و نووسین: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
سیگمۆند فرۆید دەڵێ نوکتە هەوڵدانێکە بۆ خۆدزینەوە لە ئەرکە قورسەکانی ژیان و خۆدەربازکردن لە شەرمەزاریی کارکردنی جدی
نوکتە هەوڵێکە بۆ داپڵۆسینی داپڵۆسین ، هاواری بێدەنگەکانە ، گوزەرکردنە بەنێو هاواری خەفەکراو و بێدەنگکراو و داپڵۆسێنراو. مرۆڤ ئەوەی ناتوانێ ڕاستگۆیانە و ئازادانە دەری ببڕێ زۆرجار لە شێوەی نوکتەیەک دەری دەبڕێ . دیارە کە پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان نوکتە و داپڵۆسین ، واتە نوکتە زیاتر لەو ناوچانە زۆرن کە تاک تیایدا ناتوانێ بە ئازادی ڕای خۆی دەرببڕێ . ئاخر کاتێک مرۆڤ هەمو ڕێگاکانی گوزارشت کردنی لێ دەگیرێت بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێ تا لە ڕێگەیەوە پاڵەپەستۆی ناخی خۆی خاڵی بکاتەوە .
تا ڕادەیەک ئەم دیاردەی داپڵۆسینە پەیوەندیی بە سیستەمی سیاسییەوە هەیە بەڵام هۆکاری تریش هەن وەک هۆکاری کەلتوری و کۆمەڵایەتی و ئاینی .... هتد. زۆرجار تاک لەبەر هۆکاری کەلتوری یا کۆمەڵایەتی ناتوانێ بە ئاشکرا بابەتێک بدرکێنێ بۆیە بە نوکتە دەری دەبڕێ ، جاری واش هەیە ئاین هەمان ڕۆڵ دەگێڕێ، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر هۆکاری یەکەم ڕۆڵ دەبینێ ، بۆ نمونە لە سەردەمی حوکمی (جمال عبدالناصر) لە میسر ، پیاوانی ئاسایش هەندێکیان تایبەت کرابون بە گوێگرتن لە نوکتەکانی خەڵک تا بزانن چی دەگوزەرێ چونکە ئاشکرایە لەژێر سایەی دیکتاتۆران خەڵکی ناتوانن بە ئاشکرا قسەی دڵیان بکەن بۆیە ناچارن زۆرترین نوکتە دروست بکەن .
ئەگەر سەرنجی وڵاتانی ڕۆژهەڵات بدەین داپڵۆسین گەیشتۆتە ڕادەیەک خەڵکی هەموکات خەریکی گێڕانەوەی نوکتەیە ، تەنانەت لەکاتی کارەسات و تراژیدیاش هەر بە نوکتە گوزارشت لە ناخی دەکات ، کە ئەمەیان بەڕاستی کارەساتە ، بە پێچەوانەوەش جاری وا هەیە نوکتەکانیش نایخەنە پێکەنین بەڵکو خەمباری دەکەن ، وەک گوتراوە (خراپترین بەڵا ئەوەیە کە دەتخاتە پێکەنین) .
چارلی چاپڵن دەڵێ من هەر ویستم ئازارەکانی خۆمیان پیشان بدەم کەچی خەڵکی هەر پێکەنین
گەلانی ڕۆژهەڵات هێندە ڕاهاتون بە نوکتە و قسەی ناپێویست تا وایلێهاتوە قسەی جدی و هەڵوێستی مەردانەیان بیرچۆتەوە ، خەڵکی بەبێ ویستی خۆیان لەژێر سایەی زەبروزەنگی دیکتاتۆرە یەک بەدوای یەکەکان هێندەیان نوکتە بیستوە و هێندە پرس و مەسەلەی گرنگ کراوەتە بابەتی نوکتە و پێکەنین تا وایلێهاتوە شتێکی گرنگ نەماوە مرۆڤ ڕابگرێت و توشی هێدمەی بکات ، یا وای لێبکات هەڵوێست وەربگرێت بەرامبەر شتێک کە بەڕاستی شایانی هەڵوێست وەرگرتنە. کۆمەڵگەکان خاڵی بونەتەوە لە قسەی جدی و هەموی خەریکی نوکتە و قسەی بێمانایە ، سەرنجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بدە لە کارەسات نوکتە دەبینیت و لە نوکتەش کارەسات . سەرنجی وڵاتانی ڕۆژئاوا بدە ، بە بەراورد بە وڵاتانی ڕۆژهەڵات نوکتەیان زۆر کەمە چونکە ئەوان بوێرانە و ئازادانە ڕای خۆیان دەردەبڕن و پێویستییان بە دەمامکی نوکتە و پێچوپەنا نییە .
تاکی لاواز بۆ هەڵاتن لە سەختیەکانی ڕۆژگار پەنادەباتەبەر هەڵهاتن ، کە شێوازێکی خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی و بەرەنگاربونەوەی سەختییەکانی ڕۆژگار، تاکی ناهۆشیار نازانێ کەی کاتی قسەی جدییە و کەی کاتی نوکتەیە ، ناشزانێ کامە بابەت گرنگە و شایانی هەڵویستە و کامە بابەتیش دەکرێت وەک نوکتە لێی بڕوانرێ ، بۆیە هیچ شتێک بە ئاسانی کاری تێناکات ، بۆ نمونە شانۆگەریی پیشان بدە ئەگەر تراژیدیا بێت نوکتەیەکی لەسەر دەکات ، ئەگەر کۆمیدیاش بێت ئەوا هەرچەند بابەتی گرنگ و چارەنوسسازیشی تێدابێت لای ئەو گرنگ نییە ، هەموی مایەی پێکەنینە !
ئەوەی زۆر مایەی سەرنجە لە ڕۆژهەڵات خەڵکی ترسنۆکییەکی بێ وێنەیان لەپەنای دەمامکی نوکتە حەشارداوە ، خەڵکی تەواو بێ هەڵوێست و دەستەوەستانن بەرامبەر کۆمەڵێک پرسی گرنگی پەیوەست بە ژیان و دواڕۆژیان ، وایلێهاتوە گەورەترین هەڵوێست بۆتە دەربڕینێکی گاڵتەجاڕانە یا دروسکردنی نوکتەیەکی سارد و پڕ تراژیدیا ، دەتوانم بڵێم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە کارگەی دروسکردنی نوکتە و تاکی سڕکراو و خاڵی لە هەڵوێست بەجۆرێک کە هیچ شتێک نایجوڵێنێ هەر بۆیە لە گشت بوارەکانی ژیانیش خاو و لەسەرخۆیە ئاشکراشە بۆچی پێشکەوتن و گۆڕانکاریی زۆر بەدی ناکرێت لەڕوی تێفکرین و پیشەسازی و تەکنۆلۆجیا و هەمو بوارەکانی تری زانست .
داپڵۆسین لە ڕۆژهەڵات تاکێکی بەرهەمهێناوە کە پڕە لە وزەی پەنگخواردو ، هاواری قەتیسکراو و توانای خەسێنراو ، بۆیە لات سەیر نەبێ کە تاکی ڕۆژهەڵاتی لەسەر بچوکترین بابەت بەیەکتردا بتەقنەوە و یەکتر خەڵتانی خوێن بکەن ، ئەوەتا لە شایی ، لە سەیران ، لەسەر شەقامەکان خەڵکی هەموی لە لێواری تەقینەوەدان ، ڕۆژانە دەبیستین خەڵک دەکوژرێن یا برینداردەکرێن لەسەر بابەتی زۆر بێمانا و سادەی وەک ، تۆپانێ ، سەرچۆپی ، شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل ، شوێنی سەیران و .... هتد.
تاک دەرونی زۆر شێواوە لەم دەڤەرە ، جەنگ و برسیەتی و نەهامەتیش ڕۆڵی بەرچاویان هەبوە لە شێواندنی دەرونی تاک ، لەو باوەڕەدام ئەگەر بە وردی پشکنینمان بۆ بکرێت ڕەنگە هەمومان کێشەی دەرونیمان هەبێت ، بۆیە گرنگترین و سەرەتاییترین هەنگاو ئەوەیە دان بەوەدابنێین کە ڕەنگە هەمومان ئەو دەردەمان هەبێت ، هەنگاوی دوەم ئەوەیە کار لەسەرخۆمان بکەین و هەوڵدەین ئارامتر لە ژیان بڕوانین ، ڕەنگە زۆرێکیشمان پێویستیمان بە ڕێنمایی دکتۆر و شارەزایانی دەرونناسی و کۆمەڵناسی هەبێت .
هێڵێکی زۆر باریک گاڵتەجاڕی و ترسنۆکی لەیەک جیادەکاتەوە ، دەبێ فێربین کەی نوکتە بکەین و کەی هەڵوێست وەربگرین ، خۆشاردنەوە لەپەنای دەمامکی گاڵتەجاڕی بەرەو چارەنوسێکی زۆر لەوەی ئێستا خراپترمان دەبات. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بە هیچ جۆرێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=