ناونیشانی بابەت: لە سلێمانى کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ڕۆژاوای زاگرۆس لە هەزارەی یەکەمی زایینیدا بەڕێوەچوو
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
دوێنێ چوارشەممە #13- 09- 2023#، لە هۆڵى زانکۆی سلێمانی، کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ڕۆژاوای زاگرۆس لە هەزارەی یەکەمی زایینیدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و کەسانی پسپۆڕی بواری شوێنەوار لە ناوەووە و دەرەوەی وڵات و ڕۆشنبیران و کەسایەتییە ناسراوەکانی شاری #سلێمانی# بەڕێوەچوو، کە بڕیارە ئەمڕۆش (پێنجشەممە) بەردەوام بێت و تێیدا چەندین لێکۆڵینەوە و بابەتى شوێنەوارى پێشکەش بکرێن.
حسێن حەمە غەریب، بەڕێوەبەرى شوێنەوار و کەلەپوورى سلێمانى، بە (باسکورد) ى ڕاگەیاند: کۆنفرانسەکە بە چاودێریى زانکۆى سلێمانى و بە هاوبەشیی زانکۆی ساپێنزای ئیتاڵی و بەڕێوەبەرایەتیی کەلەپوور و شوێنەواری سلێمانی ئەنجام دەدرێت و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
وتیشى: لە کۆنفرانسەکەدا چەندین وتار و لێکۆڵینەوە پێشکەش دەکرێن، کە گرنگیى ڕۆڵی شوێنەوار لە چەسپاندنی ڕاستییە مێژووییەکانی میللەتان و ناساندنی شارستانییەتی ڕابردووی هەر میللەتێکی دونیا دەردەخرێت، بەتایبەت کە میللەتی کوردیش، شوێنەوارە مێژووییەکانی خاکەکەی گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن، کە یەکێکە لە نەتەوە خاوەن شارستانییەتە گەورەکانی جیهان و لەو ناوچە جوگرافییەی کە ژیاوە، شوێنەواری زۆر گەورەی مێژوویی تێدا دۆزراوەتەوە، کە مێژووە ڕاستەقینەکەی ئاشکرا و پشتڕاست دەکەنەوە.
بەڕێوەبەرى شوێنەوار و کەلەپوورى سلێمانى وتیشی: هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی ئەم جۆرە کۆنفرانسانەوە، بە ڕێگەی زانستی کار بۆ پشکنین و گرنگیدان بە ناوچە شوێنەوارییەکانی کوردستان بکەین، بۆ ئەوەى بتوانرێت لە بواری کەرتی گەشتیاری شوێنەوارى سوودی زۆر بە وڵاتەکەمان بگەیەنێت.
باسى لەوەش کرد:لە کۆنفرانسەکەدا و لە پێنج دانیشتنی جیادا، کە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، چەندین توێژینەوە و بابەتی گرنگ و بەپێز لەلایەن مامۆستایان و شارەزایانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمى کوردستان و ئێراق پێشکەش دەکرێن، کە چەندین بابەتی گرنگ لەسەر شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستان و بەدواداگەڕان و پشکنین و گرنگیدان بە شوێنەوار لە ناوچەکەدا لەخۆ دەگرێت.
بەڕێوەبەرى شوێنەوار و کەلەپوورى سلێمانى ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: ئەو کۆنفرانسە دەکەینە هەوێنى کۆنفرانسەکانى دیکە بۆ داهاتوو، بۆ ئەوەى بگەینە سەلماندنى ئەو ڕاستییەى، کە کورد نەک هەر پاشکۆى نەتەوەکانى دیکە نەبووە، بەڵکوو یەکێک بووە لەو نەتەوە پێشینانەى، کە لە ئەشکەوتەکان هاتووەتە دامێن و خوار شاخەکان و قۆناغى ڕاو و کشتوکاڵى دەست پێکردووە و ڕۆیشتووە بۆ ناوچەکانى دیکە، بەوپێیە، هەوێنى درووستکردن و بنیاتنانى شارستانییەکانى دیکەش بووە.[1]