ناونیشانی بابەت: کارێکى هونەرى، هەڵەبجە و ڕۆژهەڵاتى کوردستان کۆ دەکاتەوە
ئامادەکردنی: #عومەر عەزیز#
دەرهێنەرێکى هەڵەبجە کوورتەفیلمێک بە ناوى (نیوە) بەرهەم دەهێنێت و کارى وێنەگرتنى دەباتە ڕۆژهەڵاتى #کوردستان#.
عوسمان محەمەد، کە دەرهێنەرى فیلمەکەیە و خەڵکى شارى #هەڵەبجە#یە، لەبارەى بەرهەمهێنانى کوورتە فیلمەکەیەوە، بە (باسکورد)ى ڕاگەیاند: ماوەیەکە دەستمان کردووە بە کارکردن لە بەرهەمهێنانى کوورتەفیلمێک بە ناوى (نیوە)، کە ئەم بەرهەمە کارێکى (بێ دەنگە و هیچ دیالۆگێکى) تێدا نییە.
وتیشى: کوورتەفیلمەکە دەرهێنەرى بەندەیە و لەلایەن (یوسف حەمەساڵح) سیناریۆکەى نووسراوە و دوو ئەکتەرى سەرەکی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، لە شارى #سەقز#ى ڕۆژهەڵاتى کوردستان وێنەى گیراوە و ناوەرۆکەکەى باس لەو گرفت، ئاریشە و سەرگەردانییانەى مرۆڤى دیناى ئەمڕۆ دەکات، ئێستا کارەکانى ئەم بەرهەمە هونەرییە لە قۆناغى کۆتاییدایە و دواى تەواوبوونى، بەشداریى فێستیڤاڵەکانى پێ دەکەین.
ئەو دەرهێنەرە جەختیشی کردەوە: وێڕاى گرنگیى ناوەرۆکى فیلمەکە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانیشى ئەوەیە، کە ئەم بەرهەمە کارێکى هاوبەشى نێوان #هەرێمى کوردستان# و ڕۆژهەڵاتى کوردستانە، دەرهێنەر و نووسەرى سیناریۆکە خەڵکى هەرێمى کوردستانن و کارەکانى دیکەى کوورتەفیلمەکە لەلایەن ژمارەیەک کەسى دیکەوە جێبەجێ کراون، کە خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستانن، ئەم پێکەوە کارکردنە هەنگاوێکى گرنگە، کاتێ لەنێوان هونەرمەندانى پارچەکانى کوردستاندا هەبێت. [1]