ناونیشانی بابەت: کومەڵکوژیی ڕواندز لە کێشەی نێوان ڕووس و عوسمانییەکاندا
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
دوای جەنگی جیھانیی یەکەم، ساڵی 1914 داگیرکەرانی ڕووسیا بۆ تۆڵەسەندنەوەی ئەرمەنییەکان لە عوسمانییەکان، لە پیلانێکی بەپلاندا بە چوار فەوجی ئەرمەنی و فەوجێکی گەورەی ڕووسی لە ڕێگای #حاجی ئۆمەران#ەوە ھێرشیان کردە سەر #ڕواندز# بۆ سووتاندن و داگیرکردنی #کوردستان#.
لە پەرتووکی ''ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ئیمارەتی سۆرانەوە بۆ ئیدارەی #سۆران#''دا هاتووە کە دوای جەنگی جیھانیی یەکەم ساڵی 1914 لەلایەن داگیرکەرانی ڕووسیاوە بۆ تۆڵەسەندنەوەی ئەرمەنییەکان لە عوسمانییەکان، چوار فەوجی ئەرمەنی بۆ سووتاندن و داگیرکردنی کوردستان هاتن کە بەرنامەیان داڕشتبوو، ڕێگای حاجی ئۆمەران و هێڵی ڕایەت (فەوجێکی گەورەی ڕووسەکان کە بۆ سووتاندنی ڕواندز ھاتبوون) ، بەو ڕێگای ھێرشە دەگوترا هێڵی ڕایەت، چونکە بە سنووری #سیدەکان# و ئامێدیشدا ھێرشیان ھێنابوو بۆ ڕواندز. ھێزی ڕایەت پێک ھاتبوون لە ئەرمەنی و فەلەڕەشکە و عەجەمی ئازەری. ئەرمەنی و ئازەرییەکان کەمێک کوردییان دەزانی، ئەو گوند و ناوچانەی کەوتبوونە سەر ڕێگای ئەم ھێزانە کاول ببوون و خەڵکێکی زۆر کوژرابوون و گوندەکانیان سووتێنرابوو. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لەم هێرشی کۆمەڵکوژییەدا 80%ی خەڵکی دەڤەری ڕواندزیان کردبووە قوربانی، یان خەڵکەکە لە ترسی داگیرکەران کۆتاییان بە ژیانی خۆیان ھێنابوو، خۆیان هەڵداشتبووە ناو خەرەندەوە.''
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، لە #09-05-1916# ئەو داگیرکەرانە لە خاڵی حاجی ئۆمەرانەوە هاتن و لە #13-05-1916# گەیشتنە ناو شاری ڕواندز و دەوروبەری، دوای کوشتن و تاڵانێکی زۆر لە #18-07-1916# ڕواندزیان بەجێ ھێشت و وەک سەنگەرگرتن لە حاجی ئۆمەران و دەوروبەری ماونەوە و تا 8ی کانوونی یەکەمی 1917 شەڕ لە حاجی ئۆمەران بەردەوام بوو، لەو ڕۆژەوە ڕووسەکان بە یەکجاری کشانەوە بۆ سنووری وڵاتی ئێران.
وەک ئاماژەی بۆ کراوە: ھەرچەندە لە مانگی شوباتی 1917دا حکوومەتی قەیسەر شڵەژا، بەڵام لەو دوو شوێنە ھەر بەردەوام بوون لە 3ی ئازاری 1918 سوپای ڕووس ناوچەی ئەرزەڕۆمیشیان جێ ھێشت. ماوەی 61 ڕۆژ لە شاری ڕواندز و ناوچەکەدا مانەوە، دواتر دەرچوون لە ڕواندز و بە دوو ڕۆژیش گەڕانەوە حاجی ئۆمەران.
مێژووی ڕواندز دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش دامەرزانی میرنشینی سۆران، سەرەتاکانی سەدەی شانزەم لە ماوەی فەرمانڕەوایی میرنشینی سۆراندا، ڕواندز یەکێک بوو لە پایتەختەکانی ئەم میرنشینە کە لە سەرەتای ساڵانی 1800 میر محەمەد ناسراو بە پاشای گەورە، ڕواندزی کرد بە پایتەختی میرنشینەکەی، کە دەسەڵاتی ئەم میرنشینە لەو سەردەمدا گەیشتە ئەوپەڕی ھێز و توانا تا ساڵی 1836 کە کۆتایی بە میرنیشینەکە ھات، دواتر ناوچەکە ئاڵۆزی و پەرتەوازەیی زۆری بە خۆیەوە بینی. لە سەردەمی عوسمانییەکان و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا تا ساڵی 1980 چەندین قایمقام ئیدارەی ئەم شارەیان بەڕێوە بردووە.
=KTML_Bold=سەرچاوەکان:=KTML_End=
- لاپەڕە 15ی پەرتووکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ئیماڕەتی سۆرانەوە بۆ ئیدارەی سۆران، نووسین و لێکۆڵینەوەی ئیسماعیل گوندەژۆری.
- الحرب العظمی
- ڕواندز لە مێژوودا تا ئێستا، ماڵپەڕی پارێزگای ھەولێر.[1]