ناونیشانی بابەت: لە پێگەی شوێنەواری کانی شایی لە دۆڵى بازیان چەندین پارچە شوێنەوار دۆزراونەتەوە
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
شوێنەوارى #سلێمانى# بە هاوکاریى زانکۆیەکى بیانى کارى کنە و پشکنین بۆ پێگەی شوێنەواری کانی شایی لە دۆڵى بازیانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى دەکات و بەڕێوەبەرى شوێنەوار و کەلەپوورى سلێمانیش دەڵێت ”چەند پارچە شوێنەوارى سەردەم جیاوازى لێ دۆزراوەتەوە.“
حسێن حەمە غەریب، بەڕێوەبەرى شوێنەوارى سلێمانى بە (باسنیوز) ى ڕاگەیاند: بە هاوکاریى تیمی زانکۆی کیمبۆرای پرتوگالی، کارى کنە و پشکنین لە پێگەى شوێنەوارى کانى شایى، کە دەکەوێتە دۆڵى بازیانى پارێزگاى سلێمانى، ئەنجام دەدەین.
وتیشى: ئەو پێگەیە بریتییە لە گردێک، کە بەرزییەکەى 60 مەترە و مێژووى ژیان تێیدا دەگەڕێتەوە بۆ چاخى بەردین و هەزارەى پێنجەمى پێش زایین و لەو ڕووەوە تا ئێستا چەندین پارچە شوێنەوار و بەڵگەنامەى سەردەمى عوبەیدە و ئاشوورى نوێ و ئەشکانى و ساسانى لێ دۆزراوەتەوە، کە گرنگترینیان چاپى مۆرى سەر قوڕە، بەدەر لەوەش، ئەندازیارى ورد لە درووستکردنى دیوارى خانووەکانیان.
بەڕێوەبەرى شوێنەوا ڕو کەلەپوورى سلێمانى باسى لەوەش کرد: تیمەکە لە کارکردن بەردەوام دەبێت و هەموو ئەو پارچە شوێنەوارییانەى دۆزراونەتەوە، دوای کاری پاککردنەوە و چاککردنەوەى پارچەکان، لە #مۆزەخانەی سلێمانی# دادەنرێن و پیشانى گەشتیارانى شوێنەوار دەدرێن.[1]