ناونیشانی بابەت: جوگرافیای دابەشبوونی پیشەسازی لە ئێراق
ناوی نووسەر: #کارێز ڕەسوڵ نەبی#
=KTML_Bold=سەرەتا:=KTML_End=
جوگرافیای دابەشبوونی پیشەسازی لە ئێراق (بە عەرەبی: التوزيع الجغرافي للصناعة في العراق، بە ئینگلیزی: Geography of Industrial Distribution in Iraq) .
پیشەسازی: بریتییە لە گۆڕینی کەرستەی خاو یان ماددە لە بارێکەوە بۆ بارێکی تر کە شێوەی بەکارھێنان و بەھاکەی دەگۆڕێت. یان مەبەست لە پیشەسازی ئەو چالاکییانە دەگرێتەوە کە مرۆڤ ئەنجامی دەدات بەھۆی بەکارھێنانی جۆرێک لە ئامێر و مەکینە، بەپشتبەستن بە چەند جۆرێک لە وزە و سوتەمەنی بۆ بەرھەمھێنانی کەرستەیەکی نوێ (تازە).
ھەربۆیە چالاکی پیشەسازی بە یەکێک لە گرینگترین چالاکییە ئابووریەکان دادەنرێت کە وڵاتان پشتی پێ دەبەستن بۆ بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری و پێشخستنی کەرتی خزمەتگوزار و کۆمەڵایەتی و ئاوەدانی.
گەشەپێدانی پیشەسازی دەبێتە مایەیی دەوڵەمەندبوونی ھەر وڵاتێک، چونکە لە لایەک ھەلی کاری زۆر دابیندەکات و لە لایەکی ترەوە نرخ و بەھای کاڵا پیشەسازییەکان زۆر زیاترە لە کەرستەی خاو، ئەمەش جگە لەوەی گەشەپێدانی پیشەسازی ئامرازێکی گرینگە بۆ بەدیھێنانی سەربەخۆیی سیاسی (ڕامیاری) ، چونکە لە لایەک ڕزگاریان دەکات لە فشاری دەوڵەتانی ناحەز و لە لایەکی ترەوە جۆراوجۆری ئابووری دابین دەکات و ئاستی دابینکردنی خۆبژێویان بەرز دەکاتەوە.
=KTML_Bold=مێژووی سەرھەڵدان و گەشەسەندنی پیشەسازی:=KTML_End=
پیشەسازی ھەر لەگەڵ درووستبوون و جێگیربوونی مرۆڤ لەسەر زەوی سەریھەڵداوە، باشترین نموونەش سەردەمی چاخی (بەردینە) کە مرۆڤ بەشی زۆرینەی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی لە بەرد درووستکردووە، وەک: درووستکردنی (چەقۆ، قاپ، تەنانەت ئاگریشی بە بەرد ھەڵکردووە) ھەربۆیە ئەم سەردەمە ناونراوە سەردەمی چاخی بەردین.
بەڵام دووابەدووای سەرھەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی لە ناوەڕاستەکانی سەدەی ھەژدەم لە ئەوڕوپا بە تایبەتی (بەریتانیا) ، دوواتر بە وڵاتانی تر ی جیھان بڵاوبوویەوە و گەشەیکرد، ئەمەش وایکردوە بوارەکانی پیشەسازی فراوانتربن و چەندین بوار لەخۆ بگرێت وەک: پیشەسازی (کانزاکان، پیشەسازی بەروبوومە ڕووەکییەکان و پیشەسازی بەروبوومە ئاژەڵییەکان، پیشەسازی میکانیکی و تەکنەلۆجیا) .
=KTML_Bold=گرینگترین بنەماکانی دامەزراندنی پیشەسازی:=KTML_End=
1. کەرستەی خاوی (ئاژەڵی، ڕووەکی، کانزایی) .
2. دەستی کار.
3. گواستنەوە بە گشت جۆرەکانییەوە.
4. بازاڕ.
5. وزە.
6. ڕامیاری میری (سیاسەتی دەوڵەت) .
7. سەرماییە (سەرماییەی نەختینەی و سەرماییەی وەبەرھێنراو) .
8. تەکنەلۆجیا زانیاری.
=KTML_Bold=پۆلێنکردنی پیشەسازی لەسەر بنەمای قەبارەی سەرماییە و جۆری بەرھەم:=KTML_End=
1. پیشەسازییە قوڕسەکان: ئەو پیشەسازیانە دەگرێتەوە کە پێویستی بە سارماییەیەکی زۆرتر و ئامێر و مەکینەی پێشکەوتووھەیە، وەک پیشەسازی ئاسن و پۆڵا، پیشەسازی پاڵاوتنی نەوت، پیشەسازی درووستکردنی ئۆتۆمبێل.
2. پیشەسازییە سوکەکان: ئەو پیشەسازیانە دەگرێتەوە کە سەرماییەی کەمتری پێویستە، وەک: پیشەسازی ڕستن و چنین، پیشەسازی جگەرە، پیشەسازی خواردەمەنییەکان، پیشەسازی جلوبەرگ.
=KTML_Bold=پۆلێنکردنی پیشەسازی لەسەر بنەمای خاوەنداریەتی-موڵکایەتی:=KTML_End=
1. پیشەسازی کەرتی گشتی.
2. پیشەسازی کەرتی تایبەت.
3. پیشەسازی کەرتی بیانی.
4. پیشەسازی کەرتی تێکھەڵاو.
=KTML_Bold=پۆلێنکردنی پیشەسازی لەسەر بنەمای سرووشتی بەرھەمھێنان:=KTML_End=
1. پیشەسازی دەرھێنان: ھەموو ئەو کەرستە خاوانە دەگرێتەوە کە لە ناخی زەوییەوە دەردەھێنرێن، وەک: خەڵووز، ئاسن، مس، نەوت.
2. پیشەسازییە گۆڕاوەکان: بریتییە لە گۆڕینی کەرستەی خاوی (ڕووەکی، ئاژەڵی، کانزای) بۆ شمەک و کەل و پەلێکی ئامادەکراو.
3. پیشەسازی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا: بریتییە لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە ڕێگای سوود وەرگرتن لە چەندین سەرچاوە، وەک: سەرچاوە ئاوییەکان کە پێی دەوترێ (کاڕۆ ئاوی) ، بەشێکی تریش لە ڕێگای سەرچاوە سووتەمەنیەکان بەرهەم دێت کە پێی دەگوترێت (کارۆ گەرمی) ، دوو بەشی تریش لە ڕێگای وزەی خۆر و با بەرهەم دەهێنرێت.
=KTML_Bold=پۆلێنکردنی پیشەسازی لەسەر بنەمای کەرستەی خاو:=KTML_End=
1. ئەو پیشەسازیانە پشت بە کەرستەی سەرەتایی درووستکردن و بەرهەمهێنانی دار و دارستانەکان دەبەستن، وەک: خەڵووز.
2. ئەو پیشەسازیانەی پشت بە کەرستەی سەرەتایی کشتوکاڵی دەبەستن وەک: جگەرە.
3. ئەو پیشەسازیانەی پشت بە کەرستەی سەرەتایی ئاژەڵی دەبەستن، وەک: گۆشت، پێست.
4. ئەو پیشەسازیانە پشت بە کەرستەی سەرەتایی کانزایی دەبەستن، وەک: ئاسن، پۆڵا.
5. ئەو پیشەسازیانەی پشت بە کەرستەی سەرەتایی نیوە درووستکراو دەبەستن، وەک: بەرھەمەکانی نەوت.
=KTML_Bold=لەگرینگترین جۆرەکانی پیشەسازی لە ئێراق:=KTML_End=
پیشەسازی (ڕستن و چنین، جلوبەرگ، جگەرە، خواردن و خواردنەوەکان، بیناسازی، پتڕۆکیمیای، ئاسن و پۆڵا، پاڵاوتنی نەوت) .
=KTML_Bold=گرینگترین تایبەتمەندییەکانی پیشەسازی لە ئێراق:=KTML_End=
1. بەشی ھەرە زۆری پیشەسازییەکان بەکاربردنن.
2. پیشەسازییە گەورەکان زۆر کەمن و دیاریکراون.
3. دەستی کار لە پیشەسازییەکان زۆر کەمە بە بەراورد بە پیشەکانی تر.
4. پێشووتر زۆربەی پیشەسازییەکان لە یەک دوو پارێزگا کۆببوونەوە، بەڵام ئێستا لە ھەموو پارێزگاکان بوونیان ھەیە و پەیوەستە بە بنەماکانی جێگیربوونی پیشەسازی.
جوگرافیای دابەشبوونی پیشەسازییەکان لە ئێراق:
=KTML_Bold=پیشەسازی ئاسن و پۆڵا لە خۆری زبێر لە بەسڕە ھۆکاری کۆبوونەوەی لەو ناوچەیە:=KTML_End=
1. بوونی گازی سرووشتی لەو ناوچەیە.
2. زیادبوونی خواست لەسەر ئەم بەرھەمە.
3. بەرزی نرخی ئەم بەرھەمە بە بەردەوامی.
4. بوونی بڕی ئاوێکی زۆر و زەوی فراوان و ڕێگاکانی گواستنەوە و دەستی کار و وزەی کارەبا لەم ناوچەیە.
5. دامەزراندی زۆربەی پیشەسازییەکان لە ئێراق پشت بە کەرستەی خاوی ئاسن و پۆڵا دەبەستن.
6. ھەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی کە کەوتۆتە سەر دەریا، ئەمەش وادەکات بە ئاسانی کەرستەی خاو بگات بە شوێنی مەبەست.
=KTML_Bold=پیشەسازی پەینی کیمیایی لە ئەبو فلوس لە شارۆچکەی ئەبە ئەلخەسیب لە شەتی عەرەب و ھۆکاری کۆبوونەوەی ئەم پیشەسازییە لەم ناوچەیە:=KTML_End=
1. ھێنانی کەرستەی خاو وەک: گازی سرووشتی لە بەسڕە و ھێنانی کبریت لە کەرکووک.
2. ھەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی کە کەوتۆتە سەر ڕووبەری ئاوی، ئەمەش کار ئاسانیە بۆ ھەناردەکردنی بۆ دەرەوە.
بوونی ڕووبەرێکی فراوانی زەوی و دەستی کار و وزەی کارەبا و ڕێگا و بان.
3. بوونی بڕێکی زۆری ئاو کە یەک تەن (ئەلەمنیۆم) پێویستی بە 500 ھەزار لیتر ئاو ھەیە.
=KTML_Bold=پیشەسازی پەینی کیمیایی فۆسفات لە قایم و ھۆکاری کۆبوونەوەی ئەم جۆرە پیشەسازییە لەم ناوچەیە:=KTML_End=
1. بوونی کەرستەی خاو و نزیکی لە سەرچاوە ئاوییەکان.
2. نزیکی لە شاری ڕومادی بۆ ئامادەکردنی دەستی کار و خزمەتگوزارییەکانی تر.
3. ھەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی کە کەوتۆتە سەر سنووری سوریا، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ھەناردەکردنی بۆ دەرەوە.
4. پیشەسازی پتڕۆکیمیایی لە خۆری زوبێر نزیک لە کارگەی ئاسن و پۆڵا کە پشت دەبەستێت بە مشتەقاتی نەوت و گازی سرووشتی کە چەندەھا مەواد بەرھەم دێنێت وەک: سمادی نایترۆجین، حەب و دەرمانی لە ناوبردنی زیندەوەر و بۆیە و مەتات.
=KTML_Bold=پیشەسازی پلاستیکی ھەمەجۆر و ڤیتامینات و ئالیکی ئاژەڵ و ھۆکارەکانی دامەزراندنی:=KTML_End=
1. بوونی کەرستەی خاو و دەستی کار.
2. ھەڵەکەوتەی شوێنی جوگرافی کە کەوتۆتە سەر دەریا.
3. بوونی وزەی کارەبا و ئاو و ھۆکارەکانی ھاتووچۆ، بەتایبەتی ھێڵی ئاسنی.
● فۆسفات: بە بڕێکی زۆر لە بانی ڕۆژاوا ھەیە، بەتایبەتی لە شارۆچکەی (قائم) عکشات نزیک سنووری سوریا بەرھەم دەھێنرێت کە دەگاتە (3.5) ملیۆن تۆن ساڵانە، تێکڕایی یەدەگی دەگاتە (504) ملیۆن تۆن.
● کبریت: بەبڕێکی زۆر لە کانی مشراق لە باشووری شاری موسڵ کۆبۆتەوە درێژی ئەم کانە (8) کم پانتاییەکەی (3.5) کم و ئەستووری چینی کبریتەکە دەگاتە (20 بۆ 50) مەتر و بڕی یەدەگی (245) ملیۆن تۆنە.
● گۆگرد: ئێراقیەکان ھەر لە کۆنەوە گۆگردیان ناسیووە، لە کۆندا بە شێوەی سەرەتایی دەریان ھێناوە بۆ سپیکردنەوەی داوی پەمۆ و باڕووت و چارەسەری پزیشکی بەکاریان ھێناوە. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر سامانی کانزایی ئێراق کراون دەرکەوتووە کە لە (11) شوێن لە ئێراق گۆگرد ھەیە، لەو شوێنانەش بەبڕێکی کەم لە نزیک شاری موسڵ و ڕومادی و بانی ڕۆژاوا، گەورەترین کانی گۆگرد لە ئێراق کانی (مشراقە) ، دەکەوێتە بەشی ڕۆژھەڵاتی دیجلە لە دۆڵی سەرسار و ڕۆژاوای ناوچەی فەتحە لە ساڵی (1979) تێکڕای بەرھەمھێنانی گۆگرد لە کانی مشراق گەیشتۆتە (245) ملیۆن تۆن وە بڕی یەدەگی (40) ملیۆن تۆن بووە لە فەتحە، جگە لەم ناوچانە لە ھەرێمی کوردستانیش نیشتەنیەکی زۆری گۆگرد ھەیە کە کەوتۆتە پارێزگای دھۆک لە ئەشکەفتە و ڕۆژاوای شارۆچکەی #ئاکرێ# (شێرانە) ، کانیاوەکانی ناوچەی جەلی باکووری ڕۆژھەڵاتی شارۆچکەی کۆیە.
=KTML_Bold=سەرچاوەکان:=KTML_End=
1. تایبەتمەندییە سرووشتییەکانی جوگرافیای ئێراق، بەشی هەشتەم سامانی کانزایی لە ئێراق.
ئامادەکردنی: دکتۆر کامەران تاھر سەعید
زانکۆی کۆیە، کۆلێژی پەروەردە 2013.
2. جوگرافیای ئابووری، بەشی شەشەم پیشەسازی.
ئامادەکردنی: د. ساڵع فلیع، د. بسام عەبدولڕەحمان، د. عەبدولڕەزاق محەمەد، د. ئەحمەد سەعید 2019.
[1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا دەستکاری نەکردووە=KTML_End=