ناونیشانی بابەت: مەزار و پارکی ماڕبێنا قەدێشەی کریستیانیەکانی کۆیە نۆژەن دەکرێتەوە
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
لەسەر بودجەى #حکوومەتى هەرێمى کوردستان#، مەزار و پارکی ماڕبێنا قەدێشەی کریستیانیەکانی #کۆیە#، کە شوێنێکى گەشتیاریى ئایینییە، نۆژەن دەکرێتەوە.
ئیسماعیل عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری کۆیە، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: گەشتوگوزارى ئایینى لەسەر ئاستى جیهان بایەخ و گرنگیى خۆى هەیە و بە بەردەوامیش لە برەودایە، بۆیە ئێمەش دەمانەوێت لەو ڕووەوە کارى پێویست بکەین، بۆ ئەو مەبەستە، لەسەر بودجەى وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار، دەستمان کردووە بە نۆژەنکردنەوەى مەزار و پارکی ماڕبێنا قەدێشەی کریستیانیەکانی کۆیە.
وتیشى: پڕۆژەکە وێڕاى نۆژەنکردنەوەى بەشەکانى پارک و مەزارەکە، پێکدێت لە درووستکردنى پەرژین بەدەورى پارکەکە بەدرێژایى 350 مەتر، هاوکات کۆنکرێتکردن و درووستکردنى یاریگایەکى تارتان و دانانی ژمارەیەک سێتی یاریی منداڵان و دانانی یاریی تایبەت و ڕێگەی گونجاو بۆ خاوەن پێداویستییانی تایبەت.
باسى لەوەش کرد: بەدەر لەوەش، کارى دانانی ژمارەیەک ستوونی بەرزی کارەبا بۆ ڕووناکردنەوە و درووستکردنی سێتی wc و ژمارەیەک کورسیی دانیشتن لەناو پڕۆژەکەدایە، کە ئێستا لە قۆناغى کۆتاییدان، هاوکات بەنیازین بایەخى زیاتر بە گەشتیاریى ئایینى بدەین و بە بازاڕیشى بکەین.
#مەربێنا قەدیشە# مەزارێکى کۆنى کریستانەکانە لە گوندى هەرمۆتەى شارۆچکەى کۆیە، لە ساڵى 1258ى زایینى درووستکراوە و لاى موسڵمانەکانیش بە گۆڕى شێخ محەمەدى دێر ناسراوە، بۆیە پەیڕەوانى هەردوو ئایینەکە سەردانى دەکەن.[1]