ناونیشانی بابەت: هەولێر..کارى ڕووپێوى بۆ حەوت ناوچەى شوێنەواریى دەشتى شەمامک دەکرێت
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
بەڕێوەبەرى شوێنەوار و کەلەپوورى #هەولێر# ڕایگەیاند، زانکۆی ئاکرۆنی ئەمریکی ڕووپێوى حەوت ناوچەى شوێنەواریى #دەشتى شەمامک#ى پارێزگاى هەولێرى تەواوکردووە و ساڵى داهاتوو دەست دەکات بە کارى کنە و پشکنین و هەڵکۆڵین لەو ناوچانە.
نادر بابەکر، بەڕێوەبەرى شوێنەوار و کەلوپوورى هەولێر، بە (باسکورد) ى ڕاگەیاند: دواى ڕێککەوتن لەگەڵیاندا، لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا تیمێکى شارەزا و تایبەتى زانکۆی ئاکرۆنی ئەمریکی، کارى ڕووپێوکردنى حەوت ناوچەی شوێنەواریی دەوروبەری سنووری شارەدێی شەمامکیان تەواوکرد.
وتیشى: کارى ئەوان ڕووپێویکردن و پشکنینى فیزیایى ناوچەکان بوو، بۆ ئەوەى لە بوونى بینا و دیوار لەو ناوچانە دڵنیا بن.
باسى لەوەش کرد: هەرچەندە کارى ئەوان ڕووپێویکردن و کەمێک هەڵکۆڵین بو، هەندێک پارچەی شوێنەوارییان دۆزیوەتەوە، کە بەگشتى مێژووى ناوچە شوێنەوارییەکان دەگەڕێتەوە بۆ چاخى بەردین، بەڵام بڕیارە کارى سەرەکیى هەڵکۆڵین و کنەو پشکنین و ئاشکراکردنى سەردەمى مێژوویى ئەو ناوچانە، لە ساڵى داهاتوودا دەست پێ بکەن و ئەنجامەکان بخەنە ڕوو.[1]