ناونیشانی بابەت: تیمێکی شوێنەواریی جیھانی کۆتایی بە وەرزی نوێی کارکردنی لە شوێنەواری بانەھێلک هێنا
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
دوای چەند ساڵ کاری کنە و پشکنین لە گردی بانەهێلک لەلایەن زانکۆی ئۆتۆنومیی بەرشەلۆنە، بە ھاوبەشی لەگەڵ #زانکۆی سەڵاحەدین# و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری #سۆران#، لەم وەرزەی ئێستادا تیمە شوێنەوارییە جیھانییەکە کۆتایی بە کارەکانی ھێنا و گەڕایەوە.
لەم بارەیەوە، حسێن عومەر، ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: لەم ساڵانەی دواییدا دوای ئەنجامدانی گرێبەستێک، زانکۆی ئۆتۆنومیی بەرشەلۆنە بە ھاوبەشی لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەدین و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، کاری ھەڵکۆڵینی شوێنەواریان لە گردی بانەهێلک ئەنجام دا کە شوێنەکە دەکەوێتە گەڕەکی برایەتی لە سەنتەری شاری سۆران و تێکڕای بەرزیی شوێنەکە لە ئاست دەریاوە (675) م دەبێت و دەکەوێتە خوارەوەی دۆڵی سەروچاوەی دیانا لە سنووری شارۆچکەی ناوەندیی سۆران.
ئەوەش خراوەتە ڕوو: بۆ یەکەمین جار لەلایەن جۆن واتسۆن لە ساڵی 1945 ھەڵکۆڵینی تێدا کراوە، دواتر لە ساڵی 2014 لەلایەن زانکۆی بوستنی ئەمریکی، بە سەرپەرشتیی پڕۆفیسۆر مایکل دانتی، لەسەر بەشێکی گردەکە سەرلەنوێ کاری ھەڵکۆڵینی بۆ کرا، دواتریش لە ساڵی 2017 زانکۆی ئۆتۆنۆمیی بەرشلۆنە کاری ڕووپێوی بۆ شوێنەکە کرد و یەکەم کاری ھەڵکۆڵینی ئەو وەرزە لە ساڵی 2018 لە گردەکە کرا، سەرەتا سێ چاڵ لێدران بە مەبەستی کنە و پشکنین، لە ساڵی 2019 بۆ وەرزی دووەم بەردەوام بوون لە کارەکانیاندا و چاڵی چوارەم لێدرا، بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی زیاتر لەسەر شوێنەوارەکە.
ئاماژەی بەوەش دا: لە ساڵی 2020 بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کارەکە ڕاگیرا و دوای ساڵی 2021 دەست بە کاری کنە و پشکنین کرایەوە و چاڵی زیاتر لە ناوچە شوێنەوارییەکە لێدران، لە ئەنجامدا چەندین پاشماوەی دیوار و گۆزە و پاشماوەی ئاژەڵیان دۆزییەوە، لە ساڵی 2022 تیمە شوێنەوارناسەکان کارەکەیان فراوانتر کرد، بەردەوام بوون تا وەرزی نوێی کارکردنی ساڵی 2023 لەم وەرزەی ئێشتاشدا ئەم تیمەی زانکۆی ئۆتۆنومیی بەرشەلۆنە، کۆتایی بە کاری کنە و پشکنین ھێنا لە گردەکە و گەڕانەوە.
ئاشکراشی دەکات: لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی کارکردنی تیمەکانی شوێنەوارناسان لە گردی بانەهێلک، چەندین پارچە گۆزە و خەڵووز و پاشماوەی دۆزرانەوە کە ھەندێکیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمەکانی سەرەتای ئیسلامی و ھەندێکیان نەخش و ھێڵیان لەسەر بوو، کە مێژووەکەیان گەڕاندەوە بۆ سەردەمی حەلەف (4500-5000) پێش زاین، ھەروەھا دۆزینەوەی ئاژەڵ لە شوێنەوارەکە لایەنی ئابووریی ئەم سەردەمە دیار دەخات، لەگەڵ دۆزینەوەی بناغەی چوارگۆشەی کە شێوازی ژیانی ئەوکات ڕوون دەکاتەوە.''[1]