لەپێناو منداڵدا
#ڕۆزا حەمە ساڵح#
زیاتر لە دوو ساڵ تێپەڕیبوو بەسەر هاوسەرگیری زارا و ئاکۆدا، لەو ماوەیەشدا نەیانتوانی منداڵیان ببێ و ببن بەدایک و باوک.
بەم هۆیەوە زارا ڕۆژانە لەلایەن دایکی ئاکۆ و خوشکەکانییەوە ڕووبەڕووی تانە و تەشەر و سووکایەتی پێکردن دەبووەوە، هەر کاتیش داوای لە ئاکۆ کردبا بۆ ئەوەی سەردانی پزیشکی تایبەت بکەن، ئاکۆ بەتوڕەیی وەڵامی دەدایەوە و پێیدەوت: دەتەوێت لەپیاوەتیم کەم بکەیتەوە!
تەنیا کەسێک لەخێزانەکەدا کە جۆرێک لەسۆز و بەزەیی بۆ زارا ھەبوو ئاسۆی برای ئاکۆ بوو...
ئەم سۆز و بەزەییەش بەتێپەربوونی کات، پەیوەندییەکی خۆشەویستی لێدەکەوێتەوە، تا دەگاتە ئەوەی زارا دووگیان ببێت لە ئاسۆ و بەیەک سک دوو کوڕی لێی ببێت.
ئیدی ھەڵسوکەوتی خێزانەکە لەگەڵ زارادا بەتەواوی گۆڕا بەرەو باشبوون.
بەڵام لەترسی ئاشکرابوونی ئەو پەیوەندییە زارا و ئاسۆ بڕیار دەدەن کوردستان بەجێ بھێڵن و ڕووبکەنە هەندەران بۆ ئەوەی ڕووداوەکە ئاشکرا نەبێت.
وەلێ بەر لەوەی پلانەکە جێبەجێ بکەن بەهۆی تێکچونی باری تەندرووستی ئاکۆوە، ئەو ڕۆژەی سەردانی پزیشک دەکات و چەند پشکنینێک ئەنجام دەدات، ئاکۆ ئاگادار دەکرێتەوە کە نەزۆکە.
لێرەوە ئیتر ئاکۆ بەدوای سەرەداوێکدا دەگەڕێت تا بزانێ زارا چۆن توانیوێتی ببێ بەدایک.
گومان ناخی ئاکۆ ئەخوات تا ئەو شەوەی درەنگانێک گەڕایەوە ماڵەوە و زارا و ئاسۆی پێکەوە لەسەر جێگەی خەوتن بینی!
سەرەڕای ئەوەی بەچەقۆوە پەلاماریان دەدات، بەڵام ناھێڵن ئاکۆ ھیچ تاوانێک بکات، هەر ئەو شەوە ئاسۆ ھەڵدێت، بەبێ زارا دەگاتە یەکێک لە وڵاتە ئەوروپیەکان، زاراش دەستگیر دەکرێت و ماوەی چەند ساڵێک حوکمی زیندانیکردنی بەسەردا دەدرێت.[1]
06-12-2018
*تێبینی: چیرۆکەکە ڕاستەقینەیە، ناوەکان خوازراون.