ناونیشانی بابەت: ڕێنمایى و مەرج بۆ نۆژەنکرنەوەى خانووە کەلەپوورییەکان دەردەکرێت
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
بەڕێوەبەرى گشتیى شوێنەوار و کەلەپوور لە وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزارى حکوومەتى هەرێمى #کورستان# ڕایگەیاند، لەپێناو پاراستنى سیماى کەلەپوورى و شارستانییەت و بە پشتبەستن بە یاساى نوێى شوێنەوار، لەمەودوا هەر کەسێک بیەوێت دەستکاریى خانووە کەلەپوورییەکان بکات، دەبێت مۆڵەتى شوێنەوارى سنوورەکە وەربگرێت.
کەیفى مستەفا، بەڕێوەبەرى گشتیى شوێنەوار و کەلەپوور بە (باسنیوز) ى ڕاگەیاند: لەپێناو پاراستنى سیماى کەلەپوورى و پاراستن و مانەوەیان و بە پشتبەستن بە یاساى نوێى شوێنەوار، ڕێنوێنى و مەرجمان بۆ نۆژەنکردنەوە و ڕووخاندنى خانووە کەلەپوورییەکان دەرکردووە.
وتیشى: بۆ ئەو مەبەستە، نووسراومان ئاڕاستەى شارەوانییەکان کردووە، کە لە کاتى نۆژەنکردنەوە، یان دەستکارى کردنى خانووە کەلەپوورییەکان، چ هى هاووڵاتییان بێت یان هى حکوومەت، نوێنەرى شوێنەوار بچێتە شوێنەکە و پشکنینى بۆ بکات و بەپێى مەرجەکان ڕێگەپێدانى پێ بدات، بەو مەرجەى بە هەمان دیزاینە کەلەپوورییەکەى پێشووى دەستکاریى بکات، بەپێچەوانەوە، ڕێگەى پێ نادرێت.
کەیفى مستەفا ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: لە زۆررتین ناوچەى هەرێمى کوردستان خانووى کەلەپوورى هەن و تا ڕادەیەکى باش ماونەتەوە، بەڵام لەو ڕێژەیە کەمێکى هى شوێنەوارن، بۆیە هەم بەو هۆکارە و هەمیش بەهۆى کەمیى بودجەوە، کەمتر توانراوە نۆژەن بکرێنەوە، هەرچەندە بەپێى توانا هەوڵەکان لەو ڕووەوە نەوەستاون و بەردەوامن.[1]