#دیاریکردنی سنووری ئێران- عوسمانی (1848- 1852)#
ئامادەکردنی: لاڤین عومەر
دوای 170ساڵ لە بڵاوبوونەوەی پەرتووکی دیاریکردنی سنووری ئێران-عوسمانی بە تورکی عوسمانلی، بۆ یەکەمجار چاپی کوردی پەرتووکەکە بە زمانی کوردی بڵاوکرایەوە، وەرگێڕی ئەو پەرتووکە دەڵێت: هیوادارم زانکۆکانی کوردستان بەشی مێژوو ئاوڕێک لەم پەرتووکە بدەنەوە و قوتابییەک نامەی ماستەر یان دکتۆرا لەسەر ئەم بەرهەمە بنووسێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 21-10- 2023، #نەجاتی عەبدوڵڵا# ، ڕایگەیاند، دوای (170) ساڵ لە بڵاوبوونەوەی بە عوسمانلی، سنوورننامەکەی دەروێش پاشا لەبارەی، دیاریکردنی سنووری ئێران-عوسمانی بۆ یەکەمجار بە کوردی بڵاودەکرێتەوە، دوای واژۆکردنی پەیماننامەی دووەمی ئەرزەرۆم 31ی ئایاری 1847 و بەگوێرەی ماددەی سێیەمی پەیماننامەکە دەبوو کۆمیسیۆنێکی چوارینەی نێودەوڵەتیی هاوبەش لە نوێنەرانی هەر چوار دەوڵەت دەوڵەتی عوسمانی، ئێران، ڕووسیا و بەریتانیا درووست بکرێ بۆ دەستنیشانکردن و دیاریکردنی سنووری ئێران و عوسمانی هەر لە محەمەدەوە تا ئاگری داغ.
نەجاتی عەبدوڵڵا، دەڵێت: سەرۆکی شاندی عوسمانی بۆ کۆمیسیۆنەکە سەید دەروێش محەمەد ئەمین ناسراو بە (دەروێش پاشا) بوو، کە لە ماوەی ساڵەکانی 1848 تا 1852 بۆ ماوەی چوار ساڵ وەک سەرۆکی شاندی عوسمانی بۆ دیاریکردنی سنوور، بست بە بست بەناو هەموو ناوچە سنوورییەکاندا گەڕاوە و زانیاری و داتای زۆر وردی لەبارەی هۆزە کوردەکان و سەرۆک هۆزەکانی ناوچەکە و گوند و شار و شارۆچکەکان کۆکردووەتەوە، کە دەکرێ بڵێین زۆرترین بەشی یادداشتنامە یا ڕاپۆرتەکە لەبارەی ناوچەکانی کوردستان بووە و بەم کارە دەروێش پاشا لەو ڕێگەیەوە وێنەیەکی زۆر زیندووی مێژووی ئەو سەردەمە و زانیاری و مێژوویی بە داوێنی لەبارەی سەرۆک هۆزە کوردەکان و دابەشبوونیان و ژمارەی گوند و ڕەشماڵ و هۆبە و ماڵ بە ماڵی هۆزەکانی کورد دەست نیشان کردووە، کە ئەستەمە لە پەرتووکێکی دیکەدا ئەو هەموو زانیارییە ورد و ژمارە و داتایانە بدۆزینەوە. بۆ مێژووی ئێمە هەزار جار لەو خزمەتەی کە بۆ دەوڵەتی عوسمانی کردوویەتی، ئەمڕۆ بۆ ئێمە زیاترە و پەرتووکەکە لێواولێوە لە زانیاریی گرینگ لەبارەی کوردستان لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەمدا، کە بەدڵنیاییەوە ئەم کارە یەکێکە لە سەرچاوە دەگمەنەکانی ئێمە لەم ماوە مێژووییەدا.
وەرگێڕی دیاریکردنی سنووری ئێران-عوسمانی وتیشی: دەروێش پاشا لەم پەرتووکەیدا هێندە بەشێوەیەکی زانستی و لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیی ورد بەدواداچوونەکانی خۆی نووسیوەتەوە، کە بووەتە کارێکی بێ وێنە و زۆر بەتایبەتیش کە ئەم کارە تەرخانکراوە بۆ مێژووی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەمی کوردستان، بۆ نموونە لە باسی شاری شنۆ ئاوا زانیارییەکانی بەوردی داڕشتووە: ژمارەی ماڵ، پێکهاتەی ئایینی، دابەشبوونی ئایینی و ئیتنیکی، مەزهەبی و داهات، ئەمە کارێکە تا ئەوپەڕی وردبینی و زانیاری و داتای ورد بەدەستەوە دەدات.
باسی لەوەشکرد، دەروێش پاشا بۆیە ناوی پەرتووکەکەی بە تەنیا ناوە دیاریکردنی سنووری ئێران ئەوە بەو مانایە کە سنوورەکانی ئیمپراتۆریای عوسمانی جێگیرە و ئەوە سنووری دەوڵەتی ئێرانە، کە پێویستە دیاری بکرێت و ئەو دەرو ناوچانەش کە ئێران دەستی بەسەردا گرتوون، پێویستە بگێردرێنەوە بۆ مەمالیکی مەحرووسەی عوسمانی. ئەم پەرتووکە هێندە پەرتووکێکی مەیدانی و وردە بچووکترین زانیاری لەبارەی مەزهەب، پێکهاتەی هۆزایەتی و ئایینی و ڕادەی باج و ماڵیات تێدا نووسراوەتەوە و جگە لە گەڕان و سووڕانی گوند بە گوند و شاربەشار، و هاوکات گەڕاوەتەوە سەر کۆمەڵێک پەرتووکی سەرچاوەی مێژوویی عوسمانی و فارسی و بەڵگەنامە و دەستاوێژەکانی ناو دادگەکان و تۆمارەکانی باج و خەراجی گەنجینەکانی عوسمانی. لایەنێکی دیکەی زیندووتری ئەم کارە ئەوەیە نووسەر بۆخۆی بەشێکی زۆری زانیارییەکانی لەزاری خەڵکەکە تۆمارکردووە بەم بۆنەیەوە گەنجینەیەکی زانیاری زۆر وردی مێژوویی بە تایبەتیی لەبارەی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەم بۆ پاراستووین .
نەجاتی عەبدوڵڵا دەڵێت: خەونی وەرگێڕانی ئەم کارەی دەروێش پاشا هەمیشە لەگەڵمدا بوو تا دواجار کاتێک ساڵی 2018 لە تاران وەرگێڕانە فارسییەکەی ئەم کارە بۆ یەکەم جار بە زمانی فارسی بڵاوکرایەوە، کاتێک خوێندمەوە زانیم زۆر بە ئەمانەت و زۆر بەوردی تەرجەمەی فارسی کراوە، چونکە وەرگێڕە فارسییەکە میرزا جهانگیرخان نازمولموڵک مرندی یەکانلو، بۆخۆی یەکێک لە ئەندامانی نوێنەری ئێران بووە بۆ دیاریکردنی سنوور و وەرگێڕانەکە هەر بە دەستهێڵیی لە پەرتووکخانەی میللیی تاران بە کۆدی ژمارەی 17956پارێزراو بوو، ئەمە پشکۆی خەونەکەی منی جارێکی دیکە گەشاندەوە و هێندەی دیکە منی لەکارەکە نزیکتر کردەوە.
چاپە فارسییەکە لەلایەن میرزا جهانگیرخان نازم ئەلموڵک کراوە بە فارسی و بە وەرگێڕانێکی زۆر ورد و زۆریش بە ئەمانەتەوە تەرجەمە کراوە و لەبەر ئەوەیش وەرگێڕ خۆی ئەندامی شاندی دیاریکردنی سنوور بووە و کارەکە بۆ کاری لێکۆڵینەوەی سنووری ئێران-عوسمانی کراوە بە فارسی، ئەمە وای کردووە هێندەی دیکە زیاتر بەوردی تەرجەمە کراوە، کە من پێم وایە وەرگێڕانە فارسییەکە ئەگەر لە دەقە ئەسڵییەکە پوختتر نەبێ، ئەوا دڵنیام هاوشانی دەقە عوسمانییەکەیە. دواجار توانیم پەرتووکەکە بە عوسمانی هەردوو چاپی ساڵی 1286 و 1321 پەیدا بکەم و هاوکات ماستەرنامەیەکیش لە زانکۆی ئیستەنبووڵ، کە هەم پەرتووکە عوسمانییەکەی بە ئەلفبێی تورکی مۆدێرن تێدا نووسیوەتەوە و هەم لێکۆڵینەوەکیشی لەسەر کردووە و وەک نامەی ماستەر ساڵی 2015 لە زانکۆی İSTANBUL MEDENİYET ÜNİVERSİTESİ ئەنجام دراوە.
نەجاتی عەبدوڵڵا، دەشڵێت: نەبوونی ئەم پەرتووکە لە پەرتووکخانەی کوردی بۆخۆی کەلێنێکی گەورە بوو لە پەرتووکخانەی مێژوونووسیی کوردی و ئێستە دوای 170ساڵ لە بڵاوبوونەوەی پەرتووکەکە بە تورکی عوسمانلی، بۆ یەکەم جار چاپی کوردیی پەرتووکەکە بە زمانی شیرینی کوردی لەبەر دەستە و هیوادارم زانکۆکانی کوردستان بەشی مێژوو ئاوڕێک لەم پەرتووکە بدەنەوە و قوتابییەک نامەی ماستەر یان دکتۆرا لەسەر ئەم بەرهەمە ناوازەیە بنووسێتەوە.
[1]