ناونیشانی بابەت: چێشتخانەیەکی کوردەواری لە شاری تۆکیۆی پایتەختی یابان
لە نزیک وێستگەی کۆجۆ، لە شارەدێی کیتا لە شاری تۆکیۆی پایتەختی یابان، چێشتخانەیەکی کوردەواری بە ناوی (میزۆپۆتامیا) بووەتە جێگای سەرنجی گەشتیاران و تیایدا نەک هەر تەنیا خواردنی کوردەواری، بەڵکوو کولتووری کوردییش پیشانی میوانان دەدرێت.
ئەو ناوچەیە هەر خۆی شوێنێکی کراوەیە بۆ چەندین کولتووری جیاوازی نەتەوە و وڵاتان بۆ خواردن و چێشتلێنان، چێشتخانەی میزۆپۆتامیاش لەناو ئەو کولتوورە جیاوازانەدا جێگای خۆی لە دەروازەی باشووری وێستگەی کۆجۆ، کە ستراتیژترین شوێنی ناوچەکەیە کردووەتەوە، ئەمەش وای کردووە چاوی زیاتری گەشتیاران و میوانان و یابانییەکانی لەسەر بێت.
کومازاکی تاکاشی، کە ڕۆژنامەوانێکی یابانییە و ڕاپۆرتێکی لە ماڵپەڕی (نیپۆن) لەبارەی ئەو چێشتخانە کوردەواریەوە بڵاو کردوووەتەوە و دەڵێت:” #کوردستان# بەوە ناسراوە، یەکێکە لە چوار گەورەترین شارستانییەتەکانی جیهان، ئەوەم لە وانەی مێژوو لە قوتابخانە خوێندووە، ئەمەش وای لێ کردم بچمە سەرەوە بۆ نهۆمی دووەم و پرسیار لە پیاوە باڵابەرزەکەی ناو چێشتخانەکەی میزۆرپۆتامیا بکەم:
- ببوورە ئێوە لێرە ئەوە چ جۆرە خواردنێکە پێشکەشی دەکەن؟
پیاوە باڵابەرزەکە: ئەوە خواردنی کوردەوارییە.
- بەڵام، بۆچی ناوی چێشتخانەکەت ناوە میزۆپۆتامیا؟ بۆ ناوی کوردستان نییە!
پیاوە باڵابەرزەکە: ئەوە بە واتای ئەو ناوچەیەیە دێت کە پێی دەگوترێ (کوردستان) ، کە ڕووباری دیجلە و فورات لێیەوە سەرچاوەی گرتووە و شارستانییەتی میزۆپۆتامیای لێ لەدایک بووە.“
ڕۆژنامەوانە یابانییەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ”ئەو پیاوەی ئەم زانیارییەی لەسەر کورد پێ دام ناوی (ڤاکاس کۆلاک) ، خۆشیان کوردن و خاوەن و چێشتلێنەری سەرەکیی چێشتخانەکەن، کە تاکە شوێنە لە وڵاتی یابان خواردنی کوردی پێشکەش بە میوانەکانی دەکات و لە ساڵی 2017ەوە کراوەتەوە.“
ڕۆژنامەوانە یابانییەکە باس لەوەش دەکات، کە ئەو زانیاریی لەسەرخواردنی کوردەواری نەبووە، بەڵام (کولاک) بۆی ڕوون کردووەتەوە، کە بەدرێژایی مێژوو خواردنی کوردی لەژێر کاریگەریی کولتوورە خۆراکییەکانی دیکەی وەک ئاسیای ناوەڕاست، یۆنان، تورک، فارس و عەرەبەکان بووە، بەڵام ”زۆر لەو خواردنانەی، کە بە خواردنی تورکیی ئێستا ناسراون، ل بنەڕەتدا لە ناوچە کوردییەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە.“
ڕۆژنامەوانە لەبارەی خواردنەکانی چێشتخانەی میزۆپۆتامیاشەوە دەڵێت: ”لەنێو مینیوی شوێنەکەدا، کولاک پێشنیاری ژەمی تایبەتیی میزۆپۆتامیای بۆ کردم، کە بە (1250 یۆین) ی یابانی بووە و بریتی بووە لە پڵاوی برنج و پەتاتەی برژاو لە فڕندا و گۆشتی سوورەوەکراوە، کە لەوێدا پێی گوتراوە (کۆتیلاک) ، بەڵام بەتامترین خواردن لەم چێشتخانەیەدا (کۆکتێل) بووە کە پێکهاتووە لە گۆشتی بەرخ بە تێکەڵەی وردە شیرینی لەگەڵ پیاز و پەتاتە و گوێز و کونجیشی، کە تێکەڵەیەکی دەوڵەمەند بووە لەگەڵ گۆشتە بەرخەکە کە تامێکی زۆر تایبەتیی هەبووە.“
دەشڵێت: ”دوای ئەو خواردنە بەتامانە، ئیتر دەستم کردووە بە سەردانیکردنی بەردەوامی چێشتخانەی میزۆپۆتامیا و هەر جارێک زیاتر زانیارییم لەسەر پاشخانی مێژوویی و ژیانی ڕۆژانەی کاک کۆلاک و کوردانی دیکەی دانیشتووی یابانەوە زانیوە.“
کۆلاک لە باکووری کوردستانەوە بۆ یابان
کۆلاک لە ساڵی 1981 لەدایک بووە و تەمەنی منداڵی لە گوندێکی کوردنشینی ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان) بەسەر بردووە، بەڵام لە کۆتاییەکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ماڵباتی ئەوانیش هەروەکوو زۆر لە کوردانی دیکە لەو وڵاتە ئاوارە بوون و هەندێک لە ئەندامانی ماڵباتەکەی چوونەتە ئەورووپا و کولاک و برای دیکەشی بەرەو یابان چوون.
کولاک لە یابان بە خەونی منداڵییشی گەیشتووە و لە زانکۆیەکی ئەو وڵاتە بووەتە مامۆستای زمانی کوردی. سەرەتا کولاک بۆ خوێندن دەچێتە مالیزیا و دواتر لە ساڵی 2009 دەچێتە یابان.
کولاک لەپاڵ کاری مامۆستایی بەهۆی حەز و خولیای زۆری بۆ چێشتلێنان، چێشتخانەی میزۆپۆتامیا دەکاتەوە.
ئێواران وەک چێشتلێنەر و بەڕێوەبەر لە چێشتخانەی میزۆپۆتامیا کار دەکات، لە ڕۆژانی هەفتەشدا وەکوو مامۆستای زمانی کوردی لە زانکۆی تۆکیۆی پایتەختی یابان وانە دەڵێتەوە، هاوکات بۆ بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردانی یابانیشە.
چێشتخانەکە لەپاڵ خواردنە کوردەوایەکانیدا، پەرتووکخانەیەکی پڕە لە پەرتووکی پەیوەندیدار بە کوردەوە، کە ژمارەیەک پەرتووکی یابانی لەلایەن کولاکەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی و لە پەرتووکخانەکە هەن.
کوردانی دانیشتووی یابان
ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی کورد لە پارێزگای سەیتامە نیشتەجێن، بەتایبەتیی لە شارەکانی کاواگوچی، کە کولاک تیایدا نیشتەجێیە، هەروەها لە وارابی کە ناوچەیەکە هەندێک پێیان خۆشە ناوی بنێن وارابستان، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووانی کورد لەوێ هەن.
هەندێ فیلم هەن، کە چیرۆکی ژیانی کوردانی دانیشتووی ئەم ناوچەیە پیشان دەدەن، بۆ نموونە فیلمی ”کوردەکانی تۆکیۆ“ کە لە ساڵی 2018دا بڵاوکراوەتەوە، هەروەها فیلمی ”خاکی بچووکی من“ کە هەردووکیان باس ژیانی کوردان دەکەن لە یابان و ئاوارەییدا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (nippon) ، کە لەلایەن ڕۆژنامەوانی یابانی کومازاکی تاکاشی، ئامادە کراوە، هەموو ئەو کوردانەی لە یابان دەژین مافی پەنابەرییان نییە، زۆر جاریش ناچارن لەژێر سیستمێکی ناجێگیری ئیقامەی کاتیدا بژین. بەپێی ئەم سیستەمە ڕێگەیان پێنادرێت کار بکەن، یان بەئازادی لە سنوورەکانی پارێزگاکاندا بجووڵێنەوە، هەروەها ناتوانن بیمەی تەندرووستیی نیشتمانی بەدەست بهێنن.
کولاک لێرە هەوڵ دەدات هاوکاریی کوردەکان بکات، بەردەوامیش لە چێشتخانەکەیەوە کولتووری کوردی پیشانی هاووڵاتییان و خەڵکی یابان دەدات.[1]