قردێلەی سووری
بسکی کتێبێکی سپی
شیعری: حەمە ئەحمەد جاف
بە (تۆ) پێشکەشە
لەبەربارانی خەندەتا.. دڵێ
کەوتۆتە سەماو گێژی جەنگی چاو
بەرەو جێژوانی جاویدانی تۆ
دەڕوا تا دەگا بە شاجوانی ئاو
٭٭٭
(تۆ) یەک لێوانلێو لە سیحری جوانیی
کەوانەی ئەبرۆی خستۆتە بینم
خەندەی لێو ، لەرەو لەرزانەی لیمۆ
عیشقی کردۆتە کۆماری ژینم
٭٭٭
عیشقێ لە تاڤگەی چەمی چاومەوە
ڕژاوەتە ناو پێکی سۆزیەوە
لە نیشتیمانی غوربەتی ئەودا
گەڕام تا (دڵ) م تێدا دۆزیەوە
٭٭٭
دڵێ، دەمێکە ( دڵ) وێڵە بەدوای
دڵێ ، بیکاتە لانەی هەڵبەستی
بەس ئەفسوس ، دەخیل، مەرگ ڕێ نادا
لانەی دڵ پڕکا لە خۆشەویستی
٭٭٭
دڵێ ، هەنگ ئاسا، عەوداڵە بە دوای
مژینی شیلەی خۆشەویستی تۆ
دەڕواو دەگەڕێ تا هەگبەی شیعری
پڕکا لە عیشق و حەزی تامەزرۆ
٭٭٭
دڵێ.. هەڵقرچاو بەتیری سەرنج
سەرنجی نیگاو خەندەو زوڵفی خاو
جوانترین تابلۆ بۆ خۆشەویستیی
دەداتە دەستی فریشتەی هەتاو
٭٭٭
لە نیشتیمانی خەندەو ئەشکەوە
قردێلەی عیشق و تەسریحێکی سوور
دەدەم لە پرچی جوانترین بووکی
سپی سەفین و شاژنی سنوور
٭٭٭
ئەشکی غوربەت و تاسەی دووری تۆ...
کوانووی شەوانی گەرمی سووتانە
کووچەو کۆڵانی سپی سینەتم
بۆ مەلی شیعرم کردۆتە لانە
٭٭٭
مێژووی کتێبێک لە شیعری (یاخی)
تەنها سووتانە، .. بۆ فریشتەیەک
بەڵام بۆ ژوانی ئیلهامی شیعرێ
دەچێتە تەکیەی نزاو نوشتەیەک
٭٭٭
قردێلەی سووری بسکی کتێبێک
دەکەمە دیاری ژوانی ئێواران
دیاری ئەوژوانەی ، لە (چواردەی دوو) ڕا
دەڕژێتە خەندەی سەرلێوی یاران
٭٭٭
قردێلەی سووری کتێبێکی سپی
پیاوێک بۆ مێژوو دەنووسێتەوە
دڵ لەدرەختی دڵ متووربە دەکاو
بۆ ئەوین عیشقی سەوز دەچنێتەوە
***
کتێبێکی سوور لە (ڤاڵانتایین)
چیرۆکی عیشقێک دەگێڕێتەوە
ژوانی ئێوارەش ، سێوی سووری دڵ
وەک دیاری بۆ تۆ دەنێرێتەوە
٭٭٭
سووتان بۆ (تۆ) یەک ، سینەت کردۆتە
مەوتەنی عیشق و ژوان و ژیانم
لەنیگای گەرمی شەرمی سۆزتەوە
لە سۆمای سەوزی ئەوین دەڕوانم
٭٭٭
سۆمای سەوز بۆ، بەهاری ژنێک
لە دڵیا جێگای بۆ کردوومەوە
دڵێ ..ئەودڵەی، بێدڵیم ناکاو..
جێگای سەد دڵی بۆ گرتوومەوە
٭٭٭
سپی سینەو بەرزی گەردن و باڵات
شعوری هەست و هۆشی بڕیووم
خەندەی لێوان و نیگای سیحراویت
دڵسپی جەستەی هەرزان کڕیووم
٭٭٭
مۆسیقای دەنگ و لەرەی گوارەو مەم
سترانی سۆزم پێدەڵێتەوە
مەغزای کتێب و خەیاڵی خامەی
تێکستی عیشقم دەنووسێتەوە
٭٭٭
سەرسینەی سپی و سووری کوڵم و لێو
حەزم ئاڵۆزو هەستم لوول ئەکا
سەرنج ولەرەی ستیانی سێوی
عیشقم بێ عارو دڵ عەجوول ئەکا
٭٭٭
سەرنج وخولیای قەندیلی دڵێک
نیگام دەخاتە سەر درزی مەمکێ
ئەفسوس وڵاتی سنگسپی بەفر
بەخوڕ فرمێسکی لە چاوان دەتکێ
٭٭٭
هۆ ژنە پەمەیی ، .. سوورمە پەنجەکەی
جوانی سروشت و کەژاوەی باران
جوانتر لەپڕووشەی بەفری یەکشەوەی
سەفینە شێتی هەولێری جاران
٭٭٭
ژنێک .. بەپیریی خستمیە داوی
جوانترین عیشقی سەوزی ژینەوە
وەک خۆی گوتەنی : با بۆ (شیعر) بین
لە وەهم و خەیاڵ دوور کەوینەوە
٭٭٭
دەوەرەو لەسەر سنووقی سینەم
دەنگدە بە عیشق و ئیلهامی بەڵێ
ببە .. پڕشنگی خۆری ئومێدو ..
لە نیشتیمانی شیعرمدا هەڵێ [1]
#حەمە ئەحمەد جاف#
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بە هیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=