ناونیشانی بابەت: ئاساییشی دەروونی مامۆستایان، هەنگاوی چارەسەر
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
دوای ئەوەی لەبەر ناڕەزایەتی و بایکۆتی مامۆستایان لە سنووری پارێزگای #سلێمانی# دەرگای قوتابخانە و خوێندنگەکان تا نووسینی ئەم وتارە نەکراونەتەوە و بەداخراوی ماونەوە، چەندین بۆچوون و ڕای جیاواز و دژبەیەک لەسەر ئەو دۆخە هاتنەئاراوە.
لایەنی کاربەدەستان و حکومەت و حیزبەکان یەک لایەن و جەمسەری گرفتەکە لێکدەدەنەوە، ئەویش ئەوەیە گوایە قوتابی و خوێندکاران باجەکەی دەدەن، سەرەڕای ڕەوایی داوای مامۆستایان، بێ ئەوەی لایەنەکانی تر لەبەر چاوبگرێت و کاری لەسەر بکات بۆ چارەسەری ڕیشەیی گرفتەکە، چونکە هەرخۆیان هۆکارن، لایەنی دووەم ئەویش هەرداوای مامۆستایان بەڕەوا دەبینێت، بەڵام تەنیا بۆچوونی لەسەر کێشەکە هەیە و پشتگیری ناڕەزایەتییەکان دەکات، توانای چارەسەری گرفتەکەی نییە.
ئەوەی پێش کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان دەبێت بیری لێبکرێتەوە و هەنگاوی چارەسەری ڕێشەیی بۆ بنرێت، چاککردنی پڕۆسەکەیە بەگشتی و ئاوڕدانەوەیە لەکۆی پرسەکە، بەدانانی فەلسەفەیەکی گونجاوی هاوچەرخی پەروەردەییە کە ئاڕاستەیەکی زانستی و پەروەردەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و.... لەخۆ بگرێت.
بابەتێکیتری گرنگ کە دەکرێ هەنگاوی پێویستی بۆ بنرێت، دۆخی بژێوی مامۆستایان و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویانە، کە پەیوەندییەکی ڕاستەخۆی لەسەر پڕۆسەکە هەیە.
ئاسوودەیی دەروون، هۆکاری سەقامگیری و سەرخستن و بەدیهێنان و گەیشتنە بە ئاکام، بەتایبەت لەناو پڕۆسەی پەروەردەدا، ئەویش بەباشکردن و گۆڕینی گوزەرانی مامۆستایان دەبێت، هەرچی بکرێت بۆ ئاساییشی دەروونی مامۆستایان واتە بەهاناوەچوون بۆ چارەسەری ڕیشەیی دۆخی پەروەردە، لەم قۆناغەدا دەرچەیەکە بۆ ئاڕاستەی دەرهێنان لەودۆخەی پەروەردە کەوتۆتە سوڕی خەوتن و متبوون.
(برایان تریسی) لەبارەی بوونی ئاساییش لەناوناخی تاکدا دەڵێ: (تا زیاتر بەدوای ئاساییشدا بگەڕێیت، کەمترت لێی دەستدەکەوێت) .
لەم وتەیەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت بوونی ئاساییش هەرچەند زۆربێت هێشتا ڕۆحی مرۆڤ تێرناکات و زیاتر داوادەکات.
جگە لەئاساییشی دەروونی چەند جۆرێکیتر لە ئاساییش بوونی هەیە کەهەریەکێک لەوانە گرنگی وبایەخی زۆری هەیە بۆژیانی کۆمەڵایەتی وتاکیش، لای (شەمسی تەبرێزی) ئاساییش پلەکەی زۆرباڵایە، ئەودەڵێ: (
ئاساییش لە خۆشەویستی بەرزترە، بۆیە کاتێک نزیک بیت لێی سەرسام دەبیت، نزیک بوونەوەش دەبێتە هۆکاری دڵنیایی) .
چەند جۆرێکی تر لەئاساییش هەن کە جێی بایەخ و گرنگی پێدانن ئەوانیش ئامانەن:
1-ئاساییشی دەروونی
2-ئاساییشی خۆراک
4-ئاساییشی تەندرووستی
4-ئاساییشی ئابووری
5-ئاساییشی ژینگەیی
6-ئاساییشی ماڵ
7-ئاساییشی مرۆڤایەتی
8-ئاساییشی سەربازی
9-ئاساییشی زانیاری
10-ئاساییشی نەتەوەیی
11-ئاساییشی ئاو
12-ئاساییشی کۆمەڵایەتی
ئەمانەی ئاماژەمان بۆکردوون جۆرەجیاوازەکانی ئاساییشن، بەگشتی کاریگەریان لەسەر ژیان هەیە، هەریەکێک لەمانە کەموکوورتی هەبوو لایەنێکی گرنگی ژیان کەلێنی تێدەکەوێت.
بۆ ئەوەی گرفت و کێشە پەروەردەییەکان بنەبڕبکرێن، پێش هەرهەنگاوێک دەبێت بیر لەسەقامگیری و ئارامی و ئاساییشی دەروونی مامۆستایان بکرێتەوە، ئەگەر ئەمە نەکرێت چۆن خەمی پڕۆسەی پەروەردە هەڵدەگیرێت؟
دڵێکی خۆش و نیگایەکی دووربین و مێشکێکی دوور لە بیرکردنەوەی ئاڵۆزی، هەموویان دەبنە بنەمایەکی پتەو بۆ بەدیهێنانی پلانێکی ڕاست و درووست و نەخشەیەکی گونجاوی زانستی بۆ ئەنجامدانی هەرکاروپلان و پڕۆسەیەکی خواستراو، لەم کاتەدا کە مامۆستایان هیچ دڵیان بە پیشەکایان خۆشنەبێتو هیچ ڕوانگەیەکی باش نەبێت بۆ بینین و هزریان هێندە ئاڵۆزکابێت، چۆن پلان و نەخشە و ڕێگایەک بدۆزنەوە تابتوانن بەباشی وەک توێژێکی گرنگی ناوکۆمەڵگە خزمەت بە قوتابییان و خوێندکاران بکەن؟
=KTML_Bold=مامۆستایان بەسێ مانگ مووچەیەکی کەم وەربگرن، چۆن ئاگایان لەپڕۆسەی پەروەردە دەبێت؟=KTML_End=
بە مەبەستی پشتگیریکردنی کەرتی پەروەردە و باشترکردنی کوالێتییەکەی، زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی مووچەی مامۆستایان و باشکردن وپێشخستنی ژیانیان بە مەبەستی هاندانیان بۆ پێشکەشکردنی باشترین پەروەردە بۆ نەوەکانی ئاییندەیان کە درەوشانەوەی ژیاری و خۆشنوودی بەدیبێت.
ئەمەش بەهێزی سیستمی خوێندن لەو وڵاتەدا بەرز دەکاتەوە و سەیر نابێت کە پێشکەوتووترین وڵاتان لە ڕووی ئابووری و پەروەردەییەوە لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدان کە بەرزترین مووچە بە مامۆستایان لە جیهاندا دەبەخشن.
لێرەدابەباشی دەزانم ڕیزبەندی ئەوووڵاتانە بخەمەڕوو وەک ماڵکپەڕی (anamusafer) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ئەو وڵاتانە زۆرترین مۆچە دەدەن بەمامۆستاکانیان، هەموومان دەزانین ژیان وسیستمی پەروەردە بۆچی لەوووڵاتانەدا ئەوەندە لەپێشەوەیە.
1-لۆکسمبۆرگ 97،808 دۆلاری ئەمریکی
2- سویسر ا 68 هەزار و 849 دۆلاری ئەمریکی
3-ئەڵمانیا 64 هەزار و 289 دۆلاری ئەمریکی
4-هۆڵەندا 59،894 دۆلار
5-کەنەدا 56 هەزار و 422 دۆلاری ئەمریکی
6-کۆماری ئێرلەندا 54،954 دۆلاری ئەمریکی
7-دانیمارک 53 هەزار دۆلار
8-بەلجیکا 49 هەزار و 185 دۆلاری ئەمریکی
9-ئوسترالیا 48،937 دۆلار
10 -کۆریای باشوور 48 هەزار و 181 دۆلاری ئەمریکی
ئەم ڕێژەی موچانە لەو وڵاتانەدا، ئەگەر بۆهەر شوێنێک بەوڕێژەیەی دیاریکراوە دابەشی دوانزە مانگی بکەی بڕێکی زۆرە وکەسی مووچەخۆرسەرەڕای ژیانێکی ئاسوودە و خۆشگوزەران دەتوانێت لە خەڵکی تر باشترژیان بەڕێبکات، بەڵام مامۆستای ئەم هەرێمە بەکام پێوەر وبە چ تەرازوویەک بتوانێت، بەسێ مانگ مووچەیەک وەربگرێت، هەربەشی پێداویستییە سەرەتاییەکانی بکات؟ خەڵک و حکومەتیش داوای پەروەردەیەکی باشی لێبکات، سەرەڕای ئەو هەموو گرفتانەی وەک بەردی خڕحیزبەکان خستویانەتە سەرڕێگەی پڕۆسەی پەروەردە.
بەدڵنیایی دەروونی نائارام و شێواو و شپرزە دەبێت، هەر بۆیە لەئاکامی ئەم وردبوونەوەیو و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی دۆخی ژیانی مامۆستایان و بێباکی حکومەتی هەرێم، دەگەینە ئەوبڕوایەی سیستمی پەروەردە و ئەوپڕۆسەیە گیرۆدەی چەقبەستن و دواکەوتن وێرانی بووە. [1]