ناونیشانی بابەت: ڕۆژانە چەندین سەگی پشدەر بە قاچاغ ئاودیوی ئێران دەکرێت
ئامادەکردنی: #زۆزک تاهیر#
سەگی #پشدەر#، کە بە یەکێک لە نایابترین سەگەکانی #کوردستان# دادەنرێت، خواستێکی زۆری لەسەرە، پزیشکێکی ڤێتێرنەری ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ئەو سەگانە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە ئاودیوی ئێران دەکرێن.
یەکێک لە دانیشتووانی گوندی کانی گوڵانی دەڤەر پشدەری شارەدێی #هەڵشۆ#، کە کاری قاچاخچێتی بە سەگیشەوە دەکات و لە منداڵییەوە سەگی پشدەری بەخێو کردووە، بۆ (باسنیوز) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە باوک و باپیرانیانەوە، پیشەی پەروەردەکرنی ئەو سەگەیان بۆ ماوەتەوە.
لەبارەی بردنی سەگی پشدەر بەقاچاغ لە دەڤەرەکەیانەوە بۆ ئێران، دەڵێت: ”هەموو ڕۆژێک سەگی پشدەری لای خۆمان بۆ ئێران دەڕوات، بەتایبەتیی لای زەڵێ، کە بە قاچاغ و بە ئاسانی دەڕوات، چونکە لەوێ پارە بەوانە دەدرێت کە لەودیوەوە ئەرکی پاسەوانیکردنی سنوورەکەیان لە ئەستۆیە، بۆ هەر سەگێک 5 بۆ 6 ملیۆن تومەن دەدرێت.“
ئەو دانیشتووەی دەڤەرەکە، نایشارێتەوە کە خۆشی سەگی بە ئێرانییەکان فرۆشتووە، دەشڵێت: ”سەگ هەبووە بە 10 هەزار دۆلار فرۆشراوە. ئێرانییەکانیش بە مەبەستی چاککردنی دێڵەکان، شەڕەسەگ و بازرگانی، دەیبەن، تەنانەت سەگی نەخۆش هەبووە بە 6 هەزار دۆلار فرۆشراوە و خۆم فرۆشتوومە.“
لەلایەن خۆیەوە د. بەهجەت تەیفوور عەباس، مامۆستای پێشوو لە بەشی ڤێتێرنەریی زانکۆی سلێمانی، کە ئێستا خانەنشینە و نۆرینگەی تایبەتیی بە سەگی پشدەر هەیە، بۆ (باسنیوز) ، جەختی لەوە کردەوە، کە سەگی پشدەر بۆ هەموو جێگایەک بە قاچاغ دەڕوات، وەک ئێران، تورکیا، تەنانەت بۆ ئەمریکاش، ئەویش بەهۆی سیفاتە باشەکانی ئەو ئاژەڵەیە.
ئەو پسپۆڕە، چەندین توێژینەوەی لەبارەی ئەو سەگەوە کردووە و بۆی دەرکەوتووە: ”ئەو سەگە لە بنەچەدا کوردییە و هیی دەڤەری پشدەرە، هەیە بە هەوشار بانگی دەکات، هەڵەیە و هەوشار شارێکی ئێرانییە، ئەو سەگەش هیی #کوردستان#ی خۆمانە، ئەو سەگەش سەگی شوانە و بۆ شوانی هاوشانی نییە، تا ئێستاش بەکار دەهێنرێت. بەداخەوە بەهۆی بەهێزییەکەیەوە بۆ شەڕەسەگ بەکاری دەهێنن، مەرجی لەسەر دەکرێت.“
ئەو پڕۆفیسۆرە، باسی لەوە کرد، کە جۆری سەگی پشدەر، لە جۆری قەبارە گەورەکانە، لە زۆر وڵات سەگی قەبارە گەورە هەیە، ”کێشی سەگی پشدەر سەرووی 70 کیلۆیە، تا 100 کیلۆش دەڕوا، سەرباری ئەوەش بەشی زۆریان پێنج پەنجەی دەستیان هەیە، لای هاووڵاتییان ئەو جۆرە باوترە، هەرچەند ئەو پێنج پەنجەیە زۆر ڕاست نییە، بەڵام لای هاووڵاتییان ئەوە ڕەواجی لەسەرە.“
سەگی پشدەر نزیکەی پێنج بۆ شەش ڕەنگی هەیە، شینەکەیان باوترینیانە، سپی، زەرد، سوور، ڕەش کە دەگمەنە و باوە، لەگەڵ شین، ئەو سەگە بەگشتی جوڵەی کەمە، بەڵام هێزێکی لەڕادەبەدەری هەیە.
بە قسەی ئەو پزیشکە، جۆرە سەگەکە زۆر شەڕکەر و بەهێزە، بۆ شوانییەتی زۆر گونجاوە، بەڵام ”لە ڕووی مێشکەوە زۆر مێشکی قوورسە، هەستی بۆنیشی قوورسە، وەک جێرمان شیپەرد نییە، بەڵام چەندجاری ئەوان بە هێزترە، بەهۆی ئەو بەهێزییەشەوەیە وڵاتان چاویان لەسەریەتی و دەیانەوێت بنەچەکەی ببەن.“
وتیشی: ”بەداخەوە وەزارەتی کشتوکاڵ هیچ کارێکی نەکردووە، بۆ پاراستنی ئەو سەگە کە بە بنەچە کوردییە، ئێمە زۆر شتمان کردووە بۆ ئەو سەگە، بەداخەوە وەزارەتی کشتوکاڵ یارمەتیشی نەداوین. بۆیە پێویستە سەنتەرێکی گەورە بکرێتەوە، بۆ پاراستنی ڕەسەنی ئەو سەگە بە (DNA) یەوە، هەروەها پیتاندنی دەستکردیان بۆ بکرێت، تا زیاد بکرێن و بە جیهان بناسرێندرێت، دواتر جیپیان بۆ دابنرێت و بزانرێت بۆ کوێ دەیبەن، وڵاتانیش زۆر بەتایبەتیی ئێران و تورکیا زۆر هەوڵیانداوە ڕەسەنی ببەن، بەتایبەتیی تورکیا.“[1]