یەکێتی ناوەندی شەتڕەنجی ئێراق بە هەماهەنگی لقی یەکێتییەکەی لە شاری ڕومادی پاڵەوانێتی شەتڕەنجی یاریزانانی ئێراقی دەستپێکردوو لە دوای یارییەکانی جەولەی شەشەمی ئەو پاڵەوانێتییە هەریەک لە یاریزانان ئاکار عەلی و زۆزگ سەڵاح بە زۆرترین خاڵ لە پێشەنگی یاریزانانی بەشداری ئەو پاڵەوانێتییەن.
سەبارەت بە ئەنجامەکان، ئەسعەد ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری بەشی شەتڕەنجی یانەی پێشمەرگە لە لێدوانێکی تایبەت بە پێشمەرگە سپۆرت وتی ، تیپەکەمان بە 6 یاریزان لەو پاڵەوانێتییەدا بەشدارە کە لە کۆی 46 یاریزان توانیومانە ڕکابەری بەهێز ئەنجام بدەین و دوو لە یاریزانانی ئێمە لە باشترینەکان بن.
ئەسعەد وتیشی ، لە کۆی شەش جەولەی یارییەکان ئاکار عەلی بە 5 خاڵ لە پێشەنگە و هەروەک زۆزگ سەڵاح بە 4، 5 خاڵ پلەی دووەمی ڕیزبەندی یاریزانانی گرتووە.
هەروەک لە درێژەی وتەکانی سەرپەرشتیارەکەی بەشی شەتڕەنجی یانەی پێشمەرگە ئاماژەی پێکرد کە لە دوای 3 جەولەی دیکەی یارییەکان پێنج یاریزانی پێشەنگ دەگەنە قۆناغی کۆتایی پاڵاوتنەکە و لەو قۆناغەدا هەڵبژاردەی ئێراق دیاری دەکرێت.
[1]