سەرلە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی #20-09-2023# و لەنێو بارەگەی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی ئێراق، لیژنەی پێشبڕکێکان لە یەکێتی ناوبراو کۆبوونەوەی هونەری بۆ بەڕێوەچوونی قۆناغی کۆتایی خولی لاوانی تۆپی پێی پلە یەکی یانەکانی ئێراق ئەنجام دا کە شەش یانە تێیدا بەشدار دەبێت.
ئەمە و لەو کۆبوونەوەیەدا کە نوێنەری یانەکانی بەشداری خولی پلە یەکی ئێراق کە بریتیی بوون لە یانەکانی (پێشمەرگە، بەحری، سەناعات کارەبایی، مەسافی ناوەڕاست، دیالە، سەماوە) ئامادەی بوون ئەم بڕیارانە درا سەبارەت بە کۆتا یارییەکانی قۆناغی کۆتایی.
$یانەکان دابەشی سەر دوو کۆمەڵە کران بەم شێوەیە:$
پێشمەرگە، دیالە، سەناعات کارەبایی
بەحری، سەماوە، مەسافی ناوەڕاست
هەروەک بڕیارە یاریەکانی بە شێوازی چوون و هاتن بێت و یەکەمی کۆمەڵەکان دەگەنە ڕیزی نایابی یانەکانی ئێراق و وادەی بەڕێوەچوونی یارییەکان بۆ #25-09-2023# دیاری کراو لە کۆتایش بڕیار دراکە یەکەمی هەردوو گرووپ یاری کۆتایی لە شاری بەغدا ئەنجام بدەن.
جێگەی باسە تیپی تۆپی پێی لاوانی یانەی پێشمەرگە لە یەکەم یاری خۆی لەو قۆناغەدا و لە کاتژمێر 3:30 خولەکی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو کە هاوکاتە لەگەڵ وادەی دەستپێکی یارییەکان لەسەر یاریگەی خۆیدا میوانداری لە لاوانی یانەی دیالە دەکات.
[1]