تیپی تۆپی پێی تازەپێگەیشتووانی یانەی وەرزشی پێشمەرگە هەنگاوێکی گرنگی نا دوایی ئەوەی بە ئەنجامێکی گرنگ لە تیپی تۆپی پێی تازەپێگەیشتووانی یانەی وەرزشی شۆڕیجەی کەرکووکی بردەوە.
کاتژمێر 3:30 خولەکی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە #25-09-2023# و لەسەر یاریگەی خۆی لە ناوچەی فەرماندەیی تیپی تۆپی پێی تازەپێگەیشتووانی یانەی وەرزشی پێشمەرگە میوانداری لە تازەپێگەیشتووانی یانەی شۆڕیجە کردوو دوای یارییەکی بەهێز دواجار کوڕانی پێشمەرگەی سەوز پۆش توانیان بە ئەنجامی 6 گۆڵى بێ وەڵام بردنەوە بەدەست بهێنن.
لە گێمی یەکەم و هەر لە سەرەتاوە هێرشەکانی پێشمەرگە بە چڕی دەستی پێ کرد تا لە خولەکی 20 و لە ڕێگەی (سامی سەعید) گۆڵی یەکەم و پێشکەوتنیان تۆمار کرد، ئەمە و پاش ئەو گۆڵە هەوڵەکانی یاریزانانی پێشمەرگە چڕ تر بووەوە و لە خولەکی 41 (بادینان ئەحمەد) گۆڵی دووەمی تۆمار کردوو گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
گێمی دووەم یاریزانانی پێشمەرگە بە پلانی هێرش بردن چونەوە نێو یاریگە و لە خولەکی 52 دوایی درووست بوونی لێدانێکی سزا (مستەفا عودەی) توانی گۆڵی سێیەم تۆمار بکات، ئەمە و لە خولەکی 68 دووبارە (مستەفا عودەی) توانی گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی تیمەکەی تۆمار بکات و هەروەک لە هەمان گێم و لە خولەکی 76 (ئارام ئومێد) هەگبەی پێشمەرگەی پڕتر کرد بە تۆمارکردنی گۆڵی پێنجەم و پاشان (بادینان ئەحمەد) لە خولەکی 84 گۆڵی دووەمی خۆی و شەشەمی پێشمەرگەکانی تۆمارکرد، لە پاش 4 خولەک هەمان یاریزان لێدانێکی سزای لەدەست داو دواجار ئەنجام بەو شێوەیەو بە 6 گۆڵی بێ وەڵام کۆتایی هات.
بەسەرکەوتنەکەی تیمی تۆپی پێی تازەپێگەیشتووانی یانەی پێشمەرگە توانی بگاتە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین شانبەشانی یانەکانی، (هەندرێن، دەربەندیخان، هەولێر) هەروەک لەو قۆناغەشدا یانەی پێشمەرگە ڕووبەڕووی #یانەی وەرزشی هەندرێن# دەبێتەوە و هەولێر و دەربەندیخانیش بە هەمان شێوە بە یەک دەگەن. [1]