بەشدار موزەفەر
#بۆریس جۆنسن# ، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا ڕایدەگەیێنێت، ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، پاڵپشتی لەو هەنگاوە دەکات کە هەرێمی کوردستان هەڵیدەبژێرێت و ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت لە دەستووری ئێراق ڕێز لە مافەکانی هەرێمی کورستان بگیرێت.
ڕۆژی دووشەممە، 20-11- 2023، بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک پرسیاری لێکرا، ئەگەر ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دان بە سەربەخۆیی کوردستان دەنێت یاخود نا؟ جۆنسن وتی، ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە ئەوە پرسێکی دیموکراسییە بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە، بەڵام سەبارەت بەو هەنگاوەی کە کوردستان هەڵیدەبژێرێت، من دوو شت دەڵێم، یەکەمیان، ئێوە پاڵپشتی ئێمەتان دەبێت، ئێوە پاڵپشتی منتان هەیە، پاڵپشتی بەریتانیاتان هەیە، دووەمیان، ئەو واقیعە دەستوورییەی ئێستا هەیە دەبێت بەتەواوەتی ڕێزی لێبگیرێت بۆ ئەوەی دان بە ئاواتی ڕەوای گەلی کوردستان بنرێت.
بۆریس جۆنس باسی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و وتی، دەبێت بەگوێرەی دەستوور ڕێز لە مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بگیرێت. وتیشی، ئەگەر خەڵک وا هەست بکەن کە بە کەم سەیرکراون یاخود بە شتێکی لاوەکی سەیر کراون و ئەگەر هەست بەوە بکەن کە بەیەکسانی ڕێزیان لێ نەگیراوە، ئەوە دەرئەنجامی خراپی درێژخایەنی دەبێت. لە بەرژەوەندیی حکومەتی بەغدایە کە ئەو پرسە چارەسەر بکات.
جۆنسن لە ساڵی 2001 تاوەکوو ساڵی 2008 ئەندامی پەڕڵەمان بووە. ئەو ساڵە جۆنسن بووە سەرۆک شارەوانیی لەندەن و بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەو پۆستەدا بوو. ساڵی 2015 بووەوە ئەندام پەڕڵەمان.
بۆریس جۆنسن بە بەڵێنی چوونە دەرەوە لە یەکێتیی ئەوروپا بووە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و سەرەتا هەوادار و نێوبانگێکی زۆری هەبوو، زۆرینەی پەڕڵەمانی لە ساڵی 2019 بردەوە.
ساڵی 2019 بۆریس جۆنسن بووە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و دوای ئەوەی ڕووبەڕووی بەگژداچوونەوەیەکی زۆر بووەوە لەگەڵ وەزیرانی کابینەکەی لەبارەی کارەکانی حکومەتەکەی، لە مانگی تەممووزی پار دەستی لەکار کێشایەوە.
جۆنسن پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیران، گۆشەنووسێکی دیار بوو کە بۆچوونەکانی لە ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگراف بڵاودەکردەوە و ساڵانە 316 هەزار دۆلاری وەردەگرت؛ کارێک کە زۆرجار بەو جۆرە باسی کردووە بەلایەوە خۆش بووە و دەکرێت بگەڕێتەوە سەری.[1]