پێم وایە دەمرم
#ڕۆزا حەمەساڵح#
گابریێل گارسیا مارکێز دەڵێت: هەندێک ژن لەنێو ئێمەدا هەن کە بە ڕواڵەت دەژین و هەناسە دەدەن، بەڵام بە ڕۆح زۆر لە مێژە مردوون!
ئەم وتەیەی گابرێل، یەکێک لە نامەکانی ژنە نووسەر و شاعیری ئەمریکی (سیلڤیا بلاس) ی بە بیرهێنامەوە، کە لە پەرتووکی نامەکانی سیلڤیا و لە ڕێکەوتی 29-09-1962 بۆ بیۆشەر، پزیشکە دەروونییەکەی نووسیوویەتی، لە نامەکەدا دەڵێت:
ببوورە کە زۆر دەنووسم، بەڵام ھەر ئەوەم بۆ ماوەتەوە، پێم وایە کە دەمرم و هەست بە بێهیوایی دەکەم. (تێد) بە جێی هێشتم و دوو هەفتەیە نەمبینیوە، ئەو لە لەندەن دەژی و هیچ ناونیشانێکی نییە. دوێنێ شەو بەهۆی ئەم تەنیایی و گۆشەگیرییە، کە منی تەنیووە، هەروەها ئەو باو و بارانەی کە توند خۆی بە پەنجەرەکان دادەکێشا، هەستم بە دڵتەنگی و غەمگینییەکی زۆر دەکرد، هەر بۆیە چوومە نھۆمی سەرەوە، بۆ ئۆفیسەکەی (تێد) تامەزرۆی خوێندنەوەی نووسینەکانی بووم. دۆزیمەوە! شیعری خۆشەویستی هەستیاری بۆ ئەو ژنە نووسیبوو، ئەو ژنەی کە وابەستەی بووە و خۆی بۆ تەرخان کردووە، وەسفی جەستە سپییەکەی دەکات، کە هاوشێوەی عاج سپییە، بۆنە خۆشەکەی، جوانییە تایبەتییەکەی، بۆی نووسیووە کە لە دونیایەکی جوانیدا دەژی و دەچێتە ئەوێ بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات.
زیاتر بۆی دەنووسێت و دەڵێت: ئێستاکە ئەو لە ئەختەبوتەکەی چواردەوری پەنجەکانی ڕزگاری بووە.
ئەوەندە شیعری جوانی بۆ نووسیووە، لە کاتێکدا من خەریکە لێرە دەمرم. هەست دەکەم کە ناشرینم، قژە بژ و ئاڵۆسکاوەکەم، لوتە زلەکەم و مێشکە شۆردراوەکەم. تەنیا خودا خۆی دەزانێت کە چۆن هەوڵی مانەوە و خۆڕاگری دەدەم.
*سیلڤیا بیری تێدی مێردی دەکات و تامەزرۆی بینینێتی، هەر بۆیە بڕیار دەدات کە بچێت بۆ ئۆفیسەکەی، ڕەنگە لەناو نووسینەکانیدا شتێک بدۆزێتەوە کە تامەزرۆیی بۆی بشکێنێت و حەسرەتی دابڕانی تێر بکات! بەڵام شۆک دەبێت کاتێک نامەکانی مێردەکەی دەبینێت کە بۆ مەعشوقەکەی نووسیووە و تیایدا وەسفی سیلڤیای هاوسەری بە ئەختەبوت دەکات!
بوختەیەک لە ژیانی سیلڤیا بلاس
سیلڤیا بلاث لە 27-10-1932 لە ویلایەتی ماساتشوستس لە ئەمریکا لەدایکبووە، لە زانکۆی سمیس و زانکۆی نیونهام لە کامبریج خوێندوویەتی، لە ساڵی 1956 لەگەڵ شاعیر تێد هیۆز هاوسەرگیری دەکات، سەرەتای هاوسەرگیرییان لە ئەمریکا دەژین، دواتر دەڕۆنە وڵاتی بەریتانیا. دوو منداڵیان دەبێت بە ناوەکانی فریدا و نیکۆلاس.
پەرتووکی نامەکانی سیلڤیا، باس لە ژیانی نووسەر لەنێوان ساڵانی 1940-1963 دەکات. سیلڤیا هەر لە تەمەنی منداڵییەوە باوکی لە دەستداوە، دایکی نەخۆشی خەمۆکی هەبووە، بێبەش بووە لە هەست و سۆز و خۆشەویستی دایک و باوکی و ئەمە کاریگەریی لەسەر دەروونی کردووە و بە درێژای ژیانی ئەمیش وەک دایکی لە خەمۆکیدا ژیاوە.
لایەنی قووڵتری ئەم هەڵچوونە دەروونیانەی کە هەیبووە، پەیوەست بووە بە پەیوەندی نێوان خۆی و هاوسەرەکەی. کاتێک سیلڤیا بە پەیوەندی نێوان هاوسەرەکەی تێد لەگەڵ ژنە شاعیر (ئاسیا واڤێڵ) دەزانێ، بە وازهێنانی تێد لە خێزان و دوو منداڵەکەی، سیلڤیا تێکدەشکێت و نائومێد دەبێت و دوای ساڵێک خۆی دەکۆژێت.
سیلڤیا لە 11-02-1963 لە تەمەنی سی ساڵیدا بە خنکاوی لەناو چێشتخانەی ماڵەکەیدا دەدۆزرێتەوە، ئەو ڕۆژە پەرستارەکەی بۆ یارمەتیدانی سیلڤیا لە چاودێری منداڵەکانی دێت، دەبینێت سەری لەناو فڕنەکەدایە و بەهۆی ژهراوی بوونی بە یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن گیانی لەدەست داوە. خاولی تەڕی لەژێر دەرگای چێشتخانەکە داناوە بۆ ئەوەی بەربەستێک لەنێوان چێشتخانە و ژووری منداڵەکانیدا هەبێت و منداڵەکانی ژەهراوی نەبن.
سیلڤیا بلاس هەر لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای نووسینی هەبووە، وەک خۆی دەڵێت تەنیا نووسین بووە کە لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا هاوکاری بووە و تروسکەیەک ئومێدی پێبەخشیووە، سیلڤیا 445 شیعری نووسیوە، لە ماوەی ژیانیدا تەنیا یەک کۆمەڵە شیعری بڵاوکردۆتەوە بە ناوی (زەبەلاح و شیعرەکانی تر) و ڕۆمانێک بە ناوی (زەنگۆڵە شوشەکە) و کۆمەڵە چیرۆکێک بۆ منداڵان.[1]