ئەحمەد ڕامبۆ، بە ڕووداوی ڕاگەیاند، هەرچەند فیلمەکە پێشتر لە سینەماکانی #هەولێر#، #سلێمانی#، #دهۆک# و #کەرکووک# نمایشکراوە، بەڵام بەشێکی زۆر لە خەڵکی داوای بینینی فیلمەکەیان کردووە، بۆیە ئەویش بڕیاریدا لە کەناڵی تایبەتیی خۆی لە یوتیوب بڵاوی بکاتەوە.
چیرۆکی فیلمەکە لەلایەن ئەحمەد ڕامبۆ نووسراوە، لە سیناریۆیی سەعید مەحموود و دەرھێنانی حەسەن عەلییە و بەرهەمی 2016یە، تۆڕی میدیایی ڕووداو سپۆنسەری میدیایی نمایشی فیلمەکە بوو لە سینەماکاندا.
لەم بەرهەمەدا جگە لە ئەحمەد ڕامبۆ کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، هەریەک لە لیۆنی زیومر، ئەکتەری ئەڵمانی و شەمەم حەسەن، ئەکتەری ئێراقی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
عەبدولی حەمەجوان، عادل عەبدولڕەحمان، کاوە قادر، نیگار عوسمان، عەبدولڕەحمان محەمەد، مازن محەمەد، کارزان سەڵاح، ئەحمەد سەعەد، عەبدوڵڵا محەمەد و ھەنار کامەران ڕۆڵی کارەکتەرەکانی دیکەی نێو فیلمەکە دەگێڕن.
'سڵاو پێشمەرگە' چیرۆکی داستانێکی پێشمەرگە لە وەرزی زستاندا لە کوردستان دەگێڕێتەوە و تیشک دەخاتە سەر ڕۆژنامەڤانێکی ئەڵمانی کە بۆ گواستنەوەی ھەواڵی شۆڕشی کورد ھاتووەتە باشووری کوردستان، لەو کاتەی جیھان لە شۆڕشی کورد و ئەو ستەمەی بەرانبەری دەکرێت بێئاگا بووە.
ڕژێمی #بەعس# کاتێک دەزانێت ئەو ڕۆژنامەڤانە بیانییە بۆ ڕووماڵی چالاکییەکانی پێشمەرگە لە کوردستانە، ھەوڵی دەستگیرکردنی دەدات، بەڵام ھێزێکی پێشمەرگە لە دوای شەرێکی دژوار ڕزگاری دەکەن و دەیگەیێنێتە سنووری باکووری کوردستان.
ئەم بەرهەمە لە یەکەم بەشداریی نێودەوڵەتییدا لە 2017، بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان، لە بەشی پێشبرکێی سەرەکیی چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەکشندا لە ئیسپانیا بەشداربوو، لەگەڵ نۆ فیلمی وڵاتانی دیکە لە کێبرکێدا بوو و لە ئەنجامدا توانی خەڵاتی باشترین سپێشەل ئیفێکت وەرگرێت.
هەروەها ئەم بەرهەمە لە ھەشتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کوردستان، خەڵاتی باشترین دەرھێنەری وەرگرت.
کاری بەرھەمھێنانی فیلمەکە لە ئەستۆی کۆمپانیای 'گۆڵدن سپۆرت'ی ئەحمەد ڕامبۆیە، پویان کەفیلی، بەڕێوەبەری وێنەگرتنی بووە و نیعمەت نارنج کاری مۆنتاژی بۆ کردووە.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە چیای سەفین، ھیزۆپ و دۆلی سماقولی وێنەگیراوە، ماوەکەی یەک کاژێر و 44 خولەکە. [1]