تەنیا ئەحمەد
باسیمە کچە کوردێکە و ناوی لە لیستی 100 ژنی کاریگەر و ئیلهامبەخشی جیهانە کە لەلایەن (بی بی سی) یە بۆ ساڵی 2023 هەڵبژێردراوە. ئەو کۆمپانیایەکی ژینگەیی هەیە و بە ڕووداوی ڕایگەیاند، دۆخی کەشوهەوای کوردستان جێگەی دڵخۆشی نییە. پێشبینیی دەکرێت لە چەند ساڵی داهاتوو لە ئێراق، 300 ڕۆژ لە ساڵێکدا خۆڵ ببارێت.
ڕۆژی دووشەممە، 27-11-2023، باسیمە عەبدولڕەحمان لە بەرنامەی نووڕۆژی ڕووداو میوان بوو و وتی، لە ڕێگەی (بی بی سی) یەوە پەیوەندیم پێوەکرا و داوایان کرد هەڤپەیڤینێکم لەگەڵ بکەن. پڕۆسەکە چەند مانگێکی خایاند، تێیدا من و چەند ئافرەتێکی دیکە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کرا؛ پرسیارەکان لەبارەی دەستکەوت، کار و چالاکییەکانمان بوو.
تۆڕی جیهانیی (بی بی سی) ناوی 100 ژنی وەکوو ژنانی کاریگەر و ئیلهامبەخشی جیهان لە ساڵی 2023 بڵاوکردەوە. لە لیستەکەدا 28 کەسایەتیی ژنی کاریگەریی جیهانی تێدایە کە لە بواری ژینگە و گۆڕانکاریی کەشوهەوا کار دەکەن. یەک لەو کەسانە باسیمە عەبدولڕەحمانە.
باسیمە دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کۆمپانیای 'کەسک'ە کە یەکەم کۆمپانیای تەکنەلۆژیای سەوزە لە ئێراق و باشووری کوردستان و کار لەسەر پەرەپێدانی بیناسازیی گونجاو لەگەڵ ژینگە دەکات، لە ساڵی 2018 دامەزراوە.
لە بارەی کار و چالاکییەکانی کۆمپانیاکەی بە ڕووداوی گوت، بیرۆکەی کۆمپانیاکەم بریتییە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاریی بیناسازیی سەوز و کەڵک وەرگرتن لە وزەی خۆر.
لە وەڵامی پرسێکدا کە کارەکانیان لە کوێ دەکرێن؟ وتی، کۆمپانیاکەم دوو نووسینگەی هەیە؛ یەکێک لە هەولێر و یەکێکی دیکە لە بەغدا، ئێمە لە هەموو ئێراق کاردەکەین، لە دهۆک تا بەسرە. لانی کەم لە هەموو پارێزگایەکی ئێراق پڕۆژەیەکمان کردووە و خەڵک لە هەموو ئێراق داوای خزمەتگوزارییەکانمان دەکەن.
بەگوێرەی باسیمە، دۆخی کەشوهەوای کوردستان جێگەی دڵخۆشیی نییە، هەموو هاوینێک دەبینین کە پلەی گەرما بەرزتر دەبێتەوە. جیاوازییەکی زۆر لەنێوان پلەی گەرمیی پار لەگەڵ 10 ساڵ لەمەوبەر هەیە. ئاستی ئاو بەردەوام کەمدەبێتەوە، وشکەساڵی هەیە و هەموو ئەوانە کاریگەریی لەسەر کەشوهەوا درووستدەکەن.
باسیمە لە بارەی وشکەساڵیی ئێراق هۆشداریی دا، پێشبینیی دەکرێت لە چەند ساڵی داهاتوو، بەهۆی وشەکساڵییەوە، 300 ڕۆژ لە ساڵێکدا خۆڵ ببارێت. ئەمەش کاریگەریی دەخاتە سەر ڕێژە و ناوچەی سەوزایی لە ئێراق. هەروەها، شارەزایان پێشبینیی دەکەن لە ماوەی 40 ساڵی داهاتوو دوو ڕووبارە گەورەکەی ئێراق بەتەواوی وشکبن.
باسیمە عەبدولڕەحمان ساڵی 1986 لە بەغدا لەدایکبووە. دایک و باوکی کوردن. باسیمە و خێزانەکەی لە ساڵی 2006ەوە لە باشووری کوردستان دەژین. ساڵی 2011 بۆ خوێندن چووەتە ئەمریکا و لە بواری ئەندازیاریی بیناسازی خوێندوویەتی. دوای تەواوکردنی خوێندن، ساڵی 2015 گەڕاوەتەوە.
ئەنجوومەنی بیناسازیی سەوزی ئەمریکا ساڵی 2016، باسیمە عەبدولڕەحمانی وەکوو کەسێکی پیشەیی متمانەپێکراو ناساند.
باسیمە عەبدولڕەحمان، لەنێوان ساڵەکانی 2019 تاوەکوو 2022 ئەندامی دەستەی ڕێکخستنی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بووە و دوای شەڕی داعش هاوکاری نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراقی کردووە.
دوای بڵاوبوونەوەی ناوی 100 ژنی کاریگەریی جیهان، باسیمە عەبدولڕەحمان لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، شانازی بەوە دەکات ناوی لە لیستی 100 ژنی کاریگەریی جیهاندایە.[1]