پاش بەدەست هێنانی پلەکانی یەکەم لەپاڵەوانێتی پیشەگەرانی موایتای و گەیشتن بە ڕیزی پیشەگەران، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە #02-10-2023#، لەنێو بارەگەی سەرەکی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بەڕێز حاکم #مەحمود ئەحمەد موراد# جێگری سەرۆکی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بە ئامادەبوونی هەریەک لە (م.شێرزاد محەمەد حەسەن سکرتێری یانە، م.ئیبراهیم قاسم ڕاوێژکاری وەرزشی سەرۆکی یانەی پێشمەرگە، موسا ڕەئوف، زرنگ سەڵاح، کەلسوم محەمەد و نەشمیل محەمەد) ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانە، پێشوازی کرد لەپاڵەوانانی مواتایی یانەکەیان.
لەو دیدارە وەرزشییەدا کە بەرهەم محەمەد ڕاهێنەری تیمەکەی پێشمەرگە ئامادەی بوو، سەرەتا جێگری سەرۆکی یانە پیرۆزبایی لە هەرسێ پاڵەوان، (مونزر عەلی ئەحمەد، باڵا فاخر وەهاب و بەهزاد محەمەد ساڵح) کرد کە توانیان پلەی یەکەم لەپاڵەوانێتی پیشەگەران بەدەست بهێنن جگە لە وەرگرتنی پشتێنی نێودەوڵەتی یارییەکە.
ئەمە و بەڕێزیان پاڵپشتی یانەی بۆ یارییە تاکەکان دووپات کردەوە و وتی، ئێوە بەشێکن لە خێزانی یانەکەمان و ئەنجامەکانیانی بەرز نرخاند کە لەپاڵەوانێتییە نێو خۆی و دەرەکییەکانی وڵاتاندا بەدەستیان هێناوە.
پاشان خەڵاتی تایبەتیی یانەی پێشمەرگەی پێشکەش بە یاریزانان کردوو هیوای بەردەوامی زیاتری بۆ خواستن لە یارییەکەیاندا.
جێگەی باسە باڵا فاخر لەپاڵەوانێتی عەرەبی توانی پلەی سێیەم بەدەست بهێنێت و هەرچی مونزر عەلی بوو لەپاڵەوانێتی ئێراق و پاڵەوانێتی پڕۆفیشناڵ پلەکانی یەکەمی لەدەست نەدا و بەهزاد محەمەدیش بە پلەی یەکەم و وەرگرتنی پشتێنی نێودەوڵەتی لەو پاڵەوانێتییەدا.
[1]