بۆچی گرنگە، پەکەکە لە لیستی تیرۆری ژاپۆن دەرکرا؟
نووسینی؛ #نیازی برایم#
فاشستێکی تورک لە پلاتفۆرمی X چی نووسیبوو؟
ژاپۆن وەک دەوڵەتێکی گرنگ لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان، هەر بڕیارێک بدات کاریگەریی دەبێت، چونکە جیهان ئێستا بە دووری و نزیکی و گەورە و بچووکی جوگرافیاکەی ناپێورێت، بەڵکوو بە کاریگەرییە سیاسی و سەربازیی و ئابوورییەکانی، بۆ نموونە تایلەند لە چاو چین هێجگار بچووکە، لێ لە بواری جیوپۆلیتک و ئابوورییەوە لە هاوکێشە جیهانییەکان لە وڵاتە گرنگەکان هەژمار دەکرێت. نموونە زۆرە.
لە ڕۆژی دامەزراندنی پەکەکە، کە لەسەر ئاستی جیهاندا نوێنەرایەتی 70 ملیۆن کورد دەکات، ژاپۆن لە لیستی تیرۆری خۆیدا، دەرکرد.
$بۆچی گرنگە$
🟢 ژاپۆن یەکێکە لەو حەوت وڵاتە ئابوورییە بەهێزەی دنیا کە ناسراوە بە G7.
🔴 پەیوەندی ئەمەریکا و ژاپۆن، پەیوەندییەکی سیاسی، سەربازیی و ئەمنییە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە ژاپۆن، کە لە کانوونی دووەمی 1960 ئیمزاکرا، سیاسەتی دەرەوەی لەژێر هەژموونی ئەمەریکا دایە. ژاپۆن سێ دوژمنی دیرۆکی هەیە، کۆریای باکوور، چین و ڕووسیا، کە هەرسێ دەوڵەت ناکۆکن لەگەڵ ئەمەریکا، بۆیە بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە ژاپۆن، قەڵایەکە بۆ مانەوەی ژاپۆن و سەقامگیریی سیاسی و پێشکەوتنی ئابوورییەکەی. کاتێک ژاپۆن، پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەردەهاوێژێت، هیچ گومانی تێدانییە ئەمەریکاش ڕازی بووە یا لانی کەم گرینی لایتی پێداوە. ئەمەش بەواتا:
1- ئەمەریکا وەک سزا، سزایەکی توندی تورکیادا لە پای ئەو هەڵوێستانەی کە ئەردۆگان دژی ئەمەریکا ئەنجامی دەدات.. نامەوێت لێرەدا وردەکاریی باس بکەم.
2- لۆبی ئیسرائیل، لە ئەمەریکا و ژاپۆنیش کاری خۆیکرد، بۆ تۆڵەکردنەوەی خۆی لەو هێرش و پەلامارەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، چونکە وەک دەزانرێت، ئێران و تورکیا لە پشت بەکاربردنی حەماس بوون بۆ هێرش و پەلامارەکەی 7ی ئۆکتۆبەر.
ئەمەریکا بۆچی هەنگاوێکی وەک ئەوەی ژاپۆن ناهاوێژێت، هۆکار زۆرن، لە گرنگترینیان بوونی تورکیایە لە ناتۆ.
🟡 گرنگی دیکەی ئەم بڕیارەی ژاپۆن، حیساب نەکردنە بۆ بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا، پێدەچێت ژاپۆن حیسابی بۆ کاردانەوەکانی تورکیا سەبارەت بەم بڕیارە کردبێت. پاش تاوتوێکردنی، دەرکردنی ئەو بڕیارە قازانجی زێدەتر بووە وەک لە زیان.
🔵 ژاپۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرژەوەندیی ستراتیژیی هەیە، ئەو ڕاستییە دەبینێت کە پەکەکە فیگەرێکی گرنگە لە ناوچەکە، بۆیە پەیوەندی لەگەڵ پەکەکەی بە گرنگتر زانیوە لە وڵاتێکی نەژادپەرست و فاشی وەک تورکیا. کاتێک پەکەکە دەردەکات لە لیستی تیرۆر، بەواتا بە ناراستەوخۆ دانانی تورکیایە لە لیستی ئەو دەوڵەتانە کە پشتیووانی لە تیرۆر دەکەن.
🟤 ئەم کردەیەی ژاپۆن، سەلمێنەری ئەوەیە کە دیپلۆماسییەتی پەکەکە، کە بە دیپلۆماسییەتی گەل دەناسریت، کارایە. کوردانی دیاسپۆرا بەتایبەتیی لە ژاپۆن، ڕۆڵ و کارلێکی گەورەیان داناوە لەسەر کۆمەڵگەی ژاپۆنی. کاتێک پێش چەند ساڵێک، زانکۆی تۆکیۆ بەشی زمانی کوردی دادەنێت، گرنگی گەلی کورد و ڕەوەندەکەی لە ژاپۆن بینیوە. کاتی خۆی ئەم هەنگاوەی ژاپۆن بووە هۆی نارەزایەتی دەوڵەتی تورکیا. ژاپۆنییەکان لەوەدا زانیان تورکیا وڵاتێکی فاشست و نەژادپەرستە و خەباتی پەکەکەیان بە خەباتێکی ڕەوا بینی.
🟣 خاڵێکی دیکە، کارەکتەری کەسێتی ژاپۆنییەکان بە شێوەیەکی گشتی دابڕاون و زوو بەزوو تێکەڵ بە کۆمەڵگەکانی دیکە نابن، ئەوەش هۆکارگەلێکی هەیە، نامەوێت باسی بکەم، لێ کاتێک لە ڤیدیۆکانی کوردان لەو وڵاتە چاو دەدەینێ، دەبینین، جۆرە هەماهەنگی و پێکەوەیی دەبینین. ئەم خاڵە دەکرێت وەک خاڵێکی پۆزەتیڤ بۆ ڕەوەندی کوردان لە ژاپۆن هەژماری بکەین. دواتر ئەمە کاریگەریی دەبێت لەسەر پارت و گرووپە سیاسییەکان کە پەڕڵەمان و حکومەت پێکدەهێنن. یاساکانی ژاپۆن بۆ پەنابەریی هیجگار قوورسن تەنانەت لە 1٪ کەمتر لە کۆی ژمارەی پەنابەرەکان وەک پەنابەری ڕەسمی وەردەگیرێن. کوردیش لەو ڕەوشەدا بێبەش نین، لێ لە ئاستی کۆمەڵگە، جۆرێک لە سۆز و ڕێزگرتن هەیە.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، بۆ کورد و بزاڤە شۆڕشگێرەکەی، ئەو بڕیارەی ژاپۆن گرنگە و دەشبێت ئەو هەوڵ و خەباتەی کە لە ژاپۆن ئەنجامیدا، لە شوێنەکانی دیکەش، وەک ئەمەریکا و کەنەداش ئەنجام بدرێت.
🟢 فاشیستێک نووسیبووی: ئەوەتا ژاپۆن پەکەکەی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا، دەوڵەتیش لە خەوی قووڵدایە! فاشیستەکانی تورک بەو بڕیارە دنیایان لێهاتۆتەوە یەک. کەواتە دەستکەوتێکی گەورەیە و بۆ ئێمەی کورد گرنگە.
[1]