هەر پێکانێک یاخوود برینداریەک یاخود نەخۆشییەک لە بەشەکانی قولەپێدا ئازار و ناڕەحەتی درووستدەکات، کە ئەویش پێکهاتووە لە ئێسکەکانی قاچ و پێ، بەستەرەکان، ماسوولکە و ژێی ماسوولکەکان، و شانە نەرمەکانی دەوروبەریدا.
دکتۆر ھەڤین کەمال شا محەمەد، پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازار شکاندن هۆکارەکانی درووستبوونی ئازاری قولەپێ و گرنگترین چارەسەرەکانی خستوەتەڕوو.
=KTML_Bold=گرنگترین ئەو هۆکارانەی ئازاری قولەپێ درووستدەکەن:=KTML_End=
- لەجێچوون و ئازارگەیشتن بە قولەپێ بەهۆی بادانی قولەپێ لە کاتی وەرزش یاخود کەوتن یاخود جوڵەیەکی هەڵە.
- پێکان و شکانی یەکێک یان زیاتر لە یەکێک لە ئێسکەکانی قولەپێ.
- هەوکردنی ژێی ماسوولکەکانی دەوری قولەپێ.
- هەوکردنی کیسی بێرسای دەوریزێی ماسوولکەکانی قولەپێ و تێزانی ئاو تیایاندا و هەڵاوسان.
- داخورانی جومگەی قوولەپێ کە ئەمیش بەهۆی خراپ بەکارهێنان و ئەزێتدانی جومگەکەوە بەتایبەت لە کەسی سەروو شەست و پێنج ساڵدا یاخود بەهۆی نەخۆشی ڕۆماتیزمەکانەوە.
- فلات فووت یاخود ئەو کەسانەی بنی پێیان تەختە و قەوسی تەواویان نییە.
- نەخۆشی دەردەشاهانە و دەردەشاهانەی درۆزن دائل ملوک.
- نەخۆشی لوپەس کە حاڵەتێکی دەگمەنە و ئازاری جومگەکان درووستدەکات.
- هەوکردن و سووربوونەوەی خانەی پێستی قوولەپێ یاخود هەوکردنی ئێسکەکان بەهۆی بەکتریاوە.
=KTML_Bold=دەستنیشانکردن:=KTML_End=
لە ڕێگای پشکنینی سەریری لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە و هەروەها هەندێکجار لە هەندێک نەخۆشیدا پێویستی بە ئەنجامدانی هەندێک پشکنینی خوێن هەیە وەک لە حاڵەتی دەردەشاهانە و ڕۆماتیزم، ئەنجامدانی سۆنەر و تیشکی ئێکس ڕەی بۆ زانینی هەر هەوکردن و شکانێک لە بەستەر و ئێسکەکاندا، ئەگەر بەم پشکنینانە نەتوانرا دەستنیشانبکرێن ئەوا دەبێت تیشکی تەنووری بگیرێت.
=KTML_Bold=چارەسەرکردن:=KTML_End=
- پشوو هەر کاتێک تووشی پێکان بویت دەبێت پشووی پێبدەیت و هەوڵ بدەیت قاچ و پێیەکانت بە بەرزی ڕاگریت.
- دانانی سەهۆڵ یاخود پاکی سارد بۆ ماوەی پانزە خولەک لە شوێنی ئازارەکە، نابێت لە بیست خولەک زیاتر بێت کاتەکەی.
- بەستنی باندج یاخود کیفی قولەپێ بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنەکە، بەڵام ئاگاداربە نابێت زۆر بەتوندی ببەسترێت.
- بەکارهێنانی دەرمانی دژە هەوکردنە ناستیرۆیدەکان کە هەوکردن کەمدەکەنەوە و ئازاریش ناهێڵن، بەڵام نابێت بێ ڕای پزیشکی پسپۆڕ بخورێت چونکە زیانی هەیە لە هەندێک کەسدا بەتایبەت ئەوانەی کێشەی دڵ و گورچیلەیان هەیە.
- لە هەندێک حاڵەتدا کە هەوکردن و ئاوتێزان ڕوودەدات لە جومگەکەدا پێویستی بە ڕاکێشانی ئاو دەکات لە جومگەکە و هەروەها ئەنجامدانی دەرزی دژە هەوکردن بۆ جومگەکە.
- ئەنجامدانی دەرزی پلازما لەکاتی برینداربوونی بەستەر و ژێی ماسوولکەکانی دەوری قوولەپێ کە ئەمیش لەوانەیە سێ جەلسەی بوێت.
- چارەسەرکردن بە ئامێری شۆک وەیڤ بۆ جومگەکە و بەستەر و ژێی ماسوولکەکانی دەوروبەری کە هەوکردن و کلسی زیادە و داخوران ناهێڵێت، ئەمیش پێویستی بە چەند جەلسەیەک هەیە.
- چارەسەری سرووشتی و ئەنجامدانی وەرزشی تایبەت بۆ بەهێزکردنی ماسوولکە و بەستەری دەوری قولەپێ.
- نەشتەرگەری کە لە هەندێک حاڵەتی شکان و پچڕانی بەستەر و ژێی ماسوولکەکان پێویست دەکات.
=KTML_Bold=ئەو کەسانە کێن کە ئازاری قولەپێیان زیاتر بۆ درووست دەبێت؟=KTML_End=
1. ئەو کەسانەی کە هەندێک وەرزش دەکەن کە ڕێژەی پێکان زۆرە تیایاندا وەک فوتبۆڵێن و ئەو وەرزشانەی بازهەڵدان و ڕاکردنی زۆری تیادایە.
2.ئەو کەسانەی تەمەنیان سەروو پەنجا ساڵە.
3. ئەو کەسانەی کێشی جەستەیان زۆرە و فشارێکی زۆر دەخەنە سەر قولەپێیان.
4. ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی زۆر بەپێوە دەوەستن. [1]