تەمەن
ئەی تەمەنی پڕئەسرینم ، ئەڕۆی ئاوڕ نادەیتەوە
لەگەڵ هەموو هەنگاوێکتا، لە عومری من ئەسڕیتەوە
خۆزگە منیش وەک پەپولە، گشت تەمەنم وەرزێک بوایە
دور لە خەم و تاڵی ژیان، تەنیا گوڵم بناسیایە
ڕێگام سەودای تەنیاییە و کەسێک نایەت بۆ سەردانم
ئیتر چیبکەم لەم تەمەنە، کە لە هەمووی پەشیمانم
لە گریانی منداڵیما، پێکەنینم بە خەم ئەهات
کەچی ئێستا خەم دەریایە و، بۆ کەنارم شەپۆل دەدات
لە سەد جارا تەنیا جارێ، زەردەخەنە دێتە میوان
وەک سێبەری لای ئێوارەی خۆرنشینی دارئەرخەوان
ئەی هاوڕێیان چاوم نوقمی نیگارێکی پڕبەهارە
تاسەم وەری بەڵام هێشتا خۆشەویستیم هەر بێدارە
ئێستاش گەڵای عومری گەنجیم وەکوو پایز هەڵوەریوە
کێ وەکوو من تەم و غوبار پەنجەرەکەی داپۆشیوە
دیوانی #تەمەن#
#ئەحمەد محەمەد#
[1]