ئەوەی ڕوونە لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرما، ئازاری ماسوولکە و جومگەکان زیاد دەکات، بەتایبەتیی لە بەتەمەنەکان و ئەوانەی کە ڕۆماتیزم و کێشەی جومگەیان ھەیە، ئەویش بەھۆی ئەوەی کە پەستانی ھەوا کەمدەبێتەوە، کە بەپێی توێژینەوە پزیشکییەکان دەبێتە ھۆی کشانی ماسوولکەکان، ئەمەش پەستان دەخاتە سەر جومگەکان و ئازار و ڕەقبوونیان تیادا درووستدەکات، خواردنی تەندرووست یەکێکە لەو ڕێگا
چارە سرووشتییانەی کە بەسوودن بۆ کەمکردنەوەی ئازاری جومگە لە زستان و وەرزی سەرمادا.
=KTML_Bold=دکتۆر ھەڤین کەمال شا محەمەد، پسپۆڕ لە زانستی ئازار و بەنج ئاماژە بە ھەندێک لەو خۆراکانە دەکات کە بەسوودن:=KTML_End=
1. ھەرزن یاخود داروجان؛ لە ڕووی پێکھاتەی خۆراکییەوە دەوڵەمەندە، ھەروەھا گلوتینی تیادا نییە، بە ڕێژەیەکی زۆر ماددەی (کیورستین)ی تیادایە کە دژە ھەوکردنێکی بەھێزە، کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو ئازاری جومگەکان ناھێڵێت.
2. بەھارات و سەوزە و مزرەمەنیەکان؛ زۆربەی توێژینەوەکان سەلماندویانە کە کاریگەرییەکی زۆر باشیان ھەیە لەسەر تەندرووستی جومگەکان، وەکوو؛ زەردەچەوە، زەنجەفیل، مەعدەنووس ، پیاز، سیر، تور، شویت، چەوەندەر و سەوزە گەڵا تۆخەکان.
3. ماست: کاریگەریی نەرمکردنەوە و ساردکردنەوە و دژەھەوکردنی ھەیە، کە ئازاری جومگەکان کەمدەکاتەوە، جگە لەوەی سەرچاوەیەکی باشی کالسیۆمە، کە گرنگە بۆ بنیاتنانی ئێسکێکی تەندرووست و بەھێز.
4. میوەجات و بێرییەکان: میوەجاتەکان وەکوو؛ سێو، لیمۆ، پرتەقاڵ، گێلاس، توتڕک، قەیسی، کە ڕێژەیەکی زۆر دژەھەوکردنی تیادایە، کە یارمەتیی لەش دەدات بۆ نەھێشتنی فری ڕەدیکاڵەکان و کەمکردنەوەی ھەوکردن و ئازاری جومگەکان.
5. ئۆمێگا-3؛ ئەو خواردنانەی ڕێژەیەکی زۆر لە ئۆمێگا-3یان تیادایە یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکان، لەبەر ئەو خاسییەتی دژەھەوکردنەی کە ھەیەتی. وەکوو؛ ماسی بەتایبەت تونا، سەلمون، چەرەساتەکان، شیرەمەنییەکان، سەوزە گەڵا تۆخەکان، ئەڤۆکادۆ، زەیتی ڕوەکیەکانی وەکوو؛ زەیتی تۆوی کەتان، زەیتی سۆیا، زەیتی کانولا.
گرنگە ئەو کەسانەی کە ئازاری جومگەیان زیاد دەکات لە زستاندا، ھەوڵدەن جومگە بە ئازارەکە گەرم ڕابگرن و تەڕی نەکەن و بە باندج یاخود سپلینتی تایبەت دایپۆشن. [1]