سەروای چی بکەم؟ نوونە
لە گفتوگۆی شەوی دوێنێ حەبیبم دابڕا چی بکەم؟
شەرارەی ئاتەشی فیرقەت لە سینەم هەڵگڕا چی بکەم؟
وتی من لات ئەڕۆم و شەمعی ڕوم خامۆش ئەکەم من وتم
دڵەی پەروانەکەی من گەر لە دەورت هەڵسووڕا چی بکەم؟
تەماشاکەن چلۆن دەشت و دەرم گرتۆتە بەر یاران
وەکو مەجنوون سەرم بۆ حەبلی لەیلا داخڕا چی بکەم؟
لە زیندانی دڵا ئەو دولبەرم کۆت کردووە نەڕوا
ئەگەر وەک بولبولێ دەرچوو لە دەسم و هەڵفڕا چی بکەم؟
ئەڵێن جانانە تەشریفی بەرەو لای ئێمە دێ قوربان
لە خۆشی وەسڵی گەر ئارام و سەبرم لێ بڕا چی بکەم؟
کە سەیری کردەوی خۆم کرد وتم یاڕەب سییا چارم
هەموو کات خۆم نەگەوزێنم لە ناو خاک و قوڕا چی بکەم؟
هەتا ﮪەم شاکرم بەو نیعمەتەی خودا کە پێی داوم
ئەگەر ڕازی نەبم خەڵقە ، لە نێو بەرگی شڕا چی بکەم؟
سڕی عیشقم بە دڵ پاراستبوو ئابڕووم نەچێ (نوونە)
بە بەدناوی کە ناوی من لە دنیادا زڕا چی بکەم؟
کێشی شیعر (هەزەج)
نوونە [1]