نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی یەکەم:
ئەرژەنیی؛ ئەرژەنگ؛ ئەرجەن؛ هڵێن؛ دێو؛ دیو؛ دێوەزمە؛ خێو؛ غوول؛ غۆل؛ خوول؛ خووڵ؛ حوول؛ حۆل؛ حۆیل؛ هوول؛ هوولە؛ هەوولا؛ هەیولا؛ هەیوەلا؛ دێبا؛ دیڤە؛ دەعبا (دابة-عربی) .
لە زمانەکانی تریش هەیە وشەی دێوانە و دین کە واتای شێتن؛ لە وشەی (دێو) ەوە هاتوون.
وشەی ئەرجەن هەر دەچێتەوە سەر وشەی جن؛ بەڵام ماناکەی گۆڕاوە.
نەڕەدێو: دێوی بەهێز.
مێردەزمە: مۆتەکە؛ ئارختک؛ شەڤپەست؛ سرنجک؛ گازگەور؛ گازڕان؛ گاجاڕ؛ خرنجک؛ خەفتەک؛ مۆتە؛ بەرخەفک؛ بەرخەفەج؛ بەختەک کابووسیشی پێ دەوترێت؛ کە ئەمەیان لەگەڵ (قابض) هاوڕیشەیە و مانای گرتن دەدات؛ مەبەست لەوەیە کە قورگ دەگرێت! بەڵام وشە عەرەبییەکە مانای گۆڕاوە بۆ (فریشتەی گیانکێشان) .
(خەفتەک؛ بەرخەفک؛ بەرخەفەج) واتە: ئەوی لە کاتی خەفتن دێتە گژت.
ئارختک واتای ترسێنەرە لە (ئارخ) ەوە هاتووە.
ئایشەگوێدرێژ: دێوێکی گوێ زل و درێژی منداڵ فڕێن بووە.
باسی وشەکانی (مێردەزمە) و (مۆتەکە) و (ئایشەگوێدرێژ) م لە سێ وتاردا کردووە.
بەڵام شایانی ئاماژەیە کە بڵێم؛ وشەی (مێردەزمە) بێ لەوەی بە مانای (مۆتەکە) دێت؛ بەردێکیشە کە پیاوان زەم دەکەن لە بەرزکردنەوەیدا و نیشانەیەک بووە بۆ دەرخستنی بوون بە پیاو؛ پێشی وتراوە (بەردەعازەبە) .
مۆکڵ؛ ئاڵ؛ ئاڵە؛ هاڵ؛ هاڵە؛ یاڵ؛ یاڵە؛ شەوە؛ شەڤە؛ شەوێ؛ شەشەیی: جنی زەیستان و ساواکوژ.
هووک؛ هووکڵ: ساهل؛ ساێل؛ تورندی؛ جنۆکە؛ جن؛ جند؛ جنیی؛ جندۆکە؛ ژنۆکە؛ ئێن نەچێ؛ ئێن گۆنێ؛ ئەجندە؛ ئەجننە؛ ئەجنە؛ عەجنە؛ ئەوانگەل؛ میەسڵ؛ لەمەچێتر؛ مەچێتر؛ ێن ژمەچێتر؛ ژمەچێتر؛ زمەچێتر (از ما بهتران-فارسی)
(هووک؛ هەوک؛ هووکن؛ کەڵهوو) کە بە شێت دەوترێت؛ لەم (هووک؛ هووکڵ) ەوە هاتووە.
پێشم وایە؛ (هوکڵ) و (مۆکڵ) دەچنەوە سەریەک.
وشەی جنوون و مەجنوونیش لە وشەی (جن) ەوە هاتوون.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]