نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی سێیەم:
عووج: بوونەوەرێک یان مرۆڤێکی زۆر زەبەلاح بووە؛ پێی لە زەمیی و سەری لە هەوران بووە. (لە وتارێکدا باسی ئەم عووجەم کردووە)
قژبەسەرە؛ قژنەسەرە؛ سەرقژن؛ سەرکڕنیک: جۆرێک جنۆکەی سەر و بژ تێکچڕژاوی ناشیرینە.
مەرجانەی جادوو: ئافرەتێکی جادووکەرە لە چیرۆکەکاندا هاتووە؛ بە پیرێژنی ئۆینکاریش دەوترێت.
فریشتە: مەلەک؛ مەلکە؛ مەلەکە (ملائکة-عربی) پێکهاتەی وشەی (فریشتە) بە مانای نێردراو دێت. ئەگەری زۆرە؛ وشەی (مەلەک) مانای (فڕندە) بدات و لە وشەی (مەل) ەوە هاتبێت. واتە وشەکە لە کوردییەوە چووبێتە ناو زمانی عەرەبییەوە چوونکە ناوی فریشتەکانیش بە گشتیی عەرەبیی نین و چوونەتە ناو زمانی عەرەبییەوە وەک (جوبرائیل؛ ئیسرافیل؛ میکائیل؛ ...) واتە وشەی (ملائکة؛ ملائک) ی عەرەبیی؛ کۆی وشەی (ملک) ە وەک (ملک الموت) دا هەیە.
گورنەتەڵە: نێوێکە لە چیرۆکی کوردەوارییدا؛ پێم وایە وشەیەکی تەوسە؛ ناوێکی گەورەیە بۆ کەسێکی بچووک؛ پێم وایە وشەکە بە واتای گورگ ترسێن دێت.
گور: گورگ
نەتەڵە: ترسێن
پەتیارە: ناوی دێوێکی خراپەکارە؛ لە ئادینی زەردەشتییدا وشەکانی (ئەبتەر: شێتۆکە) ؛ (ئەبداڵ: شێت) (پەتەڕیی؛ پەتیارە: شێت؛ سەرگەردان) لەم ناوی دێوەوە هاتوون.
ئاسیمە؛ ئایشمە: ناوی دێوێکی خراپەکاری ئادینی زەردەشتیی بووە (ئاسیمەن؛ ئاسمانیی؛ ئاسین: شێت) لە ناوی ئەم دێوەوە هاتووە.
پێمێرد: گیانگیر؛ گۆنگیر؛ ئیزرائیل؛ (ملک الموت) ؛ فریشتەی گیانکێشان؛ ئیفلیت؛ ئیفنیت؛ ئیڤنی؛ ئیڤنیک؛ ئێڤنویتە: دێوی گەورە و زەبەلاح؛ بە خوازە بە مرۆڤی کەتە و زەلامیش دەوترێت لە عەرەبییدا (عفریت: جنۆکەی بەهێز و باڵادەست) .
پەرتووکی:#فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]