نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی چوارەم:
پیرهەڤۆک؛ پیرعەبۆک؛ پیرهەڤیی؛ پیرهەبۆک؛ پیرەبۆک؛ پیرەبۆتک؛ پیرەڤۆک؛ پیرلک: دێوێکی پیری مێینەی خراپەکاری خاوەن تەڵسمە، ئەم دەڵەدێوە، وەک پیرێژنەکەی ناو فیلم کارتۆنی (دەنکە هەنارە) وایە؛ بەڵام جیاوازییان ئەوەیە؛ ئەمی خۆمان چنگەکانی لە ئاسنن؛ بۆیە پێشی دەوترێت (پیرا چەنگ هەسن) ؛ هێرش دەکاتە سەر منداڵی مرۆڤ هەروەها ئاژەڵانیش؛ بۆیە پێشی دەوترێت؛ (پیرا مرۆڤ خۆر؛ پیرا مالخۆر) .
ڕمووزن: درنج؛ هەڵامەت؛ عەلامەت: دێوی ناشیرین و ترسێنەر بە کەسی ناشیرینیش دەوترێت.
وەک لەو پەندەدا هاتووە: (کەری خۆی لێ بووە بە ڕمووزن) چیرۆکی ئەو پەندەم لە وتارێکدا باس کردووە.
(پیرەمێرد) لە پەندە هۆنراوەیەکدا دەڵێت:
ئەو دەمە بەختم لێ بوو بە دوژمن
کە کەرە دێزەم بوو بە ڕمووزن
وشەی ڕمووزن و عەلامەت؛ مەبەست لە شکڵێکی ناجۆر و ناشیرین و بیچمی درووستکراوی وەک (داوەڵ) ه.
هەر بۆیەش؛ (داوەڵ) یش؛ بە مانای (هەڵەمەت؛ ڕەشک) یش دێت.
ئەژدیها: بەرانبەر وشەی (دراگۆن) دەوەستێتەوە بە ماری گەورە و زەبەلاحیش دەوترێت. هەژیا؛ ئەژیا.
هەژیها؛ هەژدیها ئەژیی: ئەژدی؛ هەژی؛ هەژیا؛ حەژیی؛ حەزیی؛ حەزیا؛ حەفیی وشەکە لە عەرەبییدا بووە بە (حي: مار)
بوڕاق؛ بۆڕاق: ئەسپێکی باڵدارە کە پەیامبەر (د.خ.) لە شەوڕەوییەکەدا؛ پێی فڕیوە بۆ ئاسمان.
مەلکەزان: فریشتەی زۆربوونی دەخڵودان و زاووزوو.
بیست و چاری ئازارێ
مەلکەزان هاتە خوارێ
سەری دارێ بنی دارێ
تێرەخوارا ماکێ و کارێ
خدری زیندە: بە وتارێک باسیم کردووە.
سەرپان: جنۆکەی جادووکەران کە شتیان بۆ دەکات.
شاماران: ئەم بوونەوەرە ئەفسانەییە؛ دەگەڕێتەوە بۆ چەند هەزار ساڵ لەمەوبەر؛ ئەم بوونەوەرە زۆری لەسەر نووسراوە؛ بۆیە؛ ڕوونکردنەوەی بە پێویست نازانم.
پەرتووکی:#فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]