نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی پێنجەم:
کڵاوی سەخری جن: لە چیرۆکی فۆلکلۆرییدا هەیە؛ کە کەسێک کڵاوی سەخری جن لەسەر بکات؛ ئیتر کەس نایبینێت! وشەی جن بە واتای نادیار هاتووە؛ وشەی (جن؛ جنۆکە)ش هەر ئەو مانایەی هەیە.
(سەخر) کڵاوێکی قوچەکییە بە گوڵینگی سەر سەخر دەوترێت بان سەخریی.
هەنبانەبۆرینە: هەنبانەیەکی جادوویی بووە؛ دەستیان تێدا گێڕاوە و هەرچییان ویستبێت؛ تێیدا بووە!
جادووبەند: مەدالیایەکی سندوقیی گرانباییە لە ئاڵتوون و زیو؛ نووشتە و جادووی تێدا هەڵدەگیرێت.
شێرداڵ: ئانزوو؛ بوونەوەرێکی ئەفسانەییە؛ بریتییە لە شێری باڵدار؛ وێنەی ئەم شێرداڵە لە جێماوە دیرۆکییەکاندا دەبینرێت.
هوما: باڵدەی قەقنەس؛ سیمرغ؛ نێوی لە وێژەی کلاسیکیی کوردییدا زۆر دەبینرێت.
هوما؛ نێوی باڵندەیەکی خەیاڵییە باڵندەیەکی زەبەلاحی خۆشئاوازە و عاشقی دەنگی خۆیەتی! ئەم باڵندەیە؛ دەوترێت 500 یان 1000 ساڵ دەژی و کاتێک هەست دەکات کۆتایی تەمەنێتی؛ دەچێتە بەرزاییەک و باڵەکانی کە مادەی مسیان تێدایە؛ لێکیان دەخشێنێت؛ گڕی تێ بەردەبێت و خۆی دەسووتێنێت؛ لە سووتانەکەیەوە هێلکەیەک چێ دەبێت و دیسانەوە دەتروکێت و دەبێتەوە بە قەقنەس، باڵندەکە هێمای گەورەیی و مەزنییە. سووتانەکەشی وەک سووتانی (مۆم) بە مەزنیی لێکدراوەتەوە.
هەر لەم ئەفسانەیەوە سوود لە وشەی (قەقنەس) وەگیراوە؛ بە واتای سووتانی تەواوەتیی و بە قەرەبرووت بوون.
نێوی ئەم باڵندەیە؛ لە عەرەبییدا (العنقاء)ە.
بە ئینگلیزیی(phoenix)
لای تورک(Qonrul)
لای چینییەکان فینگهوانگ (凤凰)
لە فارسییدا قەقنووس و قەقنەس.
عەنقاء لە (عنق)ەوە هاتووە؛ بە مانای گەردن؛ مەبەست لەوەیە باڵندەیەکی گەردن درێژە ناوی فینیکس لە وشەی (فینیکیی؛ فینیقیی)ەوە هاتووە؛ هەربۆیە لە زمانی عەرەبییدا پێشی دەوترێت (الطائر الفینیقي).
واتە وەک ناوی تەیرەنئەبابیل وایە؛ کە مانای باڵندەی بابلییەکانە؛ یان وەک ناوی عەلەشامیی؛ کە لە هەر جێیەک؛ ناوەکەی دەخرێتە پاڵ وڵاتێکی تر؛ وەک لە عەرەبییدا دەترێت (دیک رومي) ئەم باڵندەیە لە زۆر ئەفسانەی گەلانی جێهاندا؛ هاتووە لەوانە (عەرەب و ئێران و ئۆروپا بەگشتیی و چین) و زۆریان بە پیرۆزیان داناوە.
لە کتێبی (فرهنگ اشارات)بەرگی دووەم؛ هاتووە: وشەی قەقنەس؛ عەرەبێنراوی وشەی (کوکنوس)ی یۆنانیی و لاتینییە.
لە زمانی لاتینییدا (cycnus) یان (cygnus) بە واتای (قوو) دێت کە جۆرە باڵندەیەکی ناسراوە.
میسرییە کۆنەکان وێنەی هومایان خستووەتە پاڵ باڵندەی شاوەسوڵتانیی؛ شاوەبەڵەک (واقواقکەرە).
کوولەکەی ڕۆح: لە ئەفسانەی کوردییدا؛ جادووگەران دەتوانن ڕۆحی مرۆڤ لە ناو گۆزەدا یان کوولەکەدا بەند بکەن (کوولەکە وەک دەفر بە کار هێنراوە) هەروەها توانیویانە ڕوحی مرۆڤ بگوێزنەوە بۆ جەستەی گیاندارێک. وەک مار؛ ئاسک؛ کۆتر.
هەروەها جادووگەران ڕۆحی خۆیان لە کوولەکەیەکدا هەڵگرتووە و پاراستوویانە؛ بۆیە هەتا ئەو کوولەکەیە نەشکایە؛ نەدەتوانرا ئەو جادووگەر و خراپەکارە بکوژرێت جا ئەگەر ئەم کوولەکەیەی ڕۆحەکەی تێدایە؛ بشکایە؛ ئەوا کەسەکە دەمرد؛ بۆیە ئەگەر کەسێک شتێکی زۆر خۆش بوێت و بیپارێزێت؛ دەڵێن (دەڵێی کوولەکەی ڕۆحێتی) بێکەسی شاعیر لە هۆنراوەیەکی منداڵاندا دەڵێت:
تۆ تۆپی یاریکردنی
وەک کوولەکەی ڕۆحی منی
وەک کوولەکەی ڕۆحی منی
واتاوەک کوولەکەی ڕۆح لەلام خۆشەویستیت.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]