نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی حەوتەم:
شۆڕان؛ شۆڕانیی: گوڵێکی ئەفسانییە؛ وەکوو چلچرا دەئایسێ و دەوروبەری خۆی ڕووناک دەکاتەوە و دەیکات بە چراخان؛ دەوترێت ئەم گوڵە لە عومان هەیە.
هەل: فریشتەی پارێزەری دارستان. بازیبەند؛ بازووبەند؛ بازبەند؛ بازووبەن؛ قۆڵبەن: پەتێک یان نووشتوویەک کە بە ڕشتەکێکەوە بە قۆڵەوە دەکرێت؛ بۆ پارێزگاریی مرۆڤ.
هەروەک بازووبەند بتکەمە باڵم
هێشتا پێم دوورە هاوار بە ماڵم) (فۆلکلۆر)
واتە ئەگەر وەک بازووبەند (قۆڵبەند) کە پەتێکە بتبەستم بە باڵیشمەوە هێشتا بەلامەوە دووریت! حەز دەکەم لێمەوە نزیکتر بیت!
کشتەک: خۆی مانای پەت و قەیتان دێت. بەو پەت و قەیتانەش دەوترا کە وەک نووشتە دەیانبەست بە قۆڵ و مەچەکەوە لە قۆڵیان دەبەست بۆ چاوونفوس لە مەچەکیان دەبەست بۆ لەرزوتێ.
ملەوەن لە مل دوعا وەبن باڵ
لاکە بەم لاوە؛ بووم بە کۆی زووخاڵ
ماری سەمەندەر: مارێکی ئەفسانەییە؛ گوایە لەناو ئاگردا دەژی (سەمەندەر) کراوە بە ناوی یەکێک لە چەشنەکانی قۆڕیلەش.
فەیلەقووس: بێ لەوەی بە مانای فەیلەسووف بە کار هێنراوە. وتراوە ئەو شارە بووە؛ بە ژێر دەریاچەی زرێبار لە مەریوان کەوتووە، ئێستا شوێنی تریش هەیە هەر لە مەریوان بە ناوی فەیلەقوسەوە.
پێم وایە هاڵ لە (آل) ی عەرەبییەوە هاتووە کە مانای تراویلکەیە کە وشەی ئاڵەک و ئاڵەکە/ئالەکە هەر لەمەوە هاتوون
ئالەکە: ڕەشکەوپێشکە؛ تەراخوما.
ئالەک: تانە و پەڵەی سەر چاو؛ بە مانای پەڵەی ڕوخسار (هنارۆک؛ ڕووهنارۆک) یش هاتووە.
هنارک: سەر گۆنا.
ئالەک: پێش چاو؛ سەرگۆنا و بەر چاو.
(ڕووچک) بە مانای دەموچاو (ڕوخسار) یش بە کار هێنراوە.
ئاڤسین: ئاوسین؛ چاوچڵە؛ چاوچۆلە؛ چاوچۆڵە؛ چاچۆل؛ جاچۆڵ: نوشتەی چاوبەست؛ نووشتەیەکی چاوەزار بوو؛ دەکرا بە پەلەوەر و مەڕوماڵاتەوە! چڵە واتە چەپەڵ؛ پیس چاوچڵە واتە چاوپیس.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]